دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  هاوەڵانێك كە ناویان (عەبدوڵا) بووە - بەشی یەكەم

عەبدوڵاى كوڕی قومامە(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی قومامەى سولەمیە، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) نامەیەكی بۆ خۆی و براكەى نووسی.[1]

عەبدوڵاى كوڕى ذەررە(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی ذەررەى موزەنیەو هاودەم بە خوزاعى كوڕی عەبدنوهم هاتووەتە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم).[2]

عەبدوڵاى كوڕى عەمرى ئەلهانى(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی عەمرى كوڕی زەیدی ئەلهانیەو وەك وەفد هاتوەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، سەرەتا ناوى عەبدولعوززا بوو، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناوى گۆڕی و ناوى نا عەبدوڵا.[3]

عەبدوڵاى كوڕی بەدر (رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی بەدرى جوهەنیە، چووەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و موسڵمان بووە، سەرەتا ناوى عەبدولعوززا بوو، كە چوویە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناوى گۆڕی بە عەبدوڵا، ناوى هۆزەكەشی لە بەنوغەییانەوە گۆڕی بۆ بەنو روشدان.[4]

عەبدوڵا لە غەزاى ئوحوددا بەشدارى كرد، دواتریش لە فەتحى مەككەدا بەشدار بوو و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئالآیەكى دابوویە دەستى، لە سەردەمى موعاویەى كوڕی ئەبووسوفیاندا كۆچی دوایی كرد.[5]

عەبدوڵا دەڵێت رۆژێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى(ئەمڕۆرۆژی عاشوورایە دەى بەڕۆژوو بن)، كابرایەك وتى ئەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) من كە هاتم هۆزەكەم نیوەیان بەڕۆژوو بوون و نیوەیان بەڕۆژوو نەبوون، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى(بڕۆ بۆلایان، ئەوەی بەڕۆژوو نەبووە با لە ئێستاوە رۆژووەكەى تەواو بكات).[6]

عەبدوڵاى كوڕی بەڕاء   (رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی بەڕائی داریەو سەرەتا ناوى طهیب بوو، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناوى گۆڕی بە عەبدوڵا.[7]

عەبدوڵاى كوڕی بودەیل(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی بودەیلەو فەرموودەى لە پێغەمبەرى خواوە(صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە سەبارەت بە مەسح لەسەر خوف.[8]

عەبدوڵاى كوڕی بودەیلى خوزاعى(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی بودەیلی كوڕی وەرقائى خوزاعیە، باوكیشی هاوەڵی پێغەمبەرى خوایە(صلى الله عليه وسلم) و پشتر لە پیتی (ب) دا باسمان كردووە.

عەبدوڵا هاودەم بە باوكى لە فەتحى مەككەدا موسڵمان بوو، لە غەزاى حونەین و طائیف و تەبووكیشدا بەشدارى كرد.[9]

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) عەبدوڵا وعەبدوڕەحمانى براى وەك نوێنەر نارد بۆ یەمەن.

لە سەردەمى خیلافەتى عەلى كوڕی ئەبووطالیبدا لەناو سوپاى عەلیدا هاودەم بە عەبدوڕەحمانى براى بەشدارى جەنگى صفینی كرد و تیایدا كوژرا.[10]

 

عەبدوڵاى كوڕی بوسر (رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی بوسرى مازنیەو كونیەكەى ئەبووبوسر یان ئەبووصەفوانە، هەم خۆی و هەم دایك و باوك و دوو براكەشی هاوەڵی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بوون.[11]

عەبدوڵا دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هات بۆ لاى باوكم و ئێمەش خواردنێكمان بردە خزمەتى، پاشان خورماش هێنرا، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە خورماكەى دەخوارد و ناوكەكەى دەخستە نێوان پەنجەكانى، پاشان خواردنەوە هێنراو لێی خواردەوە، دواتر باوكم وتى نزامان بۆ بكە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى(خوایە بەرەكەت بخەرە ئەو رۆزیەی پێت بەخشیون و لێیان خۆش بەو رەحمیان پێ بكە).[12]

عەبدوڵا دەڵێت جار هەبوو خوشكەكەم شتێكی بە دیارى ئامادە دەكرد بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بە مندا دەینارد بۆی، منیش دەمبرد و پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) وەریدەگرت.[13]

عەبدوڵا كەسێكی زۆر خواناس بوو، شوێنەوارى زۆر سوجدە بردن بە نێو چاوانیەوە دیار بوو.[14]

سەبارەت بە كاتى مردنى دەوترێت لە ساڵی هەشتاو هەشتى كۆچی لە حیمص كۆچی دوایی كرد، رایەكیش دەڵێت لە ساڵی نەوەد و شەشی كۆچی وەفاتى كرد و ئەو كات تەمەنى سەد ساڵان بوو،[15] رایەكیش دەڵێت تەمەنى نەوەد و چوار ساڵان بوو.[16]

وەستانێك:

سەبارەت بەوەى ئایا عەبدوڵا لە ساڵی نەوەد و شەشی كۆچی وەفاتى كردبێت، ئەمە راست نیە، سەبارەت بەوەش كۆتا هاوەڵ بووبێت وەفاتى كردبێت، دووبارە ئەوەش راست نیە، بەڵكو كۆتا هاوەڵ وەفاتى كردووە ئەنەسی كوڕی مالیك بووە كە زۆرترین كات بۆ وەفاتى ساڵی نەوەدو سێی كۆچی بووە.

ذەهەبی دەڵێت: كۆتا هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە كۆچی دوایی كرد ئەنەسی كوڕی مالیك بوو،[17] پێشتر لە ژیانى ئەنەسى كوڕی مالیكدا باسی تەمەن و ساڵی وەفاتیمان كردووە.

عەبدوڵاى كوڕی بوسری نەصری(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی بوسری نەصریەو جیایە لەو هاوەڵەی تر كە ناوی باوك و باپیریان یەكە، كوڕێكى هەبوو بە ناوى عەبدولواحید كە فەرموودەى لە باوكیەوە گێڕاوەتەوەو دەڵێت باوكم بۆی گێڕامەوەو وتى جارێك لەپاڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بووین كە بە رووگەشیەوە دەركەوت و دەموچاوى دەگەشایەوە، وتمان چی بووە، فەرمووى خوا شەفاعەتى پێ بەخشیم، وتمان تەنها بۆ هۆزەكەت، فەرمووى نەخێر بەڵكو بۆ ئوممەتە تاوانبارە بارگرانەكەم.[18]

عەبدوڵاى كوڕی ثابتى ئەنصارى(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی ثابتى كوڕی فاكیهە، لە پشتیوانانەو لە غەزاى خەندەقدا بەشدار بوو.[19]

عەبدوڵاى كوڕی ثابتى ئەوسی(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی ثابتى كوڕی قەیسە، كونیەكەى ئەبوورەبیعە، لە پشتیوانانە لە ئەوسیەكان، خۆی و باوكیشی هاوەڵی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بوون.

كاتێك عەبدوڵاى كوڕی ثابت نەخۆش كەوت، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چوو بۆ سەردانى، تەماشای كرد لەهۆش خۆى چووە، هاوارى لێكرد كەچی وەڵامى نەدایەوە، ژنەكان دەستیان كرد بە گریان، جابیریش هەوڵیدەدا بێدەنگیان بكات، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى(وازیان لێبهێنە، هەركات واجب بوو ئەوكات ئیتر با نەگرین) وتیان ئەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) واجب بوو چیە؟ فەرمووى ئەگەر مرد، كچەكەى وتى بەخوا هیوام وایە شەهید بیت چونكە تۆ بارى خۆت بەجێگەیاند، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى(خواى گەورە بە رێژەى نیەتەكەى پاداشتی بۆ داناوە، ئێوە شەهیدی بە چی دادەنێن؟) وتیان بە كوژران لە رێی خوادا، فەرمووى (شەهیدی حەوت جۆرە جگە لە كوژران لە رێی خوادا، ئەوەی بە سك ئێشە دەمرێت شەهیدە، ئەوەی دەخنكێت شەهیدە، ئەوەى دومەڵی دەتەقێتەوەو دەیكوژێت شەهیدە، ئەوەی لێدراوە شەهیدە، ئەوەی دەسووتێت شەهیدە، ئەوەى لەژێر داڕمانى بینادا دەمرێت شەهیدە، ژنى دووگیان كە بمرێت شەهیدە).[20]

عەبدوڵاى كوڕی ثهعلەبە(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی ثهعلەبەى كوڕی خوزەیمەوە، لە پشتیوانانەو یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى بەدر.[21]

عەبدوڵاى كوڕی ثهور (رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی ثهورەو یەكێكە لە سەركردەكانى جەنگى دژ بە هەڵگەڕاوەكان، ئەمەش بەڵگەی هاوەڵبوونیەتى، چونكە لەو كاتەدا تەنها هاوەڵان دەكران بە ئەمیر.[22]



[1] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 210.

[2] - أسد الغابة، ج3، ص 229.

[3] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 191.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 19.

[5] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 19.

[6] - مسند احمد بن حنبل، الرقم 27003، المعجم الأوسط للطبراني، الرقم 5788، صححه شعيب الارناؤوط.

[7] -الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 22.

[8] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 22.

[9] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 21.

[10] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 21.

[11] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 23.

[12] - صحيح مسلم، الرقم 3898، سنن أبي داود، الرقم 3259،  سنن الترمذي، الرقم 3587، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 9761، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 13647، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 17347.

[13] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 17341، حسنه شعيب الأرناؤوط.

[14] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج7، ص 413.

[15] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 23.

[16] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج7، ص 413.

[17] -  تاريخ الإسلام للذهبي، ج6، ص289.

[18] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 24.

[19] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 29.

[20] - صحيح ابن حبان، الرقم 3246، المستدرك على الصحيحين، الرقم 1234، سنن أبي داود، الرقم 2720، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 1952، مسند احمد بن حنبل، الرقم 23115، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 1757، صححه شعيب الأرناؤوط، صححه الالبانى في صحيح و ضعيف سنن أبي داود، الرقم 3111.

[21] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 31.

[22] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 33.

 1657
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.