دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئەو ژنە هاوەڵانەی ناویان (حەبیبە) بووە

حەبیبەى كچى جەحش (رضى الله عنها)

ناوى حەبیبەى كچی جەحشە، خوشكی دایكی باوەڕداران زەینەبی كچی جەحشە، بەڵام زیاتر بە ئوممو حەبیبە ناسراوە، ژنی عەبدوڕەحمانى كوڕی عەوف بوو.[1]

حەبیبە خوشكێكى تریشی هەبوو بە ناوى حەمنە كە ژنی موصعەبی كوڕی عومەیر بوو و دواى كوژرانى موصعەب شووی كرد بە طهلحەى كوڕی عوبەیدوڵا.[2]

هەریەك لە حەبیبەو حەمنە تووشی حەیز دەبوون و حەیزیان درێژخایەن بوو، ئوممو حەبیبە هاتە خزمەت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و سەبارەت بە حەیز پرسیارى لێكرد، چونكە حەوت ساڵ حەیزی لەگەڵ بوو، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (هذا عرق)، (ئەوە خوێن رۆیشتنە) نەك حەیز، فەرمانیشی پێ كرد خۆی بشوات،[3] دایكی باوەڕداران عائیشە دەڵێت ئیتر هەموو جارێك بۆ هەموو نوێژێك خۆی دەشۆرد و دەچووە ناو تەشتێكی گەورە دادەنیشت و سووری خوێنەكەى زاڵ دەبوو بەسەر رەنگى ئاوەكەدا، ئینجا دەچوو نوێژی دەكرد،[4] لە ماڵی زەینەبی خوشكیدا خۆی دەشۆرد.[5]

شافیعی سەبارەت بەو خۆشۆردنەى بۆ هەموو نوێژێك دەڵێت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) فەرمانى پێ نەكرد بۆ هەموو نوێژێك خۆی بشوات، بەڵكو ئوممو حەبیبە خۆبەخشانە و بە ویستى خۆی ئەوەى دەكرد.[6]

بەڵام بێدەنگبوونى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لە ئاست ئەو خۆشۆردنەى ئومموحەبیبە بۆ هەموو جارێك بەڵگەیە لەسەر رەوایی ئەو خۆشۆردنە، ئەگەرنا پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) رێی پێ نەدەدا بە تایبەت كە بۆ خۆشۆردنەكە دەچوویە ماڵی زەینەبی خوشكی كە ماڵی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بوو.

حەبیبەى كچى حوصەین (رضى الله عنها)

ناوى حەبیبەى كچی حوصەینى كوڕی عەبدوڵایە، مێردەكەى ناوى سائیبى كوڕی ئەبی سائیب بوو، كوڕەكەشی ناوى عەبدوڵا بوو، هەریەك لە حەبیبەو سائیب و عەبدوڵاى كوڕیان هاوەڵی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بوون.[7]

حەبیبەى كچى خاریجە (رضى الله عنها)

ناوى حەبیبەى كچی خاریجەیە، لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان، دایكی ناوى هوزەیلەى كچی عوتبەیە،[8] حەبیبە هاوسەری خەلیفەى یەكەمى باوەڕداران و نزیكترین هاوەڵی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و موژدەپێدراوى بەهەشت ئەبووبەكرى صدیقە.[9]

كاتێك پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كرد و بەیعەت درا بە ئەبووبەكرى صدیق، ئەبووبەكر لە ماڵی حەبیبەى ژنى لە ناوچەى سونح بوو و لە مزگەوتى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دوور بوو، ئەوەبوو ماوەى شەش مانگ لە خیلافەتى رۆژانە بە پێ یان هەندێ جار بە سوارێك دەچوو بۆ لاى مزگەوت و دواتر دەگەڕایەوە بۆ ماڵی ئوممو حەبیبە.[10]

كاتێك ئەبووبەكر لە سەرەمەرگدا بوو حەبیبە سكى پڕ بوو بە ئومموكلثومى كچی ئەبووبەكرەوە، ئەبووبەكر وتى هەرچی سەیر دەكەم ئەم سكەیان كچ دەبێت، هەر وایش بوو.[11] دواى وەفاتى ئەبووبەكرى صدیق شووى كرد بە خوبەیبى كوڕی ئەساف.[12]

حەبیبەى كچى سەهل(رضى الله عنها)

ناوى حەبیبەى كچی سەهلى كوڕی ثهعلەبەیە،[13] لە پشتیوانانە،[14] خوشكێكی هەبوو بە ناوى روعەینە، دایكیان ناوى عەمرەى كچی مەسعوودە.[15]

پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ویستى ئەم ئافرەتە بەهاوسەر بگرێت، بەڵام بە هاوسەری نەگرت، دواتر ثابتى كوڕی قەیسی كوڕی شەمماس بە هاوسەری گرت.[16]

ثابتى كوڕی قەیسی كوڕی شەمماس هاوەڵی دیارى ناو پشتیوانان و وتاربێژیان بووە، هەروەك وتاربێژی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بوو.[17]

بەرەبەیانێك كە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) دەچوو بۆ نوێژی بەیانى، لە بەردەرگاكەیدا حەبیبەى كچی سەهلى بینى، فەرمووى (چیتە؟) كێشەت چیە؟ ئەویش وتى نە من و نە ثابتى كوڕی قەیس-یانى پێكەوە نامانكرێت-، دواتر ثابت هات بۆ لاى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى ئەوە حەبیبەى كچی سەهلە هاتووەو چی روویداوە باسی كردووە، حەبیبە وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) چی پێداوم لام ماوە، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) بە ثابتى فەرموو (لێی وەربگرەوە)، ئەویش لێی وەرگرتەوە، ئینجا حەبیبە چوویەوە بۆ ماڵە باوانى خۆی.[18]

لە گێڕانەویەكى تردا هاتووە ثابتى كوڕی قەیس كەسێكى ناشیرین بوو، حەبیبە وتى ئەى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) سوێند بەخوا ئەگەر لە ترسی خوا نەبوایە كە دەهاتە ژوورەوە تفم دەكردە ناوچاوى، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ئایا باخەكەى بۆ دەگێڕیتەوە؟) وتى بەڵێ، ئەوەبوو باخەكەى گێڕایەوە بۆ ثابت و  پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لە یەكى جیاكردنەوە.[19]

شەوكانى دەڵێت ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەى ئەگەر هاتوو ئافرەتەكە حەزى نەكرد لەگەڵ پیاوەكە بمێنێتەوە، پیاو بۆی هەیە لە ئافرەتەكە بریتی وەربگرێت.[20]

حەبیبەى كچى ضهحاك(رضى الله عنها)

ناوى حەبیبەى كچی ضهحاكى كوڕی سوفیانە، ژنى عەبباسی كوڕی میرداسە.[21]

حەبیبەى كچى عەمر(رضى الله عنها)

ناوى حەبیبەى كچی عەمرى كوڕی حیصنە، ئەم ئافرەتە موسڵمان بوو و بەیعەتى دا بە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم).[22]

حەبیبەى كچى قەیس(رضى الله عنها)

ناوى حەبیبەى كچی قەیسی كوڕی زەیدە، لە پشتیوانانە، موسڵمان بوو و بەیعەتى دا بە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم).[23]

حەبیبەى كچى مەسعوود(رضى الله عنها)

ناوى حەبیبەى كچی مەسعوودى كوڕی خالیدە، موسڵمان بوو و چوویە خزمەتى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و بەیعەتى پێدا.[24]

 

حەبیبەى كچى موعتیب(رضى الله عنها)

ناوى حەبیبەى كچی موعتیبى كوڕی عوبەیدە، ئەم ژنە خێزانى بیسری كوڕی حارث بوو و دایكی بورەیرە بوو.[25]

حەبیبەى كچى مولەیل(رضى الله عنها)

ناوى حەبیبەى كچی مولەیلی كوڕی وەبرەیە، ئەم ئافرەتە لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان، ژنی فەروەى كوڕی عەمرە، ئەم ئافرەتە چوەتە خزمەت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و بەیعەتى پێداوە.[26]

حەبیبەى كچى نەبیهـ(رضى الله عنها)

ناوى حەبیبەى كچی نەبیهی كوڕی حەججاجە، ژنى موطهلیبى كوڕی ئەبی وداعەیە، كچێكى هەبوو كە ناوى نا حەبیبە.[27]

حەبیبەى كچى ئەبوو سوفیان (رضى الله عنها)

ناوى حەبیبەى كچی ئەبوو سوفیانە، كچی ئەبووسوفیانى كوڕی حەرب نیە، چونكە هەندێ كەس كەوتوونەتە ئەو هەڵەوە و وا دەزانن بە كچی ئەبووسوفیانى كوڕی حەربە دەڵێن خۆ ئەو كچی نەبووە بە ناوى حەبیبە، ئیبن حەجەر ئەوە یەكلا دەكاتەوەو دەڵێت ئەم ئافرەتە كچی ئەبوسوفیانێكی ترە كە رەچەڵەكى باس نەكراوە، لە ماڵی عائیشە بووەو خزمەتى كردووە.[28]

حەبیبە دەڵێت من لە ماڵی عائیشە دانیشتبووم كە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) هاتە ژوورەوەو فەرمووى (ما من مسلمين يموت لهما ثلاثة أطفال لم يبلغوا الحنث إلا أدخلهما الله الجنة بفضل رحمته إياهم[29] (هەر ژن و پیاوێكی موسڵمان سێ منداڵی باڵغ نەبوویان بمرن ئەوا بە هۆی رەحمەتى خواوە بۆ ئەو مندالآنەیان خواى گەورە ئەو ژن و پیاوە دەخاتە بەهەشتەوە).

لە گێڕانەوەیەكى تردا هاتووە حەبیبە دەڵێت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ما من مسلمين يموت لهما ثلاثة من الولد أطفال لم يبلغوا الحنث إلا جيء بهم حتى يوقفوا على باب الجنة فيقال لهم ادخلوا الجنة أنتم و آباؤكم[30] ( هەر ژن و پیاوێكی موسڵمان سێ منداڵیان بمرن كە نەگەیشتبوونە تەمەنى باڵغی، ئەوا لە رۆژی دواییدا دەهێنرێنە بەردەرگاى بەهەشت و پێیان دەوترێت بچنە بەهەشتەوە خۆتان و دایك و باوكتان).

لە گێرانەوەیەكى تردا هاتووە (منداڵەكان دەهێنرێنە بەردەرگاى بەهەشت و پێیان دەوترێت بچنە بەهەشتەوە، ئەوانیش دەڵێن ئێمە بچینە بەهەشت و باوك و دایكمان نەیەنە بەهەشت؟ ئێنجا پێیان دەڵێت بچنە بەهەشتەوە خۆتان و باوك و دایكیشتان).[31]

حەبیبەى كچى ئەبی تجرات (رضى الله عنها)

ناوى حەبیبەى كچی ئەبی تەجراتى عەبدەریە.[32]

ئەم ئافرەتە دەگێڕێتەوە دەڵێت لە شوێنێ بووم لە نێوان صەفا و مەروەدا، پێغەمبەرى خوام (صلى الله عليه وسلم) بینی كە خێرا دەرۆیشت و بە هاوەڵانى دەفەرموو:

(اسعوا فإن الله كتب علیكم السعی)، (پەلە بڕۆن چونكە خوا سەعى-پەلەرۆیشتنى كاتى صەفاو مەروە-ى لەسەر نووسیون)

ئیتر پێغەمبەرم (صلى الله عليه وسلم) دەبینی لەتاو خێرا رۆیشتنى قوماشەكەى بەرى بە دەورى سكیدا دەسووڕا تا سپیایی بن باڵ و هەردوو رانیم بینی.[33]

 

حەبیبەى كچى ئەبی عامر(رضى الله عنها)

ناوى حەبیبەى كچی ئەبی عامرى راهیبە، خوشكی حەنظهلەیە، ئەو حەنظهلەى كە كاتێك شەهید بوو فریشتەكان ئەویان شۆرد، حەبیبە یەكێكە لەو ئافرەتانەى كە بەیعەتیان دا بە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم).[34]

 

 

حەبیبەى كچى ئەسعەد(رضى الله عنها)

ناوى حەبیبەى كچی ئەسعەدى كوڕی زورارەیە، ئەم ئافرەتە چوەتە خزمەت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و موسڵمان بووەو بەیعەتى پێداوە.[35]

ئەسعەدى باوكى كە بە ئەبوو ئومامە ناسراوە یەكەم كەسی پشتیوانان بوو موسڵمان بوو،[36] دایكی ناوى عومەیرەى كچی سەهل بوو.[37]

ئەم ئافرەتە ژنی سەهلى كوڕی حونەیف بوو،[38] سەهل هاوەڵێكى دڵسۆزى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بوو، بەشدارى غەزاى بەدر و غەزاكانى ترى كرد، لە غەزاى ئوحوددا كە خەڵكى بلآوەیان تێكەوت، سەهل لە دەورى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) مایەوە و بەرگرى لێكرد.[39]

كوڕێكی هەبوو بە ناوى ئەسعەدى كوڕی سەهلى كوڕی حونەیف كە لە پشتیوانانە،[40] ئەسعەد لە سەردەمى پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم) لەدایكبوو، دوو ساڵ پێش وەفاتى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) لەدایكبوو، سەهلى باوكى بردى بۆ لاى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و ئەویش دەمى بە خورما شیرین كرد و بەناوى ئەسعەدى باپیریەوە-باوكى دایكی- ناوى نا.[41]

حەبیبە خوشكێكی هەبوو بە ناوى فاریعە كە ژنى نوبەيطى كوڕی جابیر بوو، ئەم خوشكەی كچێكی هەبوو بە ناوى زەینەب.

جا زەینەب كە خوشكەزاى حەبیبەیە ژنی ئەنەسی كوڕی مالیك بوو، زەینەب دەڵێت ئەبوو ئومامە پێش مردنى وەسیەتى كرد بۆ پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) تا ئاگاى لە دایكم و پوورم بێت (فاریعەو حەبیبە)، ئەوەبوو جارێك بڕێ خشڵ و بەردى گرانبەها هێنرا بۆ پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)، ئەویش بڕێك لەوەى دا بە دایكم و پوورم.[42]

 

حەبیبەى كچى ئوممو حەبیبە (رضى الله عنها)

ناوى حەبیبەی كچی رەملەى كچی ئەبوسوفیانە، رەملەى دایكی بە ئومموحەبیبە ناسرابوو، باوكى ناوى عەبدوڵا بوو، دەوترێت پێش كۆچ بۆ حەبەشە لەدایك بووەو لەگەڵ دایكی كۆچی كردووە بۆ حەبەشە، رایەكیش دەڵێت لە حەبەشە لەدایك بوو، دواتر لەگەڵ دایكیدا كۆچی كرد بۆ مەدینە.[43]

ئومموحەبیبەى دایكی كە دایكی باوەڕداران و هاوسەری پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بوو، پێش ئەوەى كۆچ بكات بۆ حەبەشە هاوسەری عوبەیدوڵاى كوڕی جەحش بوو، كاتێ كۆچیان كرد بۆ حەبەشە مێردەكەى لە حەبەشە لە ئیسلام هەڵگەڕایەوە و بوو بە مەسیحی و هەر لەوێیش مرد، ئینجا پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ئەو ئافرەتەى بەهاوسەرگرت.[44]



[1] - أسد الغابة، ج7، ص 339.

[2] - أسد الغابة، ج7، ص 78.

[3] - صحيح البخاري، الرقم 325 و اللفظ له، صحيح مسلم، الرقم 527، صحيح ابن حبان، الرقم 1368.

[4] - صحيح ابن حبان، الرقم 1367.

[5] - مستخرج أبي عوانة، الرقم 718.

[6] - فتح الباري بشرح صحيح البخاري، ج1، ص 427.

[7] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 574.

[8] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 524.

[9] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 169.

[10] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 186.

[11] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 575.

[12] - أسد الغابة، ج2، ص 146.

[13] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8، ص 445.

[14] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج4، ص 1809.

[15] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 576.

[16] - أسد الغابة، ج7، ص 69.

[17] - أسد الغابة، ج1، ص 339.

[18] - سنن أبي داود، الرقم 1913، صحيح ابن حبان، الرقم 4342، موطأ مالك، الرقم 1180، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 5492، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 13869.صححه الألباني في صحيح و ضعيف سنن النسائي، الرقم 3462.

[19] - سنن ابن ماجة، الرقم 2053، ضعفه الألباني في صحيح و ضعيف سنن ابن ماجة، الرقم 2057.

[20] - نيل الاوطار للشوكاني، ج7، ص 37.

[21] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 578.

[22] - أسد الغابة، ج7، ص 70.

[23] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 579

[24] - أسد الغابة، ج7، ص 71.

[25] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 579.

[26] - أسد الغابة، ج7، ص 71-72.

[27] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 579.

[28] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 575.

[29] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 20412.

[30] - المطالب العالية، الرقم 3849.

[31] - مسند إسحاق بن راهويه، الرقم 1859، قال محقق المسند د.عبدالغفور البلوشي في إسانده صدوق تغير بآخره و لكنه يتقوى بشواهده و الحديث صحيح.

[32] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 573.

[33] - صحيح ابن خزيمة، الرقم 2580 و اللفظ له، المستدرك على الصحيحين، الرقم 7008، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 26741 حتى (كتب عليكم السعي)، قال شعيب الأرناؤوط حسن بشواهده.

[34] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 578.

[35] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 572.

[36] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص608.

[37] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 572.

[38] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 572.

[39] - أسدالغابة، ج2، ص545.

[40] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص82.

[41] - أسد الغابة، ج1، ص112.

[42] - أسد الغابة، ج7، ص 66.

[43] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 578.

[44] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 441.

 2444
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.