دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئەو هاوەڵانەی ناویان (عومەر) بووە

عومەرى كوڕی حەكەم (رضي الله عنه)

ناوى عومەرى كوڕی حەكەمى سەلەمیە، عومەردەڵێت چوومە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) كەنیزەكێكم شوانەیی دەكرد، منیش چووم بۆ لاى و بەدواى مەڕێكدا دەگەڕام، پرسیارم لێكرد، ئەویش وتى گورگ كوشتی، منیش زۆر خەفەم پێ خوارد و زللەیەكم دا لە دەموچاوی، جا ئازادكردنى كۆیلەیەكیشم لەسەرە، ئایا ئازادى بكەم؟ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە كەنیزەكەكەى فەرموو خوا لە كوێیە؟ وتى لە ئاسمانە، فەرمووى من كێم؟ وتى تۆ پێغەمبەرى خوایت، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى ئازادى بكە چونكە ئەو باوەڕدارە.[1]

دەوترێت دواجار عومەر لە ساڵی پەنجاو حەوتى كۆچیدا وەفاتى كرد.[2]

عومەرى كوڕی سوفیان (رضي الله عنه)

ناوى عومەرى كوڕی سوفیانى كوڕی عەبدولئەسەدى مەخزوومیە، یەكێكە لە كۆچەرانى حەبەشە.[3]

عومەرى كوڕی عەمر (رضي الله عنه)

ناوى عومەرى كوڕی عەمرە، یەكێكە لە موسڵمانبوانى فەتحى مەككە، كاتێك موسڵمان بوو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى پێكرد یەكێك لەو پێنج ژنەى تەلآق بدات كە هەیبوو، ئەویش وایكرد.[4]

عومەرى كوڕی عومەیر (رضي الله عنه)

ناوى عومەرى كوڕی عومەیری كوڕی عەددیە، لە پشتیوانانەو لە زۆرێك لە غەزاكانى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) بەشدار بوو.[5]

 

عومەرى كوڕی لاحیق(رضي الله عنه)

ناوى عومەرى كوڕی لاحیقەو فەرموودەیەكى لە پێغەمبەرى خواوە(صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە كە دەفەرموێت (ئەوەى دەست لە داوێنی بدات دەستنوێژی نیە).[6]

عومەرى كوڕی مالیك(رضي الله عنه)

ناوى عومەرى كوڕی مالیكی كوڕی عوتبەی قوڕەیشیە، باوكى سەعدى كوڕى ئەبی وەققاصە، لە فەتحى مەككەدا ئینجا موسڵمان بوو، لە خیلافەتى عومەرى كوڕی خەططابدا بەشدارى فتووحاتى كرد.[7]

 

عومەرى كوڕی موعاویە(رضي الله عنه)

ناوى عومەرى كوڕی موعاویەیە، عومەر دەڵێت جارێك لە كەنار پێغەمبەرەوە(صلى الله عليه وسلم) بووم كە كەسێك هات بۆ لاى و وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) چی دەفەرمویت بەرامبەر بە كەسێك كە هیچ سامانێكی نیە بۆ خێر و تواناى جیهادیشی نیە؟ دەبینێت خەڵكی نوێژ دەكەن و جیهاد و صەدەقە دەكەن، كەچی ئەو هیچ كام لەوانە ناتوانێت؟ فەرمووى (خێر بڵێت و واز لە خراپە بهێنێت، خوا لەگەڵ ئەوانەدا دەیخاتە بەهەشتەوە)، كابرا وتى ئەگەر سامانیشی نەبوو؟ فەرمووى (ئەگەر سامانیشی نەبوو و منیشی بەسە بۆ ئەوە).[8]

عومەرى كوڕی ئەبی سەلەمە(رضي الله عنه)

ناوى عومەرى كوڕی ئەبى سەلەمەی كوڕی عەبدولئەسەدە، دایكی ناوى ئومموسەلەمەیە كە دایكی باوەڕدارانە، ئەم هاوەڵە لە ساڵی دووی كۆچی لە حەبەشە لەدایك بوو، دواتر هاتە مەدینە و لەوێ ژیا تا لە سەردەمى خیلافەتى عەلى كوڕی ئەبووطالیبدا لەناو سوپاى عەلیدا بەشدارى جەنگى جەمەلى كرد  و دواتر لە ساڵی هەشتاو سێی كۆچیدا هەر لە مەدینە وەفاتى كرد.[9]

عومەر دەڵێت رۆژێك لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خواردنێكم دەخوارد، خەریك بووم لە چەند لایەكى قاپەكەوە دەمخوارد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرمووم (لەبەر خۆتەوە بخۆ)،[10] لە گێڕانەوەیەكى تردا روونتر هاتووەو دەڵێت فەرمووى (ناوى خوا بێنەو بە دەستی راستت بخۆ و لەبەر خۆتەوە بخۆ).[11]



[1] - أسد الغابة، ج4، ص 156.

[2] - أسد الغابة، ج4، ص 156.

[3] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 591.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 593.

[5] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 593.

[6] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 4382،

[7] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 595.

[8] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 4374.

[9] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 592.

[10] - صحيح البخاري، الرقم 5067.

[11] - صحيح مسلم، الرقم 3860.

 1274
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.