دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  عیمران (رضي الله عنه)

عیمرانى كوڕی حوصەین (رضي الله عنه)

ناوى عیمرانى كوڕی حوصەینی كوڕی عوبەیدە، كونیەكەى ئەبوونوجەیدە، لە ساڵی فەتحى خەیبەردا موسڵمان بوو، دواتر بەشدارى چەند غەزایەكی كرد، لە فەتحى مەككەشدا بەشدارى كرد و ئالآى خوزاعیەكانى بەدەستەوە بوو.[1]

عیمران دەڵێت جارێك لە سەفەرێكدا لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بووین، بە شەو رێمان دەبڕی تا گەیشتە كۆتایی شەو كەمێك خەوتین، بەڵام خەوەكەمان زۆری خایاند تا ئەوەى تیشكی خۆرمان بەركەوت و بەوە بێدار بووینەوە، ئێمە وا راهاتبووین كەس پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) بێدار نەدەكردەوە تا خۆی لەخەو هەستایە، چونكە نەماندەزانى لە خەوەكەیدا چی بۆ روودەدات، عومەر كە هەستا و بارى خەڵكەكەى بینی دەستی كرد بە الله اكبر كردن و بە دەنگى بەرزیش دەیوت تا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە خەو راچڵەكى، كە لە خەو هەستا خەڵكەكە باسی باری خۆیان بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خستەڕوو، ئەویش فەرمووى (كێشە نیە-بجووڵێن)، ئەوەبوو جوولآین و كەمێك چووین، دابەزى و داواى ئاوى كرد و دەستنوێژی گرت و بانگ درا بۆ نوێژ و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەرنوێژی كرد بۆ خەڵكەكە، كە لە نوێژەكەى تەواو بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كابرایەكى بینی كەنارى گرتبوو و لەگەڵ خەڵكەكە نوێژی نەدەكرد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى ئەی فلآنە كەس بۆچی لەگەڵ خەڵكەكە نوێژ ناكەیت؟ كابرا وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) تووشی لەشگرانى بووم و ئاویش نیە خۆم بشۆم، ئەویش فەرمووى (علیك بالصعید فانە یكفیك)، (خۆڵ بەكاربهێنە-بۆ تەیەمموم- ئەوەت بەسە)، دواتر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كەوتەڕێ و خەڵكێك سكالآى تینوێتییان كرد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) عەلى و كەسێكی تری بانگ كرد و فەرمووى (بڕۆن و بە دواى ئاودا بگەڕێن)، ئەوانیش چوون تا بە دواى ئاودا بگەڕێن...[2]

عیمران دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (اطلعت في الجنة فرأيت أكثر أهلها الفقراء، واطلعت في النار فرأيت أكثر أهلها النساء[3] (تەماشای بەهەشتم كرد زۆربەى خەڵكەكەى هەژاران بوون، تەماشای دۆزەخیشم كرد زۆربەى خەڵكەكەى ئافرەتان بوون).

دواتر عیمران چوو بۆ بەصرەو لەوێ نیشتەجێ بوو و هەر لەوێیش وەفاتى كرد، مردنیشی لە ساڵی پەنجاو دوو یان پەنجاو سێی كۆچیدا بوو،[4]لە كاتى فیتنەى نێوان هاوەڵاندا عیمران كەنارى گرت و بەشداری تێدا نەكرد.[5]

عیمرانى كوڕی عوەیم (رضي الله عنه)

ناوى عیمرانى كوڕی عوەیم یان كوڕی عوەیمیرە، لەبەسەرهاتێكدا باسی هاتووە كە خوشكەكەى-یان بە گێڕانەوەیەكى تر كچەكەى- لەگەڵ هەوێكەى –ژنی تری مێردەكەى- جەنگى كردووەو كوشتوویەتى و عیمرانیش خوێن باییەكەى داوە.[6]

دوو ئافرەت پێكەوە جەنگان و یەكێكیان داى لەوى تریان و ژنەكەو كۆرپەكەی سكیشی كوشت، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) حوكمى بەوەدا ژنەكە بكوژرێتەوەو لە بری كۆرپەكەش كۆیلە یان كەنیزەكێك بدرێت،[7] جا ئەو دوو ژنەى كە جەنگیان كرد هەردووكیان ژنی حەمەل خۆی بوون، یەكێكیان ناوى مولەیكە بوو و ئەوی تریش ناوى ئوممو عەفیف بوو،[8] ئوممو عەفیف بە دارێك داى لە مولەیكەو كوشتی،[9] حەمەل هات بۆ لاى باوكى ژنە بكوژەكەو وتى خوێن بایی ژنەكەم و منداڵەكەمم دەوێت، باوكیشی وتى منداڵەكانى خوێن باییەكەى ئەدەن، سكالآ برایە لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئەویش فەرمووى (خوێن بایی لەسەر كەسوكارە و بۆ كۆرپەش كۆیلە یان كەنیزەكێك دەدرێت).[10]

 



[1] - أسد الغابة، ج4، ص 299.

[2] - صحيح البخاري، الرقم 340، صحيح مسلم، الرقم 1135.

[3] - صحيح البخاري، الرقم 3085، صحيح ابن حبان، الرقم 7562، سنن الترمذي، الرقم 2591، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 8975، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 19517.

[4] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 705.

[5] - أسد الغابة، ج4، ص 299.

[6] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 707.

[7] - صحيح ابن حبان، الرقم 6113، سنن الدارمي، الرقم 2339، سنن أبو داود، الرقم 3982، سنن ابن ماجة، الرقم 2637، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 6728، سنن الدارقطنى، الرقم 2806، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 14886، مسند احمد بن حنبل، الرقم 3313، صححه شعيب الأرناؤوط.

[8] - مشكل الآثار للطحاوى، الرقم 3891.

[9] - فتح الباري، ج10، ص 218.

[10] - السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 15237.

 1276
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.