دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئەصیەد (رضي الله عنه)

ئەصیەد(رضي الله عنه):

ناوى ئەصیەدى كوڕی سەلەمەى سولەمیە، خۆیشی و باوكیشی شاعیر بوون.

عەلى كوڕی ئەبووطالیب دەگێڕێتەوە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سریەیەكى نارد سریەكەش كەسێكیان لە بەنى سولەیم دەستگیركرد كە پێی دەوترا ئەصیەدى كوڕی سەلەمە، كاتێ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەصیەدى بینی دڵی بۆى سووتا و پێشنیارى بۆ كرد موسڵمان ببێت، ئەویش موسڵمان بوو، كاتێ سەلەمەى باوكى بیستیەوە كە كوڕەكەى موسڵمان بووە، تووڕە بوو، تەمەنێكى زۆریشی هەبوو، شیعرێكى نووسی بۆ كوڕەكەى كە ئەمە پوختەیەكی واتاكەیەتی:

 (لە سوارێكەوە كە بە سەلامەتى دەگاتە مەدینە تا وتەكەم بگەیەنێتە ئەصیەد، خراپترین منداڵ ئەوەیە باوكى ئازار بدات و لەگەڵ كەسانى دوور چاك بێت، واز دێنی لە ئایینی باوكت و شوێن ئایینی موحەممەد دەكەویت، لەبەر چی كوڕم ئازارت دام و بەم پیریەم جێت هێشتم، رۆژانم بە فرمێسك رشتن و شەوانیشم بە شەونخونى بەسەر دەبەم، لەوانەیە خوایەك بەرەو ئایینى خۆی رێنموونی كردبیت، دەی دەستخۆشی بكە بەڵكو راستت پێكابێ، دەى باسی ئەوەم بۆ بكە چی رێنموونیت لێ وەرگرتووە بۆم باس بكەو بە تەنها جێم مەهێڵە، بزانە ئەگەر تۆش پەیوەندیت پێمەوە بپچڕێنیت تەنها و تەنها بە دڵگرانیتەوە رادێم و دێم).

كاتێ ئەصیەد نامەكەى باوكى خوێندەوە هات بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و داواى مۆڵەتى لێكرد تا وەڵامى بۆ بنووسێت، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) مۆڵەتى دا و ئەویش لە وەڵامدا شیعرێكی بۆ نووسی كە ئەمە پوختەیەكی واتاكەیەتی:

 (ئەوەى بە تاك و تەنها بە تواناى خۆی ئاسمانى راگرتووە، پێغەمبەرى خۆی موحەممەدى بە رەحمەتى خۆیەوە ناردووە، بەندەكانى بانگ كرد بۆ ئایینى خوا بەخۆشی بێت یان ناخۆشی، ئەوانیش بەرەو رێنموونى هەنگاویان نا، لەو ئاگرەش ترسان كە بەهۆیەوە كەسی سەركەش ماڵوێران دەبێت، بزانە تۆیش دەمریت و لێپێچینەوەت لەگەڵ دەكرێت، دەى تا كەى وا لە پەستی و گومڕاییدا دەمێنیتەوە)

كاتێ باوكى نامەكەى خوێندەوە هات بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و موسڵمان بوو.[1]

 

ئەصیەدی كیلابی(رضي الله عنه):

ناوى ئەصیەدى كوڕی سەلەمەى كیلابیە، لە ساڵی نۆی كۆچیدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەگەڵ سوپایەكدا بە سەركردایەتى ضحاكى كوڕی سوفیان ناردى بۆ هێرش بردنە سەر هۆزەكەیان، لە مانگى رەبیعولئەوەلدا كە گەیشتن بە یەك، ئەصیەد باوكى بانگ كرد تا موسڵمان بێت، بەڵام باوكى موسڵمان نەبوو،[2] دواتر پەناى دا، كەچی باوكى نەك ئەوەى پەناكەى قبووڵ نەكرد بەڵكو قسەی وت بە خودى ئەصیەد و بە ئاینەكەشی،[3] ئەصیەدیش هەڵیكوتایە سەری و داى لە ملى ئەسپەكەى و سەلەمەش لەسەر ئەسپەكە كەوتە خوارەوە و بە رمەكەیەوە خۆى گرتەوە، ئەصیەد وەك رێزێ بەرامبەر بە باوكى نەیكوشت و چوو وازى لێ هێنا، بەڵام دواتر موسڵمانان كە گەیشتن بە باوكى كوشتیان.[4]

ئەمە نموونەیەكى ترى ژیانى هاوەڵانە كە دەیسەلمێنێت لاى هاوەڵان موسڵمانێتى لەپێش خوێنەوە بووە، بۆیە كەسێكى موسڵمانى زمان جیاواز خۆشەویستتر و لە پێشتر بووە لە باوكێكی بێباوەڕی خوانەناس، ئەگەرچی زۆرجار ماددیگەراكان كە  لە دیدی ماددیەوە لێكدانەوە دەكەن بۆ مێژوو، وا دەڕواننە جەنگ وفتوحاتە ئیسلامیەكانى قۆناغى هاوەڵانیش كە لەپێناو ماددەدا بووە و بەرژەوەندیەماددیەكان هۆكار بون، كەچی لە نموونەیەكى لەم جۆرەو دەیان و سەدان نمووونەى تریشدا دەبینین شمشێر هەڵگرتنى هاوەڵان بۆ سەرخستنى ئایینی خوا بووە، ئەصیەد زۆر هەوڵیدا باوكى موسڵمان بێت تا گیان و دنیاو قیامەتى پارێزراو بێت، ئەگەریش موسڵمان بوایە ئەوا زیاتر لە گیانى خۆی دەیپاراست، بەڵام كاتێ بینی باوكى لەبری موسڵمانبوونى كەوتە قسەوتن بە ئایینی خوا، بۆیە ئەوپەڕی رێزنواندنى بۆی ئەوەبوو خۆی نەیكوشت و وازى هێنا تا موسڵمانێكى تر بیكوژێت.



[1] - أسد الغابة، ج1، ص 154- 155.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص92.

[3] -  الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص162.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص92، الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص162.

 2397
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.