دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  رافیعى كوڕى خەدیج(رضي الله عنه)

ناوى رافیعى كوڕی خەدیجى كوڕی رافیعە، لە پشتیوانانە لە ئەوسیەكان، كونیەكەى ئەبووعەبدوڵایە، هەروەها بە ئەبووخەدیجیش هاتووە.[1]

دایكى ناوى حەلیمەى كچی مەسعوودە.[2]

رافیع خوشكێكی هەبوو بە ناوى ئومامە.[3]

رافیع چەند كوڕێكی هەبوو بە ناوەكانى عەبدوڵا و عوبەیدوڵا و عەبدوڕەحمان و سەهل و ریفاعە و عوبەید.[4]

ژنەكانى رافیع بریتی بوون لە ئەسمائى كچی زیاد و لەبناى كچى قوڕرە.[5]

لە ڕۆژی جەنگى بەدردا رافیع ویستى لە غەزاى بەدردا بەشدارى بكات، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەرفەتى پێنەدا چونكە بچووك بوو، بەڵام لە جەنگى ئوحوددا دەرفەتى پێدا، ئیتر لەوە بەدوا لە هەموو غەزاكاندا بەشدارى كرد.[6]

لە غەزاى ئوحود و خەیبەردا رافیع تیری دەهاویشت، جا تیرێك بەر سەر سنگى كەوتبوو، رافیع چوو وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) تیرەكەم بۆ لاببە، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: (ئەى رافیع ئەگەر بتەوێت تیرەكە و نووكەكەشى لادەبەم، ئەگەریش بتەوێت تیرەكە لادەبەم و نووكەكەى دەهێڵمەوە و لە رۆژی دواییدا شاهیدیت بۆ دەدەم كە تۆ شەهیدیت)، رافیع وتى ئەی پێغەمبەى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەى تیرەكە لابەرە و نووكەكەى بهێڵەرەوە و رۆژی دوایی ئەو شاهیدیەم بۆ بدە، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) وایكرد،[7] ئەو تیرەى بەر رافیع كەوت لە غەزاى ئوحوددا بەریكەوت.[8]

رافیع دەڵێت: جار هەبوو لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە نوێژی عەسرمان دەكرد دواى ئەوە نێرە وشترێكمان سەردەبڕی و دەمانكرد بە دە بەشەوەو لە پێش ئەوەى خۆر ئاوا بێت گۆشتەكەیمان دەخوارد.[9]

رافیع دەڵێت: گوێم لە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بوو دەیفەرموو:(الحمى من فور جهنم فأبردوها عنكم بالماء[10] (تا لە بڵێسەو تینی دۆزەخەوەیە، دەی بە ئاو سارد و فێنكى بكەنەوە).

رافیع لە ساڵی حەفتا و چوارى كۆچیدا وەفاتى كرد، ئەوكات تەمەنى هەشتا و شەش ساڵ بوو،[11] بەڵام بوخارى دەڵێت: لە سەردەمى موعاویەى كوڕی ئەبووسوفیاندا وەفاتى كردووە،[12] ئیبن حەجەر دەڵێت: ئەوەیان راستە،[13] ذەهەبی دەڵێت رافیع دواى وەفاتى موعاویەش لە مەدینە فەتواى دەدا.[14]

كاتێك ئیبن عەبباسی گەورە هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كرد، رافیع زۆر پێی كاریگەر بوو، دەیوت ئەمڕۆ كەسێك مرد كە رۆژهەلآت و رۆژئاوا پێویستیان بە زانستەكەى بوو.[15]

لە سەردەمى خیلافەتى عەلى كوڕی ئەبوو طالیبدا رافیع لەناو سوپاى عەلیدا لە جەنگى صفیندا بەشدارى كرد.[16]

دواتر لە سەردەمى موعاویەى كوڕی ئەبووسوفیاندا رافیع موفتى مەدینە بوو، دواى سەردەمى موعاویەش فەتواى دەدا.[17]

لەو كاتەى رافیع وەفاتى كرد ئیبن عومەر لە مەدینە بوو و لەسەر تەرمەكەى نوێژی مردووى كرد، جا ئیبن عومەر بینی ئافرەتان بۆی دەگریان، ئیبن عومەر وتى بێدەنگ بن ئەو پیاوێكی پیر بوو و هیچ توانایەكى بەرگەگرتنى دۆزەخى نیە، واتە دۆزەخ نابینێت.[18]

كاتێك رافیع وەفاتى كرد شەو بوو، ئیبن عومەر وتى ئەسپەردەى مەكەن تا رۆژ دەبێتەوە، ئەوەبوو چاوەڕێیان كرد تا بەیانى.[19]

ئیبن عومەر دوو لاى دارەمەیتەكەى گرتەدەستى و خستیە سەرشانى و تا سەر گۆڕەكەى تەرمەكەیان برد.[20]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 436.

[2] - أسد الغابة، ج2، ص 224.

[3] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8، ص 327.

[4] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج5، ص 256-258.

[5] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج5، ص 256-258.

[6] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 436.

[7] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 26513، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 4119، حسنه شعيب الأرناؤوط.

[8] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 181.

[9] - صحيح البخاري، الرقم 2373.

[10] - صحيح البخاري، الرقم 3105، صحيح مسلم، الرقم 4194.

[11] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 436.

[12] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 436.

[13] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 436.

[14] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 182.

[15] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 372.

[16] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 182.

[17] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 182.

[18] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 436.

[19] - سير أعلام النبيلاء، ج3، ص 183.

[20] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 182.

 1233
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.