دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  هاوەڵانێك كە ناویان (عەبباد) بووە

عەببادى كوڕی بیشر (رضي الله عنه)

ناوى عەببادى كوڕی بیشرى كوڕی قەيظيه، لە پشتیوانانە لە ئەوسیەكان،[1] یەكێكە لە بەشدابوانى غەزاى بەدر.[2]

كاتێك هاوەڵانێك رووەو بەیتولمەقدیس نوێژیان دەكرد، عەبباد هات و وتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) روویكردە بەیتولحەرام، ئیتر هەرچی پیاوانن چوونە شوێنەكەى ژنان و ژنانیش چوونە شوێنەكەى پیاوان و دوو سوجدەكەى تریان رووەو كەعبە برد.[3]

عەبباد تا دواى سەردەمى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ژیاو لە جەنگى یەمامەدا بەشدارى كرد و تیایدا شەهید بوو.[4]

عەببادى كوڕی بیشری خەزرەجى(رضي الله عنه)

ناوى عەببادى كوڕی بیشری كوڕی وەقشە، لە پشتیوانانە لە ئەوسیەكان، كونیەكەى ئەبووبیشر یان ئەبوورەبیعە،[5] دایكی ناوى فاطيمهى كچی بیشری كوڕی عەددیە.[6]

عەبباد لە مەدینەو لەسەر دەستى موصعەبی كوڕی عومەیر موسڵمان بوو، موسڵمانبوونەكەشی پێش ئوسەیدى كوڕی حوضهیر و سەعدى كوڕی موعاذ بوو.[7]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) برایەتى خستە نێوان كۆچەران و پشتیوانانەوە، برایەتى خستە نێوان عەببادى كوڕی بیشر و ئەبووحوذەیفەى كوڕی عوتبەوە.[8]

ئەنەسى كوڕی مالیك دەڵێت لە شەوێكى تاریكدا دوو كەس لە خزمەت پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) چوونە دەرو لە بەردەمى ئەو دوو كەسەوە رووناكیەك هەبوو تا ئەو شوێنەى لەیەك جیابوونەوە، كە جیابوونەوە رووناكیەكەش لە نێوانیاندا دابەش بوو و هەر بەشێكى لەگەڵ یەكێكیاندا بوو، هەر لە فەرموودەكەدا هاتووە كە ئەو دوو كەسە بریتی بوون لە ئوسەیدى كوڕی حوضهیرو عەببادى كوڕی بیشر.[9]

ئەنەسی كوڕی مالیك دەڵێت جوولەكەكان كاتێ ئافرەتیان دەكەوتە حەیزەوە نانیان لەگەڵ نەدەخواردن و لە ماڵدا لەگەڵیان دانەدەنیشتن، هاوەڵانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەو بارەوە پرسیاریان كرد لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئەوەبوو خوا ئەم ئایەتەى دابەزاند(ويسألونك عن المحيض قل هو أذى فاعتزلوا النساء في المحيض...)، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى ( اصنعوا كل شيء إلا النكاح)،(هەموو شتێك بكەن جگە لە جووتبوون)، جوولەكەكان ئەمەیان بیست، وتیان ئەم كابرایە چیەتى، هەرچی ئێمە بیكەین پێچەوانەى ئێمە دەكات، ئوسەیدى كوڕی حوضهیر و عەببادى كوڕی بیشر هاتن و وتیان ئەی پێغەمبەرى خوا جوولەكە ئاواو ئاوا دەڵێن بۆیە ئێمە لەگەڵ ئافرەتان كۆنابینەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) رەنگى گۆڕا تا ئاستێ وتمان رقی لەو دوانە هەڵگرتووەو لێیان تووڕە دەبێت، ئەو دوانە چوونە دەرەوەو لەو كاتەدا بڕێ شیر بە دیارى هات بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ناردى بە شوێنیاندا و ئەوانیش گەڕانەوەو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە شیرەكەى پێدان تا بیخۆنەوە، ئیتر بەوەدا زانیمان رقی لێ هەڵنەگرتون.[10]

شەوێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە ماڵى خۆیدا سەرقاڵی شەونوێژ بوو، عەببادی كوڕی بیشریش لە مزگەوت خەریكی شەونوێژ بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەنگى عەببادى بیست و فەرمووى ئەی عائیشە ئەوە عەببادى كوڕی بیشرە؟ عائیشە وتى بەڵێ، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى خوایە رەحم بكە بە عەبباد.[11]

عەبباد لە غەزاكانى ئوحودو خەندەق و هەموو غەزاكانى دواتریشدا بەشدارى كرد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەوی دانا بۆ دابەشكردنى دەستكەوتەكانى حونەین، لە غەزاى تەبووكیشدا كردی بە بەرپرسی پاسەوانەكانى.[12]

لەسەردەمى خیلافەتى ئەبووبەكریشدا بەشدارى جەنگى یەمامەى كرد و دەستێكی كاراى لە دوژمنان وەشاند و دواجار شەهید بوو،[13] ئەوكات تەمەنى عەبباد نزیكەی چل و پێنج ساڵان دەبوو.[14]

عەبباد خۆی تاسەی شەهیدی هەبوو، لە رۆژی یەمامەدا بە ئەبووسەعیدی خودری وت ئەمشەو خەوم بینی ئاسمان بۆم كرابوویەوەو دواتر داخرا بەسەرمدا، جا پشت بەخوا ئەوە شەهیدیە، ئەبووسەعید دەڵێت منیش وتم خێر دەبێت پشت بەخوا، ئیتر لە جەنگى یەمامەدا چاوم لەلاى بوو چۆن هاوارى دەكرد و پشتیوانانى هاندەدا بۆ جەنگ، دواجار عەبباد كوژرا و هێندە پێكرابوو كە نەمدەناسیەوە تەنها بە نیشانەیەكی سەر جەستەى نەبێت.[15]

 

عەببادى كوڕی حارث(رضي الله عنه)

ناوى عەببادى كوڕی حارثى كوڕی عەددیە، لە پشتیوانانە لە ئەوسیەكان، لە غەزاى ئوحودو هەموو غەزاكانى تریشدا بەشدارى كرد، لە جەنگى یەمامەدا بەشدارى كرد و تیایدا شەهید بوو.[16]

عەببادى كوڕی خالید(رضي الله عنه)

ناوى عەببادى كوڕی خالیدی غیفاریە، یەكێكە لە هاوەڵانى صوففە، عەبباد تا سەردەمى موعاویەی كوڕی ئەبووسوفیان ژیا و لە سەردەمى ئەودا كۆچی دوایی كرد.[17]

عەببادى كوڕی سەهل(رضي الله عنه)

ناوى عەببادى كوڕی سەهلى كوڕی مەخرەمەیە، لە پشتیوانانە لە ئەوسیەكان، یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى ئوحود و تیایدا شەهید بووە، بكوژەكەشی صەفوانى كوڕی ئومەییە بوو.[18]

عەببادى كوڕی شورەحبیل(رضي الله عنه)

ناوى عەببادى كوڕی شورەحبیلى یەشكریە، دواتر لە بەصرە نیشتەجێ بوو، عەبباد دەڵێت جارێك تووشی وشكەساڵی بووم و چوومە ناو باخێكی مەدینەوەو بڕێك بەرم بە بەرسیلەیی-فەریكەیی- خوارد، دواتر بڕێكیشم كردە ناو جلەكەمەوە، خاوەنەكەى هات و لێیدام و جلەكەى بردم، منیش چووم بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بەسەرهاتەكەم بۆ باسكرد، ئەویش بە كابراى فەرموو (مەگەر ئەو نەشارەزا بووەو فێرت كردووە؟! هیچت پێ نەداوە و برسیش بووە؟!) فەرمانى كرد جلەكەى بۆ گێڕامەوە، پاشان كۆڵێك یان نیو كۆڵ خواردنیشی پێبەخشیم.[19]

عەببادى كوڕی عەبدولعوززا (رضي الله عنه)

ناوى عەببادى كوڕی عەبدولعوززایەو لە جەنگى جەمەلدا بەشدار بوو.[20]

عەببادى كوڕی عوبەید(رضي الله عنه)

ناوى عەببادى كوڕی عوبەیدەو دەوترێت یەكێك بووە لە بەشداربوانى غەزاى بەدر.[21]

عەببادى كوڕی قەیس(رضي الله عنه)

ناوى عەببادى كوڕی قەیسی كوڕی عامیرەو لە پشیوانانە لە زورقیەكان، یەكێكە لە بەشداربوانى بەیعەتى عەقەبە، لە غەزاى بەدرو ئوحودیشدا بەشدارى كرد.[22]

 

عەببادى كوڕی قەیسی خەزرەجی(رضي الله عنه)

ناوى عەببادى كوڕی قەیسی كوڕی عەبسەیە، لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان، هاودەم بە سوبەیعى براى لە غەزاى بەدردا بەشدار بوو، لە غەزاكانى تریشدا بەشدار بوو و لە غەزاى موئتەدا شەهید بوو.[23]

عەببادى كوڕی قەيظى(رضي الله عنه)

ناوى عەببادى كوڕی قەيظيه، لە پشتیوانانەو پاش وەفاتى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ژیا و هاودەم بە عەبدوڵا و عوقبەى براى بەشدارییان كرد لە جەنگى جیسرئەبووعوبەیددا و هەموویان تیایدا شەهید بوون.[24]

 

عەببادى كوڕی كەثير (رضي الله عنه)

ناوى عەببادى كوڕی كەثيرە، لە پشتیوانانە لە ئەشهەلیەكان، لە جەنگى یەمامەدا بەشدارى كرد و تیایدا شەهید بوو.[25]

عەببادى كوڕی میلحان (رضي الله عنه)

ناوى عەببادى كوڕی میلحانە، لە پشتیوانانە لە ئەوسیەكان، یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى ئوحود، لە جەنگى جیسردا شەهید بوو.[26]

عەببادى كوڕی ئەحمەر (رضي الله عنه)

ناوى عەببادى كوڕی ئەحمەر یان كوڕی ئەخضهرە، عەبباد دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە دەچوویە ناو جێگەكەى قل یا أیها الكافرون ى دەخوێند.[27]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 611.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 611.

[3] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 20374، معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 4337.

[4] - أسد الغابة، ج3، ص 147.

[5] - أسد الغابة، ج3، ص 148.

[6] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 440.

[7] - أسد الغابة، ج3، ص 148.

[8] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 440.

[9] - صحيح البخاري، الرقم 3617، صحيح  ابن جبان، الرقم 2055، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 7972، مسند أحمد بن حنبل، الرقم، 12161، مسند أبي يعلى الموصلى، الرقم 2928، مسند الطيالسي، الرقم 2133، مسند الروياني، الرقم 1363.

[10] -  صحيح مسلم، الرقم 481، سنن الترمذي، الرقم 2986، صحيح  ابن جبان، الرقم 1378، مسند أحمد بن حنبل، الرقم، 12110، سنن أبي داود228، الرقم 274، سنن الدارمي، الرقم 1087، سنن ابن ماجة، الرقم 641، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 272، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 1393، مسند أبي يعلى الموصلى، الرقم 3437، مسند الطيالسي، الرقم 2151.

[11] - مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 4272.

[12] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 440.

[13] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 4968.

[14] - أسد الغابة، ج3، ص 149.

[15] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 440.

[16] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 613.

[17] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 614.

[18] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 615.

[19] - سنن أبي داود، الرقم 2266، سنن ابن ماجة، الرقم 2295، المستدرك على الصحيحين، الرقم 7250، مسند احمد بن حنبل، الرقم 17181، صححه الذهبي في التلخيص، كما صححه ابن حجر في الإصابة، ج3، ص 615، كما صحه شعيب الأرناؤوط، كما صححه الألباني في صحيح و ضعيف سنن أبي داود، الرقم 2620.

[20] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 617.

[21] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 617.

[22] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 594.

[23] - أسد الغابة، ج3، ص 153-154.

[24] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج، ص 619.

[25] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 619.

[26] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 619.

[27] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 610.

 1175
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.