دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  فیتنەى نێوان هاوەڵان(رضي الله عنهم)

هاوەڵان ئەو دەستەیە بوون كە دەیان ئایەتى قورئان و فەرموودەى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بە چاكە وەسفیان دەكەن، رەزامەندى خوا و سەربەرزى و دڵخۆشی رۆژی دوایی موژدەكانى قورئان و سوننەت بوون بۆ هاوەڵان، بۆیە قسەكردن لە سەر مەسەلەكانى پەیوەست بە هاوەڵان وریاییەكى زۆری دەوێت.

یەكێك لەو مەسەلانەى كە بوەتە باسی رەخنەگرتنى ناحەزانى ئیسلام و رۆژهەلاتناسان و كەسانێكى ناو ئوممەتى ئیسلامیش بریتیە لە رەخنەگرتنیان لە فیتنەى نێوان هاوەڵان، ئەمانە لە چەندروویەكەوە هەوڵ دەدەن ئەو مەسەلەیە زەق بكەنەوە:

یەكەم: دووبارەكردنەوەى گێڕانەوە ناراستەكان و هەوڵدانى تەواو بۆ بەراست دانانى ئەو گێڕانەوە ناراستانە، هێندە لە نووسینە جیاجیاكان و گوتار و مشتومرەكانیاندا دەیانڵێنەوە تا وادەكەن خەڵكێكى زۆر بە راستیان بزانن بێ ئەوەى توێژینەوەیەكى بنچینەیی بكەن بۆ گێڕانەوەكان.

دووەم: زێدەكاری بۆ گێڕانەوەكان، بۆ نموونە زیادكردنى ژمارەى كوژراوەكان بەجۆرێ ئەگەر بڵێین سەد قات زیاتر نووسراوە راستە.

سێیەم: نیازخراپی لە لێكدانەوەكانیاندا بەجۆرێ هەموو هەوڵ و هەنگاوێكى هاوەڵان دەكەنە تەماى سیاسی نەك ئیجتیهادێك، ئیتر وا باسەكە دەخەنەروو كە گوایە هەموو ئەو بارە هەوڵی دەستخستنى دەسەلآت بووە.

چوارەم: چاوپۆشی لە رۆڵە دەرەكیەكانى وەك رۆڵی سەبەئیەكان، ئەسڵەن بەجۆرێ حاشای لێ دەكەن وەك ئەوەى بڵێی هەرچی سەرچاوەی مێژوویی هەیە بەوانەشەوە كە ئەوان دڵیان پێ خۆش دەكەن درۆزن بون و بوختانیان بۆ سەبەئیە كردووە.

ئامانجیشیان لەمە چەند شتێكە، لەوانە:

یەكەم: هەوڵی رەشكردنى ئەزموونى پێشینەى هاوەڵان تا بڵێن ئەوانى ئەمەیان كرد لەرابردووشدا بۆیان بگونجایە هەر وایان دەكرد، واتە تا بڵێن هەردەم نیازى هاوەڵان دەسەلات ویستی بووە، بە واتایەكى تر دەیانەوێ بڵێن هاوەڵان لە سەردەمى پێغەمبەردا(صلى الله عليه وسلم) دووروو بوون.

دووەم: هەوڵی گومان خستنە سەر راستی قورئان و فەرموودە تا بڵێن ئەم كەسانەن قورئان و فەرموودەیان نەقڵ كردووە بۆیە دەكرێت بە ئارەزووى خۆیان دەستكارى ئەو دوانەیان كردبێت.

سێیەم: گومان خستنە سەر بیروباوەڕی موسڵمان بەرامبەر بە زانایی پەروەردگارى بە غەیب، وەك بڵێن خوایەك كە رەزامەندى خۆی بۆ ئەو هاوەڵانە دەربڕی دواتر هاوەڵان كەوتنە وێزەى یەكتر و خوێنیان رشت.

چوارەم: تا ئەو پەیامەى خۆیان بسەلمێنن كە هاوەڵان چاكترین دەستە نەبون بەڵكو ئەوانیش وەك هەر خەڵكێكى تر وابوون و هیچ جیاوازیەكیان نەبووە.

پێنجەم: تا لێرەوە بڵێن موحەممەد(صلى الله عليه وسلم) سەركەوتوو نەبووە لە گەیاندنى پەیامەكەى و پەروەردەكردنى دەورووبەریدا، تەنانەت قسەبكەن لەسەر چاكى و كەسایەتى پێغەمبەریش(صلى الله عليه وسلم).

بەڵام ئەهلى سوننەو جەماعە بەردەوام ئەو هەولآنەیان پووچەڵ كردوونەتەوە و راستیەكانیان خستووەتەروو، هەرچەندە كینەلەدلآن ئەگەر بچنەوە ئەو بارەو بەچاوى خۆیان بارەكە ببینن هەر هەمان راى خۆیان هەیە یان دەبوونە هاریكارى سەبەئی و خەواریجەكان.

دەبێت وا بڕوانینە فیتنەى نێوان هاوەڵان:

  • 1-هاوەڵان نیازیان پاك بووە و ئەوەى كردوویانە نیازى خراپە نەبووە، چونكە زۆرێك لەوانەى بەشدار بوون لە بەیعەتى ريضواندا هەبوون كە خوا رەزامەندى خۆی بۆیان دەربڕی، مەسەلەكە راجیایی هاوەڵان بوو بۆ چارەسەری كێشەیەك كە ناحەزانى ئیسلام هەڵیانگیرساندبوو.
  • 2-رێبەرانى هەردوو دەستەى هاوەڵان موجتەهید بون، ئیمامى عەلى(رضي الله عنه) موژدەپێدراوى بەهەشت و زانایەكى هەڵكەوتە و كەسی نزیكی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بوو، تەلحە و زوبەیریش(رضي الله عنهما) موژدەپێدراوانى بەهەشت و هاوەڵانى دڵسۆزی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و زانایانى ئوممەت بون، دایكمان عائیشەش(رضي الله عنها) خۆشەویستى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و كچی راستگۆ و گەورەى هاوەڵان و یەكەم خەلیفەى موسڵمانان و زاناترین ئافرەتى ناو ئوممەتى ئیسلامى بووە، دەى دەكرێ كەسانێك خوا بەهەشتی بریبێتەوە بۆیان هێندە نیازیان پیس بن(پەنا بەخوا لە وتەى وا).
  • 3-روودانى جەنگ و ناكۆكی لەنێوان موسڵماناندا كۆتا هێڵی سوور نیە، بەڵكو چاوەروانكراوە، وەك خواى گەورە لە قورئانى پیرۆزدا باسی كردووە(وَإِن طَآئِفَتَانِ مِنَ الْمُؤْمِنِينَ اقْتَتَلُواْ فَأَصْلِحُواْ بَيْنَهُمَا فَإِن بَغَتْ إِحْدَاهُمَا عَلَى الأُخْرَى فَقَاتِلُواْ الَّتِي تَبْغِي حَتَّى تَفِيءَ إِلَى أَمْرِ اللَّهِ فَإِن فَآءَتْ فَأَصْلِحُواْ بَيْنَهُمَا بِالْعَدْلِ وَأَقْسِطُواْ إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ الْمُقْسِطِينَ[1] هەر بۆیە لە جەنگى جەمەلدا هەردوو لا رێككەوتن بەڵام شەو دورووە زیان بۆ ماوەكانجەنگەكەیان هەڵگیرساند.
  • 4-ئەو ژمارە زۆرەی باس دەكرێ سەبارەت بە كوشتارى نێوان هاوەڵان ناراستیەكى تەواوە و رێژەكە زۆر كەمترە لەوەى باسكراوە، بەڵكو زۆرێك لە هەوادارانى دواتری لایەنە سیاسیەكان گێڕانەوەیان بۆ ئەو رووداوانە زیاد كردووە.


[1] - الحجرات: 9.

 3568
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.