دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  عەییاشی كوڕی ئەبی رەبیعە(رضي الله عنه)

ناوى عەییاشی كوڕی عەمرەو باوكى بە ئەبوورەبیعە ناسراوە، كونیەكەى ئەبووعەبدوڕەحمان یان ئەبووعەبدوڵایە، لە سەرى دایكیەوە براى ئەبووجەهلە،[1] ئەم هاوەڵە لە قوڕەیشیەكانە لە بەنى مەخزووم، ئامۆزاى خالیدی كوڕی وەلیدە، یەكێكە لە دەستەى یەكەمى موسڵمان بوان،[2] لە كۆچی حەبەشەدا بەشدارى كرد و پاشان گەڕایەوە بۆ مەككە،[3] ئینجا دواتر بەشدارى كۆچ بوو بۆ مەدینە، بەڵام ئەبووجەهل لە خشتەى برد و گێڕایەوە بۆ مەككەو بەندى كرد.[4]

عەییاش كوڕێكی هەبوو بە ناوى عەبدوڵا كە ئەویش هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو.[5]

كاتێك موسڵمانان كۆچیان دەكرد بۆ مەدینە، عومەرى كوڕی خەططابیش بڕیاری كۆچی دا، هاودەم بە عەییاشی كوڕی ئەبی رەبیعە كۆچی كرد، عومەر دەڵێت كاتێك ویستم هاودەم بە عەییاشی كوڕی رەبیعەو هیشامى كوڕی عاص كۆچ بكەم، وادەمان داناو وتمان هەركەس دواكەوت ئەوە رێی لێگیراوەو ئەوانى تر بڕۆن، بۆ بەیانیەكەى من و عەییاش گەیشتین و هیشام رێی لێگیرا، بۆیە كەوتینەڕێ، كە گەیشتینە مەدینە لاى بەنى عەمرى كوڕی عەوف ماینەوە، ئەبووجەهل و حارثى كوڕی هیشام كە ئامۆزاى عەییاش بوون و لە سەرى دایكیشەوە براى بوون، هاتن بۆ مەدینەو وتیان ئەی عەیاش دایكت نەزرى كردووە شانە نەدات لە سەری و لەبەر خۆردا بمێنێتەوە تا تۆ دەبینێت، منیش زۆر هەوڵم دا بە قسەكانیان لەخشتە نەچێت و نەڕواتەوە، تەنانەت وتم تۆ دەزانیت من زۆر دەوڵەمەندم، نیوەى سامانم بۆ تۆ بەڵام لەگەڵیان مەگەڕێرەوە، بەڵام عەییاش خۆی پێ رانەگیرا، منیش وتم هەر دەگەڕێیتەوە دەى ئەو وشترەى من ببە و هەركات زانیت فێڵت لێ دەكەن خۆت رزگار بكەو وەرەوە، ئەویش وشترەكەى برد و چوو، لە نیوەی رێدا ئەبووجەهل پێی وت براكەم وشترەكەم ناڕوات، بەڵكو لە دواى تۆوە سەركەوم، بەو فێڵە گرتیان و بەستیانەوەو بردیانەوە بۆ مەككە.[6]

جا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە نوێژەكانیدا قنووتى دەخوێند و نزاى بۆ عەییاش دەكرد، لە قنووتەكەیدا دەیفەرموو (خوایە عەییاشی كوڕی ئەبی رەبیعە رزگار بكە، خوایە سەلەمەى كوڕی هیشام رزگار بكە، خوایە وەلیدی كوڕی وەلید رزگار بكە).[7]

رایەك دەڵێت لە خیلافەتى ئەبووبەكری صدیقدا لە جەنگى یەمامەدا شەهید بوو، رایەكیش دەڵێت لە ساڵی پانزەى كۆچیدا وەفاتى كرد، رایەكیش دەڵێت لە جەنگى یەرمووكدا كوژرا.[8]

حەبیبی كوڕی ئەبی ثابت دەڵێت حارثى كوڕی هشام و عیكریمەى كوڕی ئەبووجەهل و عەییاشی كوڕی ئەبی رەبیعە لە جەنگى یەرمووكدا بریندار بوون، حارث داواى ئاوى كرد تا بیخواتەوە، كە ئاویان بۆ هێنا، عیكریمە تەماشای ئاوەكەى كرد، كە عیكریمەى بینی وتى ئاوەكە بدەن بە عیكریمە، كە بردیان بۆ عیكریمە، عەییاش تەماشاى ئاوەكەى كرد، عیكریمە وتى بیبەن بۆ عەییاش، تا ئاوەكەیان برد بۆ عەییاش وەفاتى كرد، هەرسێیان وەفاتیان كرد و كەسیان لە ئاوەكەى نەخواردەوە.[9]



[1] - أسد الغابة، ج4، ص 342.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 750.

[3] - أسد الغابة، ج4، ص 343.

[4] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 750.

[5] - أسد الغابة، ج3، ص 368.

[6] -  البداية و النهاية لابن كثير، ج3، ص 172.

[7] - صحيح البخاري، الرقم 975، صحيح مسلم، الرقم 118، صحيح ابن خزيمة، الرقم 592.

[8] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 750.

[9] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 5016،  حذفه الذهبي من التلخيص.

 1208
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.