دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئەسمائی كچی عومەیس(رضي الله عنها)

ناوى ئەسمائی كچی عومەیسی كوڕی مەعدە، ئەم ئافرەتە زۆر زوو لە مەككە موسڵمان بوو و هاوسەری جەعفەرى ئامۆزاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بوو، هاودەم بە جەعفەرى مێردى كۆچی كرد بۆ حەەبەشەو لەوێ چەند منداڵی لێ بوو، دواتر هاودەم بە مێردەكەى گەڕایەوە بۆ مەدینەو دواى شەهیدبوونى جەعفەرى مێردی شووی كرد بە ئەبووبەكری صدیق، ئەمەش لە كاتى غەزاى حونەیندا بوو،  لە ئەبووبەكریش كوڕێكی بوو بەناوى موحەممەد، دواتر پاش ئەبووبەكر عەلى كوڕی ئەبووطالیب بەهاوسەری گرت و لەویش منداڵی بوو.[1]

كاتێ كۆچەرانى حەبەشە هاتنەوە بۆ مەدینە، خەڵكێ لە كۆچەران پێیان دەوتن ئێمە پێش ئێوە كۆچمان كردووە بۆ مەدینە، ئەسمائی كچی عومەیسیش كە لەو كۆچەرانەى حەبەشە بوو بە سەردان چوو بۆ لاى حەفصەى ژنى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، عومەر چوویە ژوورەوە بۆ لاى حەفصە و ئەسمائی لەوێ بینی، بە حەفصەى وت ئەو ئافرەتە كێیە؟ وتى: ئەسمائی كچی عومەیسە، عومەر وتى ئەمە حەبەشیەكەیە، ئەمە لەوانەى كەشتیەكەیە؟ (واتە ئەو كۆچەرانەى بە كەشتى لە حەبەشەوە هاتبوون بۆ مەدینە)، دایكی باوەرداران وتى بەڵێ، عومەر وتى: بە كۆچكردن پێشتان كەوتین، جا ئێمە لەئێوە لەپێشتر و شیاوترین بە پێغەمبەرى خوا، ئەسمائیش تووڕە بوو و وتى نەبەخوا، ئێوە لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوون و نانى برسیتانى دەدا و ئامۆژگارى نەزانتانى دەكرد، بەڵام ئێمە لە خاكێكی-یان وڵاتێكى- دوور و ناخۆش بووین لە حەبەشە، ئەوەش لەبەر خوا و لەبەر پێغەمبەرەكەى، سوێند بەخوا نان ناخۆم  و ئاو ناخۆمەوە تا ئەوەى وتت باسی نەكەم بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئێمە ئازارمان بەردەكەوت و دەترساین، دەچم و بۆی باس دەكەم  و پرسیارى لێدەكەم و درۆ  و فێڵیش ناكەم و كەم و زیادى بۆ ناكەم، ئەسماء چوو بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و مەسەلەكەى بۆ باس كرد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرموو ئەى تۆ چیت پێ وت؟ وتى ئاواو ئاوام پێ وت، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ليس بأحق بي منكم، وله ولأصحابه هجرة واحدة، ولكم أنتم - أهل السفينة – هجرتان) (ئەو لە ئێوە شیاوتر نیە بە من، ئەو و هاوەڵانى یەك كۆچیان بۆ هەیە و ئێوەش-یارانى كەشتی- دوو كۆچتان بۆ هەیە).[2]

     كاتێك لە غەزاى موئتەدا جەعفەرى باوكى شەهید بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چوو بۆ ماڵی جەعفەر، ئەسمائی ژنى جەعفەر دەڵێت جارێك هەویرم شێلا بوو و منداڵەكانم شۆردبوون و رۆنم دابوو لە قژیان و پاك و پوختم كردبوونەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هات بۆ لامان و فەرمووى (منداڵەكانى جەعفەرم بۆ بهێنە)، منیش ئەوانم هێنا، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) بۆنی ئەوانى دەكرد و فرمێسك بە چاوانیدا دەهاتە خوارەوە، وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بە دایك و باوكمەوە بە قوربانت بم بۆچی دەگریت، ئایا هیچت سەبارەت بە جەعفەر و هاوەڵانى بیستووە؟ فەرمووى (نعم أصيبوا هذ اليوم)، (بەڵێ ئەمڕۆ كوژران)، ئەسمائی كچی عومەیس دەڵێت منیش هەستام دەستم كرد بە شیوەن و ژنان لە دەورم كۆبوونەوە و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) گەڕایەوە بۆ ماڵەوەو بە ژن و خێزانەكانى فەرموو (لا تغفلوا آل جعفر من أن تصنعوا لهم طعاما فإنهم قد شغلوا بأمر صاحبهم[3] (بنەماڵەی جەعفەر پشتگوێ مەخەن و چاوتان لێیان بێت خواردنیان بۆ ئامادە بكەن چونكە ئەوان خۆیان پەشۆكاون بە مردووەكەیانەوە).

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تا سێ رۆژ مۆڵەتى دا خێزانى جەعفەر ماتەمینی بگێڕن، دواتر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چوو بۆ لایان و فەرمووى (لا تبكوا على أخي بعد اليوم)، (لەمڕۆ بەدواوە مەگرین بەسەر براكەمدا)، ئینجا فەرمووى (برازاكانمم بۆ بانگ بكەن)، ئەوانیش هاتن، ئینجا داواى سەرتاشی كرد و سەرتاش هات، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى كرد سەری كوڕەكانى جەعفەرى چاك كرد.[4]

ئەسمائی كچی عومەیس لە دواى وەفاتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە خزمەتى فاطيمهى كچی پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) بوو، ئەوەبوو فاطيمه پێش مردنى تووشی نەخۆشیەكی سەخت بوو، لەو كاتەشدا خەمی ئەوەی بوو چۆن ببرێت بەرەو گۆڕستان، كاتێك ئەسمائی كچی عومەیسی لابوو، قسەى بۆ ئەسما دەكرد چەندە پێی ناخۆشە بە قوماشێكەوە ببرێت و جەستەى دەربكەوێت؟ ئەسمائیش وتى بەخوا دارەمەیتێكت بۆ دروست دەكەم وەك ئەوەی بینیم لە حەبەشە دروست دەكرا، فاطيمهش وتى ئادەى نیشانم بدە چۆنە، ئەویش بۆی دروست كرد، فاطيمهش پێكەنى، ئەوەش تاكە پێكەنینی بوو پاش وەفاتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).[5]

ئەسمائی كچی عومەیس دەڵێت فاطيمه پێی وتم زۆرم پێ ناخۆشە كە قوماشێك دەدرێت بەسەر ئافرەتدا و جەستەی دەردەكەوێت، منیش وتم ئەی كچی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) من لە حەبەشە شتێكم بینیوە با بۆت باس بكەم، ئەوەبوو بە بڕێ دار دارەمەیتێكم دروست كرد و ئینجا قوماشێكی دا بەسەریدا دا، فاطيمه وتى ئەمە زۆر چاكە، ئەگەر مردم تۆ و عەلى بمشۆن و كەسى تر نەیەتە ژوورەوە، ئەوەبوو كە وەفاتى كرد، عائیشە هات تا بێتە ژوورەوە، ئەسمائیش وتى مەیەرە ژوورەوە، عائیشە لاى ئەبووبەكر گلەیی كرد، ئەبووبەكر هات و وتى بۆ ریی نادەن؟ ئەسمائیش وتى فاطيمه خۆی وەسیەتى كرد تەنها من و عەلى بیشۆین، ئەبووبەكریش وتى فاطيمه خۆی چۆنی وتووە وا بكەن.[6]

دواتریش ئەسماء تەرمى ئەبووبەكری صدیقی شۆرد.[7]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 489-490.

[2] - صحيح البخاري، الرقم 4004، صحيح مسلم، الرقم 4462، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 8113، مسند أحمد بن حنبل، الرقم  19089، مسند أبويعلى الموصلي، الرقم 7151،

[3] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 26475، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 20234، ضعفه شعيب الأرناؤوط.

[4] - سنن أبي داوود، الرقم 3678، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 8330، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 1684، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 1445، صححه أحمد شاكر، كما صححه شعيب الأرناؤوط، كما صححه الألباني في صحيح و ضعيف سنن النسائي، الرقم 5227.

[5] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 4712،

[6] - سير أعلام النبلاء للذهبي، ج2، ص 128-129.

[7] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 286.

 2041
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.