دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  حوسەیل (رضي الله عنه)

حوسەیلی كوڕی جابیر(رضي الله عنه)

    ناوى حیسل یان حوسەیلى كوڕی جابیری كوڕی عمرى عەبەسیە، باوكى حوذەیفەى هاوەڵی ناسراوى پێغەمبەرى خوایە (صلى الله عليه وسلم).[1]

پێی وتراوە یەمان كە نازناوى بووە، رایەكیش دەڵێت بەڵكو بۆیە باوكى پێی وتراوە یەمان چونكە كەسێكی كوشتووەو رایكردووە بۆ مەدینەو هاوپەمانى كردووە لەگەڵ بەنى عەبدولئەشهەل ئیتر هۆزەكەى پێیان وتووە یەمان لەبەرئەوەى لەگەڵ پشتیوانان هاوپەیمانى كردووە لەكاتێكدا ئەوان یەمەنین.[2]

    سەبارەت بە ژنەكەشی ئەویش هاوەڵ بوو و ناوى ربابی كچی كەعب بوو،[3]

كوڕێكی هەبوو بە ناوى حوذەیفە كە نهێنی پارێزی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بوو، كوڕێكی تریشی ناوى صەفوان بوو كە ئەویش بەشدارى كرد لە غەزاى ئوحوددا.[4]

كوڕێكی تری ناوى عەبدولعەزیز بوو كە ئەویش هاوەڵی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بوو و فەرموودەی لە پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە.[5]

كچێكیشی هەبوو بە ناوى خەولە كە هاوەڵی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بوو و فەرموودەى لە پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە،[6] كچێكی تریشی ناوى لەیلا بوو كە دایكی هاوەڵی گەورەى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) سەلەمەى كوڕی ثابتى كوڕی وەقش بوو،[7] كچێكی تری ناوى فاتیمە بوو كە ئەمیش هاوەڵی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بوو.[8]

كەمێك پێش غەزاى بەدر حوسەیل و حوذەیفەى كوڕی كەوتنە دەست قوڕەیشیەكان، ئەوانیش بەو مەرجە ئازادیان كردن كە بەڵێنیان پێبدەن لەدژیان بەشدار نەبن، بۆیە كە گەڕانەوە بۆ لاى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و مەسەلەكەیان بۆ باسكرد، ئەویش فەرمانى كرد بەڵێنەكەیان ببەنەسەر، بۆیە لە غەزاى بەدردا بەشدارییان نەكرد.[9]

حوسەیل لە غەزاى ئوحوددا بەشدارى كرد و هەردوو كوڕەكەشی حوذەیفەو صەفوان لەگەڵیدا بەشدار بوون.[10]

لە ئوحوددا پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) حوسەیل و ثابتى كوڕی وەقشی دانابوو تا لاى ژن و منداڵەكان بن چونكە ئەو دوانە بە تەمەن بوون،[11] جا ئەو دوانە خەزوورى كوڕو كچی یەك بوون، واتە حوسەیل لەیلاى كچی خۆی دابوو بە سەلەمەى كوڕی ثابت،[12] یەكێكیان بەوی تری وت ماڵوێران بەخوا هیچكام لەم دوانەمان تەمەنێكی وامان بۆ نەماوەتەوەو ئەمڕۆ یان سبەی دەمرین، وەرە با شمشێرەكانمان هەڵگرین و بگەینە خزمەت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بەڵكو خوا شەهیدیمان پێ ببەخشێت، هەردوو نەوینە شمشێر و خۆیان گەیاندە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و چوونە ناو موسڵمانان و موسڵمانانیش وایاندەزانى ئەوان نەهاتوونەتە ناو جەنگەكەوە، ئەوەبوو ثابت بە دەستى بێباوەڕان شەهید بوو و حوسەیلیش بە هەڵە بە دەستى هاوەڵێك كوژرا،[13]چونكە ئەو هاوەڵە نەیناسیەوەو وایزانى لە بێباوەڕانە، چونكە سوپاى موسڵمانان زۆریان دەموچاویان داپۆشیبوو، بۆیە دەبوو نیشانەیەكیان هەبوایە تا بناسرێنەوە، حوذەیفە كاتێك بینی هێرش برا بۆ باوكى هاوارى دەكرد باوكم باوكم، بەڵام دەنگى نەگەیشت و باوكى بە هەڵە كوژرا، دواتر حوذەیفە خوێن بایی باوكى وەرنەگرت و لە موسڵمانان خۆش بوو.[14]

حوسەیلی كوڕی عورفطه(رضي الله عنه)

ناوى حوسەیلی كوڕی عورفطهى ئەسەدیە، چووەتە خزمەت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ناوى گۆڕ و ناوى نا حوسەین، ئەم هاوەڵە فەرموودەى لە پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە.[15]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 74.

[2] - أسد الغابة، ج1، ص 572-573.

[3] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج7، ص 317، الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 639.

[4] - أسد الغابة، ج3، ص 33.

[5] - أسد الغابة، ج3، ص 523.

[6] - أسد الغابة، ج7، ص 109.

[7] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 441.

[8] - أسد الغابة، ج7، ص 252.

[9] - صحيح مسلم، الرقم 3429.

[10] - سير أعلام النبلاء، ج2،ص 362.

[11] - أسد الغابة، ج2، ص 23.

[12] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 441.

[13] - أسد الغابة، ج2، ص 23.

[14] - سير أعلام النبلاء، ج2،ص 362.

[15] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 76.

 2376
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.