دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  عومەرى كوڕی خەططاب(رضي الله عنه) - بەشی شەشەم

ژیانى ئاسایی

شەعبی دەڵێ جارێك ئوبەى لەگەڵ عومەرى كوڕی خەططابدا كێشەیەكى هەبوو، ئەوكات عومەر خەلیفە بوو، ئوبەى وتى عومەر جا تۆ خۆت دەسەلآتداریت، عومەر وتى دەی با كەسێك ببێتە دادوەرى نێوانمان، ئوبەى وتى با زەید بێت، ئەوەبوو چوون بۆ لاى زەید و ئەویش دادوەری لەنێوانیاندا كرد، زەید وتى ئەی ئوبەی بەڵگەت چیە؟ ئەویش وتى هیچ بەڵگەیەكم پێ نیە، زەید وتى دەى دەرفەت بدە با ئەمیری باوەڕداران سوێند نەدەم، عومەرو تى ئەگەر بە پێویستی دەزانیت رێ مەدە ئەمیری باوەڕداران ئەو سوێندە نەخوات.[1]

جارێك كاروانێكى بازرگانى هاتنە مەدینە، عومەرى كوڕی خەططاب كە خەلیفە بوو بە عەبدوڕەحمانى كوڕی عەوفى وت با ئەمشەو پاسەوانى ئەمانە بكەین، ئەویش وتى باشە، ئەوەبوو ئەو شەوە عومەرو عەبدوڕەحمان پێكەوە پاسەوانى ئەو كاروانەیان كرد، منداڵێك بەردەوام دەگریا، عومەر بە دایكی وت لەخوا بترسە وریاى منداڵەكەت بە، كەچی منداڵەگە هەر دەگریا، چەند جارێك عومەر ئەوەى وت بە دایكی، دواجار دایكی هاتە جواب و وتى ئەمەوێت لەشیری ببڕمەوە، بەڵام بیری ناچێتەوە، عومەر وتى بۆ وا دەكەیت؟ وتى ئاخۆ عومەر تەنها بۆ كەسێك بەشی بڕیوەتەوە كە شیرەخۆە نەبێت، عومەر وتى ماڵوێران پەلە مەكە لە شیربڕینەوە، ئەوەبوو بۆ بەیانى بڕیاری دا هەر منداڵێك لەدایك بوو هەر لە لەدایكبوونیەوە بەشی بۆ ببڕێتەوە.[2]

لە سەردەمى خیلافەتى عومەرى كوڕی خەططابدا خەلیفە بیشری كوڕی عاصمی كرد بە بەرپرس لە كۆكردنەوەى صەدەقەى هەوەزان، بەڵام بیشر دواكەوت، خەلیفە چوو بۆ لاى و پێی وت بۆچی دواكەوتیت؟ مەگەر گوێڕایەڵی ئێمەت لەسەر نیە؟ ئەویش وتى با، بەڵام من لە پێغەمبەرى خوام (صلى الله عليه وسلم) بیستووە دەیفەرموو (من ولي شيئا من أمور المسلمين أتي به يوم القيامة حتى يوقف على جسر جهنم، فإن كان محسنا نجا وإن كان مسيئا انخرق به الجسر فهوى فيه سبعين خريفا)، (هەركەس شتێك لە كاروبارى موسڵمانانى گرتەدەست رۆژی دوایی دەهێنرێت تا لەسەر پردی دۆزەخ دەوەستێنرێت، ئەگەر چاكەكار بێت رزگارى دەبێت، وە ئەگەر خراپەكار بێت پردەكە فڕێی دەداتە دۆزەخەوە تا ئەوەى حەفتا پاییز بەناو دۆزەخدا رۆدەچێت)، عومەرى كوڕی خەتتاب كە ئەمەى بیست خەم و پەژارە دایگرت و بە دڵتەنگیەوە ئەوێی جێهێشت، لەرێدا ئەبووذەرى غیفاری پێگەیشت، ئەبووذەر پێی وت چیە دەتبینم غەمباریت؟ وتى چۆن دڵگران نەبم لەكاتێكدا لە بیشری كوڕی عاصمم بیست دەیوت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرموویەتى هەركەس شتێك لە كاروبارى موسڵمانانى گرتەدەست، رۆژی دوایی دەهێنرێت تا لەسەر پردی دۆزەخ دەوەستێنرێت، ئەگەر چاكەكار بێت رزگارى دەبێت، وە ئەگەر خراپەكار بێت پردەكە فڕێی دەداتە دۆزەخەوە تا ئەوەى حەفتا پاییز بەناو دۆزەخدا رۆدەچێت، ئەبووذەر وتى تۆ ئەو فەرموودەت لە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) نەبیستووە؟ عومەر وتى نا، ئەبووذەر وتى دەى من شایەتى دەدەم لە پێغەمبەرى خوام (صلى الله عليه وسلم) بیست دەیفەرموو (هەركەس شتێك لە كاروبارى یەك كەسی گرتەدەست رۆژی دوایی دەهێنرێت تا لەسەر پردی دۆزەخ دەوەستێنرێت، ئەگەر چاكەكار بێت رزگارى دەبێت، وە ئەگەر خراپەكار بێت پردەكە فڕێی دەداتە دۆزەخەوە تا ئەوەى حەفتا پاییز بەناو دۆزەخدا رۆدەچێت، ئاگری دۆزەخیش زۆر رەش و تاریكە)، جا كام فەرموودەیان زیاتر دڵی ترساندیت؟ ئەویش وتى هەردووكیان، ئینجا عومەر وتى كێ بە هەموو چاك و خراپیەوە ئەم دەسەلآتەم لێ وەردەگرێت و لەبری من دەسەلآتدارى دەكات؟ ئەبووذەر وتى هەركەسێك خواى گەورە لووت بڕاوى بكات و كوڵمیشی بە زەویەوە بنووسێنێت.[3]

كاتێك عومەرى كوڕی خەططاب چوویە شام موسڵمانان داوایان كرد لە عومەر تا تكایان بۆ بكات بیلال بانگیان بۆ بدات، ئەویش داواى كرد لە بیلال، بۆیە رۆژێك بیلال بانگى فەرموو، خەڵكەكە بە بیستنى ئەو بانگە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خوایان دەهاتەوە بیر، بۆیە دەستیان كرد بە گریان، گریانێك كە نموونەى وا نەبینرابوو شار ئاوا بەجارێك گریان دایبگرێت.[4]

گیرابوونى نزاى سەعد لاى هەموان روون بوو، بۆیە هەموان دەترسان لە نزاكانى سەعد، جارێك سەعد كەنیزەكێكی هەبوو جلێكی تازەى پۆشیبوو، رەشەبا هات و جلەكانى كەنیزەكەكەى بەزر كردەوەو جەستەى دەركەوت، عومەرى كوڕی خەططاب كە بینی بە گۆچانەكەى دەستی داى لە كەنیزەكەكە، سەعد هات تا رێ لە عومەر بگرێت كەچی عومەر بە گۆچانەكەى داى لە سەعدیش، سەعد كەوتە نزاكردن لە عومەر، عومەر خێرا گۆچانەكەى دەستى دایە دەست سەعد و وتى تۆڵەی خۆت بكەرەوە، سەعدیش لێی خۆش بوو.[5]

جارێك تەمیم دواى نوێژی عەسر نوێژی دەكرد، عومەر بە دارەكەى دەستى داى بەسەر سەریدا، تەمیم وتى ئەی عومەر لەسەر نوێژێك لێم دەدەیت كە لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كردوومە؟ عومەریش وتى ئەی تەمیم هەموو خەڵك ئەوە نازانن كە تۆ دەیزانیت.[6]

كاتێك عومەرى كوڕى خەططاب قودامەى كوڕی مەظعوونى كرد بە والى بەحرەین، قودامە بە جوانى كارەكانى خۆی دەكرد و سكالآى لەسەر نەبوو ئەوەندە نەبێت كە ئامادەى نوێژی جەماعەت نەدەبوو، ئەوەبوو جاروود كە ئەوكات گەورەى عەبدولقەیس بوو هات بۆ لاى عومەرى كوڕی خەططاب وتى ئەى ئەمیری باوەڕداران قودامە مەى خواردوەتەوەو منیش حەددێك لە حەددەكانى خوا دەبینم كە پێویستە لەسەرم بیگەیەنم بە تۆ، عومەر وتى كێ شایەتى دەدات لەسەر ئەوە، جاروود وتى ئەبوهورەیرە شایەتى ئەوە دەدات، عومەریش نامەى نووسی بۆ قودامەو داواى كرد بێت بۆ لاى، جاروود قسەی دەكرد بۆ عومەر و دەیوت پەیامى خوا لەم مەسەلەدا بەجێبگەیەنە، عومەریش پێی وت تۆ لەم مەسەلەدا شاهیدیت یان نەیاریت (لایەنى كێشەكە) جاروود وتى من شاهیدم، عومەر وتى دەى تۆ شایەتى خۆتت بەجێگەیاند، بۆیە جاروود بێدەنگ بوو، بەیانى هەمدى هاتەوە بۆ لاى و بە عومەرى وت حەددى خوا لەسەر ئەم كەسە جێبەجێ بكە، عومەریش وتى هەرچی سەیرت دەكەم تۆ نەیارو سكالآكاریت، تەنها یەك كەسیش هەیە شاهیدی لەسەر بدات، سوێند بەخوا یان زمانى خۆت رادەگریت یان توندیت لەڕوودا دەنوێنم، جاروودیش وتى سوێند بەخوا ئەوە حەق نیە ئامۆزاكەت مەى بخواتەوەو تۆش توندى بەرامبەر من بنوێنیت، ئەوەبوو عومەر لێی تووڕە بوو و ماوەیەك بە بەندى هێشتیەوە.[7]

جەریر دەڵێت جارێك لەگەڵ عومەرى كوڕی خەططاب و ژمارەیەك لە موسڵماناندا بووین، كەسێكیان بایەكى لێ بوویەوە، عومەر وتى ئێستا پێی دەڵێم بڕوات دەستنوێژ بگرێت، جەریر وتى بەڵكو فەرمان بكە با هەموومان دەستنوێژ بگرین، ئەوەبوو عومەر وتى دەبێت خۆم و هەموویشتان دەستنوێژ بگرین، ئەوەبوو هەستاین دەستنوێژمان گرت و نوێژمان كرد، عومەریش بە جەریری دەفەرموو (رەحمەتى خوات لێ بێت لە سەردەمى نەفامیدا گەورەیەكى زۆر چاك بوویت، لە سەردەمى ئیسلامیشدا گەورەیەكى زۆر چاك بویت).[8]

جارێك حەسسان لە مزگەوتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) شیعری دەهۆنیەوە، عومەر داى بە لایدا و رێگری لێكرد كە بۆچی لە مزگەوتدا شیعر دەهۆنێتەوە، ئەویش وتى من لە مزگەوتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) شیعرم دەهۆنیەوەو كەسی لە تۆ باشتریشی تێدا بوو (مەبەستى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو)، عومەریش وتى راست دەكەیت.[9]

میسوەرى كوڕ مەخرەمە دەڵێت جارێك لەگەڵ عومەر بۆ حەج دەچووین رێمان دەكرد كە یەكێك لەسەر رێگە هاوارى كرد راوەستن، ئێمەش راوەستاین، كابرا وتى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لەناوتاندایە؟ عومەر وتى ئاگات لە خۆتە چی دەڵێیت؟ ئەو وەفاتى كردووە، كابرا ویستى بڕوات، لایەكى كردەوەو وتى دواى ئەو كێ هاتە شوێنی؟ وتى ئەبووبەكر، كابرا وتى ئێستا لەناوتاندایە؟ عومەر وتى مردووە، كابرا ویستی بڕوات و پشتی هەڵكرد، لایەكی كردەوەو وتى دواى ئەو كێ چووەتە شوێنی؟ وتى عومەر، كابرا وتى ئێستا لەگەڵتانە؟ عومەر وتى ئەمەیە كە قسەت لەگەڵ دەكات، كابرا وتى دەى فریام كەوە، عومەر وتى تۆ كێێت؟ وتى من حەنەشی كوڕی عەقیلم، لە رێی بەنى جوعال گەیشتم بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەویش بانگهێشتى كردم بۆ ئیسلام و منیش موسڵمان بووم، ئینجا بڕێ ئاوى پێدام تا بیخۆمەوە، تا ئێستاش ئەو ئاوە نەبڕاوەو برسیم بێ تێرم دەكات و تینوویش بم تینوێتیم ناهێڵێت، دە ساڵە من و ژن و مناڵم وا دەژین و لە شوێنی خۆمم رۆژانە پێنج جار نوێژ دەكەم و رۆژووى رەمەزان دەگرم و لە دەی زیلحەججەدا قوربانى دەكەم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وا فێری كردم، بەڵام ئەمساڵ پەكم كەوتووەو ئاوەكەم نەماوە، عومەر وتى فریات دەكەوم، بمبە بۆ سەر ئاوەكە، میسوەر دەڵێت ئینجا چووین و دواتر كە هاتینەوە پرسیارمان كرد لە خاوەن ئاوەكە ئەرێ حەنەش چی دەكات، ئەویش وتى مردووەو ئەوە گۆڕەكەیەتى، عومەر سۆزى بۆى جوولآ و نزاى خێر و داواى لێخۆشبوونى بۆ كرد.[10]

عومەرى كوڕی خەططاب پرسیارى لە حوذەیفە دەكرد دەیوت ئەرێ لەنێو كاربەدەستەكانمدا كەسی دووڕوو هەیە؟ ئەویش دەیوت بەڵێ یەكێك هەیە؟ عومەر وتى كێیە؟ حوذەیفە وتى پێت ناڵێم، ئەوەبوو دواتر عومەر ئەو كەسەی لابرد، حوذەیفە دەیوت دەتوت عومەر زانیویەتى دووڕووەكە ئەو كەسەیە.[11]

هەروەها كاتێك لە سەردەمى عومەردا كەسێك دەمرد عومەر دەوەستا تا بزانێت حوذەیفە ئامادەیە نوێژی لەسەر بكات، ئەگەر ئامادە بوایە ئەویش نوێژی لەسەر ئەكرد، ئەگەریش ئامادە نەبوایە عومەریش نوێژی لەسەر نەدەكرد نەبادا دووڕوو بێت و ئەو نوێژی لەسەر بكات.[12]

حوذەیفە لە سەردەمى خیلافەتى عومەردا والى مەدائین بوو، عومەرى كوڕی خەططاب ئەوى كرد بە والى مەدائین، حوذەیفە بەڵێنى خۆی خوێندەوە بۆیان، ئینجا خەڵكەكە وتیان چیت دەوێت داواى بكە، ئەویش وتى تەنها خواردنێ بۆ خۆم و ئالیكێ بۆ گوێدرێژەكەمم دەوێت تا لەنێوتاندا بم، ئەوەبوو ماوەیەكى زۆر لەوێ بوو، ئینجا عومەر نامەى بۆ نارد وەرەوە، ئەوەبوو ئەویش گەڕایەوە، كاتێك عومەر بیستى دەگەڕێتەوە لەسەر رێ بە نهێنی دانیشت تا بیبینێت، بینی چۆن چووبوو هەر وا گەڕابوویەوە، لەسەر گوێدرێژەكەى بوو و پارچە نانێكیشی بە دەستەوە بوو و قاچەكانى شۆڕ كردبوونەوە، ئەوەبوو عومەر چوو و باوەشی پیا كرد و وتى تۆ برای منیت و منیش براى تۆم.[13]

جارێك سەلمان لەگەڵ سەعدى كوڕی ئەبی وەقاص دەمەبۆڵەیەكی بوو، سەعد وتى ئەی سەلمان ئادەى رەچەڵەكى خۆتم بۆ بڵێ، سەلمان وتى من باوكێكم نیە لە ئیسلامدا بووبێت، من سەلمانى كوڕی ئیسلامم، ئینجا ئەو قسەیە گەیشتەوە دەمى عومەر، دواى ماوەیەك عومەر رێی كەوتە سەعد، وتى ئەی سەعد ئادەى رەچەڵەكى خۆتم بۆ بڵێ، خێرا سەعد زانى عومەر بەسەرهاتەكەى بیستووەتەوە، بۆیە وتى توخوا ئەی ئەمیری باوەڕداران وازم لێ بهێنە، ئەویش وتى هەر دەبێت بیڵێیت، سەعد رەچەڵەكى خۆی وت، عومەر وتى قورەیش دەزانن خەططاب شكۆدارترینیان بوو لە سەردەمى نەفامیدا، دەى من عومەرى كوڕی ئیسلامم براى سەلمانى كوڕی ئیسلامم، بەخوا ئەگەر لەبەر شتێك نەبوایە سزام دەدایت.[14]

 

دەركردنى جوولەكەكان:

یەكێك لە كارەكانى عومەرى كوڕی خەططاب دەركردنى جوولەكەكان بوو لە خاكى حیجاز، ئەوەبوو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە غەزاى خەیبەردا كە سەركەوت، ویستی جوولەكەكان لە خاكى حیجاز دەربكات، بەڵام ئەوان داوایان كرد دەریان نەكات لە بەرامبەردا نیوەى بەرهەمەكەیان دەدەن بە موسڵمانان، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) رازى بوو و فەرمووى (لێرە دەتانهێڵینەوە تا هەر كاتێك بمانەوێت)، ئەوەبوو عومەر لە خیلافەتەكەیدا ئەو جوولەكانەى دەركرد بۆ ناوچەی تەیما ْ و ئەیحا ْ.[15]

پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لە پێش وەفاتیدا و لە كاتى سەرەمەرگیدا فەرمووى (جوولەكەى حیجاز و نەجران دەربكەن).[16]

عومەر ئاوات بە مەرگ دەخوازێت

عومەرى كوڕی خەططاب لە كۆتا حەجیدا-لەساڵی 23 كۆچی- نزایەكی كرد ە تاسەی مەرگی تێدا بوو، دەستەكانى بەرەو ئاسمان بەرز كردەوەو وتى: خوایە، تەمەنم زۆرەو توانام كەمی كردووەو ناوچەی دەسەلآتم فراوان بووە، دەى خوایە تا نەفەوتاوم بمبەرەوە بۆ لاى خۆت.[17]

هەروەها عومەر نزای دەكرد(خوایە شەهیدیەكم پێ ببەخشە كە لەرێی تۆدا بێت، مەرگیشم بخەرە ناو شارەكەى پێغەمبەرەكەتەوە).[18]

ئەم كارەى عومەر شتێكی نامۆ نەبووە لەناو هاوەڵاندا، بەڵكو هاوەڵانێك كە ترساون لەوەى تووشی فیتنە بن نزاى مەرگیان كردووە، بۆ نموونە:

حەسەنى كوڕی ئەبیلحەسەنى بەصری دەڵێت حەكەمى كوڕی عەمر-كە هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو- كە نزاى مەرگى كرد وتى ئەی تاعوون وەرە بمبە بۆ لاى خۆت، كەسێك پێی وت باشە تۆ چۆن وا دەڵێیت لەكاتێكدا بیستووتە لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە دەیفەرموو (كەستان لەبەر خراپەو زیانێك كە تووشی دەبێت ئاوات بە مەرگ نەخوازێت)، حەكەم وتى بەڵێ من ئەو فەرموودەم بیستووە، بەڵام دەمەوێت پێش شەش شت بكەوم و نەگەم بەوانەو پێش ئەوانە بمرم: فرۆشتنى دادوەری...[19]

هەرچەندە ذەهەبی بێدەنگ بووە لە حوكمى صەحیحی ئەم فەرموودەیە، بەڵام لەو دەقەى ئیبن حەجەرەوە دەزانین صەحیحە كە دەڵێت راى راستتر ئەوەیە حەكەم نزاى مەرگى بۆ خۆی كردووە.

سەبارەت بە حوكمى داواكردنى مەرگ لە شەرحى ئەو فەرموودەدا كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت (كەستان لەبەر خراپەو زیانێك كە تووشی دەبێت ئاوات بە مەرگ نەخوازێت) ئیبن حەجەر دەڵێت: ئەم گوتارە بۆ هاوەڵان و موسڵمانانى دواتریشە، سەبارەت بەوەى فەرموویەتى لەبەر زیانێك داواى مەرگ نەكرێت دەستەیەك لە زانایانى پێشین پێیان وایە مەبەستی زیان و نارەحەتى دنیاییە، ئەگەرنا ئەگەر بینی زیانەكە بۆ ئاخیرەتى بوو و ترسا دینەكەى تووشی فیتنە بێت ئەوە رێگری نەكراوە لە داواى مەرگ، دەستەیەك لە هاوەڵانیش ئەوەیان كردووەو –لە ترسی زیانى ئاخیرەت- داواى مەرگیان كردووە، وەك لە مەوطائدا هاتووە عومەر داواى مەرگى كردووەو وتوویەتى خوایە تەمەنم زۆر بووەو توانام كەمی كردووەو هاوڵاتیانیشم بلآوبوونەتەوە، دەى بمبەرەوە بۆ لاى خۆت،...سەبارەت بەوەش كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرموویەتى (ئەگەر هەركامتان هەر ناچار بوو –ئاوات بە مەرگ بخوازێت- با بڵێت خوایە بممرێنە ئەگەر مەرگ خێرە بۆم) ئەوە ئاماژەیە بەوەى ئەو شێوە داواكردنە رێگری لێنەكراوەو راستەوخۆ داواكردنى مەرگ نیشاندانى جۆرێك لە نارەزایەتیە.[20]



[1] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 435.

[2] - البداية والنهاية لابن كثير، ج7، ص 135.

[3] - الآحاد والثانى لابن أبي عاصم، الرقم 140، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 1206، ضعفه الألبانى في صحيح و ضعيف الترغيب و الترهيب، الرقم 1311.

[4] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص357.

[5] - سر أعلام النبلاء، ج1، ص 114.

[6] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 448.

[7] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج5، ص 560-561.

[8] - سير أعلام النبلاء للذهبي، ج2، ص 535.

[9] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 513.

[10] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 131.

[11] - أسد الغابة، ج1، ص 573.

[12] - أسد الغابة، ج1، ص 573.

[13] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 366.

[14] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 544.

[15] - صحيح البخاري، الرقم 2234.

[16] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 1636، صححه أحمد شاكر، كما صححه شعيب الأرناؤوط.

[17] - موطأ مالك، الرقم 1502، المستدرك على الصحيحين، الرقم 4462.

[18] - صحيح البخاري، الرقم 1800.

[19] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 5869، سكت عنه الذهبي.

[20] - فتح الباري، ج10، ص 128.

 1400
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.