دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئوسەیدى كوڕی حوضه یر (رضي الله عنه):

لە هاوەڵە پشتیوانەكانە لە ئەوسیەكان لە بەنى عەبدولئەشهەل،[1] ناوى ئوسەیدی كوڕی حوضهیری كوڕی سەمماكى كوڕی عوتەیكە،[2] حوضهیری باوكى سوارچاكى ئەوسیەكان بوو لە جەنگەكانیاندا، واتە پێگەیەكى دیارى هەبوو و قەلآیەكیشی هەبوو، لە جەنگى بوعاثدا كە پێش هاتنى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) روویدا باوكى ئوسەید گەورەى ئەوسیەكان بوو،[3] بەڵام بە بێباوەڕی مرد.[4]

دایكی ناسراوە بە ئوم ئوسەید، ئوسەید منداڵێكى هەبوو بە ناوى یەحیا[5] كە لەگەڵ ئوسەیدى باوكیدا بەشدارى حودەیبیە بوو.[6]

سەبارەت بە كونیەكەى چەند بۆچوونێ هاتووە، ئیبن عەبدولبەر دەڵێت پێنج كونیەى لەسەر هاتووە (ئەبوو عیسا، ئەبوو یەحیا، ئەبوو حوضه ير، ئەبوو عتیك، ئەبولحوصەین)،[7] هەندێ كونیەى شەشەمى بە ئەبووعەتیق دێنن.[8]

ئوسەید یەكێك بوو لەو هاوەڵە پشتیوانیانەى زۆر زوو موسڵمان بوو، موسڵمانبوونى لە پێش موسڵمانبوونى سەعدى كوڕی موعاذ بوو، موسڵمان بوونیشی لەسەر دەستى موصعەبی كوڕی عومەیر بوو.[9]

جارێك ئەسعەد موصعەبی برد بۆ لاى بەنى عەبدولئەشهەل تا لەسەر ئیسلام قسەیان بۆ بكات، گەیشتنە ناو باخێكی بنى ظفر و لاى بیرێ دانیشتن، بڕێ لە خەڵكى هۆزى ئەسلەم لە دەوریان كۆبوونەوە، هێشتا سەعدى كوڕی موعاذ و ئوسەیدى كوڕی حوضهیر كە گەورەى هۆزەكانیان بوون موسڵمان نەبووبوون، كاتێ قسەكانى ئەسعەدو موصعەبیان بیست سەعد بە ئوسەیدی وت هەى بێباوك بڕۆ بۆیان، سەیركە چۆن هاتوونەتە خاكمان تا هەرزەكارەكانمان لەخشتەبەرن، بڕۆ بەریان پێ بگرە و مەهێڵە بێنە ناوچەی ئێمە، ئوسەیدیش بە خەنجەرێكەوە هات، ئەسعەد بە موصعەبی وت ئەمە گەورەى هۆزەكەیەتى، دێت بۆ لات، راست پەیامى خواى پێ بڵێ، موصعەب وتى ئەگەر دابنیشێ قسەى لەگەڵ ئەكەم، ئوسەید بە قسەوتنەوە هاتەبەردەمیان، وتى بۆچی هاتون بۆ لامان تا هەرزەكارەكانمان لەخشتەبەرن، ئەگەر گیانى خۆتانتان لا خۆشەویستە دووربگرن لێمان، موصعەب پێی وت بۆچی دانانیشیت تا گوێمان لێ بگریت، ئەگەر بەدڵت نەبوو وازدێنین، ئەویش وتى قسەكەت جوانە، خەنجەرەكەى دەستى داچەقاند بەناو زەویدا و لەبەردەمیاندا دانیشت، موصعەب باسی ئیسلامى بۆ كرد و قورئانى بۆ خوێندەوە، خێرا ئومێدى موسڵمانبوونیان لە روخساریدا بەدیكرد، ئوسەید وتى چەند جوان و چاك ئەڵێن، باشە ئەگەر بتانەوێ بچنە ناوئەم ئاینە چی دەكەن؟ ئەوانیش پێیان وت خۆت بشۆ و جلەكانت بشۆ و دواتر شایەتومانى حەق بهێنە و دواتر نوێژ بكە، ئەویش وایكرد، دواتر ئوسەید وتى من كەسێكم لەدواى خۆم جێهێشتووە ئەگەر ئەویش شوێنتان بكەوێ چی كەسی ناو هۆزەكەى هەیە شوێنتان ئەكەون، ئێستا ئەینێرم بۆ لاتان، ئەویش سەعدى كوڕی موعاذە، ئینجا ئوسەید خەنجەرەكەى هەڵگرت و چوو بۆ لاى سەعد و هۆزەكەشی چاوەڕوان بوون، سەعد پێی وت چیت كرد؟ ئوسەید وتى من قسەم لەگەڵ كردن بەخوا واى نابینم خراپ بن،  رێم لێگرتن، ئەوانیش وتیان چیت پێ خۆشە وادەكەین، بەنى حارثه ویستیان بچن ئەسعەدى كوڕی زورارە بكوژن، ئەشزانن پوورزاى تۆیە، وادەكەن وەك سووكایەتى بە تۆ، سەعد بە توورەیی و خێرایی هەستا و چوو بۆ لایان، كە چوو بینی هەردووكیان بێخەم دانیشتون زانى ئوسەید ویستوویەتى گوێیان لێ بگرێ، بە قسەوتنەوە (جنێودانەوە) لەبەردەمیاندا راوەستا، بە ئەسعەدى كوڕی زرارەى وت بەخوا لەبەر خزمایەتى نێوانمان نەبوایە ئەمەت بەسەردا تێنەئەپەڕی، موصعەب پێی وت بۆچی دانانیشیت گوێمان لێ بگریت، ئەگەر بەدڵت بوو باشە، ئەگەر بەدڵت نەبوو لێت دووردەكەوینەوە، سەعد وتى قسەكەت جوانە، دانیشت و خەنجەرەكەى داچەقاند بە زەویداو گوێی لێگرتن، هەمان شتیش بۆ ئەم روویدا، كە سەعد گەڕایەوە، هۆزەكەى وتیان بەوخوایە سەعد بەدەموچاوێكى ترەوە هاتوەتەوە، كاتێ سەعد گەیشتە لایان وتى ئەی بەنى عەبدولئەشهەل منتان لا چۆنە؟ وتیان گەورەو شارەاز و بەڕێزترینى ئێمەیت، ئەویش وتى دەى دەنگم لە ژن و پیاوتان هەڵدەگرم تا كاتێ باوەر دێنن بە خوا و پێغەمبەرەكەى، بەوە هەرهەموو بەنى عەبدولئەشهەل موسڵمان بوون جگە لە چەند كەسێ، پاشان ئەسعەد موصعەبى بردەوە بۆ ماڵی خۆیان.[10]

ئەم هاوەڵە لە بەیعەتى عەقەبەدا بەشدار بوو و یەكێك بوو لە نەقیبەكان.[11]

كاتێ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كۆچی كرد بۆ مەدینەو برایەتى خستە نێوان پشتیوانان و كۆچەران، برایەتى خستە نێوان ئوسەیدى كوڕی حوضهیرو زەیدی كوڕی حارثهوە.[12]

ئەبووهورەیرە دەگێڕێتەوە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو ( نِعم الرجل أبو بكر، نِعم الرجل عمر، نِعم الرجل أبو عبيدة بن الجراح، نِعم الرجل أسيد بن حضير، نِعم الرجل ثابت بن قيس، نِعم الرجل معاذ بن جبل، نِعم الرجل معاذ بن عمرو بن الجموح)،[13] (ئەبووبەكر پیاوێكی باشە، عومەر پیاوێكی باشە، ئەبووعوبەیدەی كوڕی جەراح پیاوێكی باشە، ئوسەیدی كوڕی حوضهیر پیاوێكی باشە، ثابتى كوڕی قەیس پیاوێكی باشە، موعاذی كوڕی جەبەل پیاوێكی باشە، موعاذى كوڕی عەمری كوڕی جەمووح  پیاوێكی باشە).

سەبارەت بە بەشداربوونى لە غەزاى بەدردا راجیایی هەیە، هەندێ دەڵێن بەشدار بووەو هەندێ ناوى لە بەشداربواندا ناهێنن،[14] چونكە هاوەڵان نەیاندەزانى جەنگى بەدر روودەدات.[15]

لە جەنگى ئوحوددا ئوسەید بەشدارى كرد و لەو جەنگەدا حەوت جار بریندار كرا،[16] ئوسەید دواتر بەشدارى غەزاى خەندەق و هەموو غەزاكانى تری كرد.[17]

لە رووداوى ئیفكدا كاتێ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وردەكارى تەواوى كرد بۆ ئەو رووداوە، دواتر لەناو هاوەڵە پشتیوانەكانیدا بوو ویستى پۆزشی عەبدوڵاى كوڕی ئوبەى كوڕی سەلوول وەربگرێ، بە هاوەڵانى فەرموو (من يعذرني من رجل بلغني أذاه في أهلي، فوالله ما علمت على أهلي إلا خيرا، وقد ذكروا رجلا ما علمت عليه إلا خيرا، وما كان يدخل على أهلي إلا معي)، (كێ پۆزشم بۆ وەردەگرێ لە كەسێ كە بیستوومەتەوە بە خراپە باسی خێزانەكەمى كردووە، دەى سوێند بەخوا من هەر چاكەى خێزانەكەم دەزانم-واتە چاكەم لێ دیوە- ئەوانە باسی پیاوێكیان كردووە كە بەس خێرو چاكەى لەبارەوە دەزانم، بەتەنها لەگەڵ خۆیشمدا هاتووە بۆ لاى خێزانەكانم)  سەعدى كوڕی موعاذ هەستاو وتى ئەى پێغەمبەرى خوا بەخوا من ئەوەت بۆ دەكەم، ئەگەر لە ئەوسیەكان بێت ئێمە دەدەین لە ملى، ئەگەریش لەناو برا خەزرەجیەكانماندا بێت فەرمانمان پێبكەیت فەرمانت بەجێدەگەیەنین، سەعدى كوڕی عوبادە كە گەورەى خەزرەجیەكان بوو و پیاوێكى چاك بوو دەمارگیری گرتى، هەستاو وتى سوێند بەخوا درۆ دەكەیت نایكوژیت و ئەوەشت پێ ناكرێت، ئوسەیدی كوڕی حوضهیریش هەستا و وتى بەخوا تۆ درۆ دەكەیت، ئێمە دەیكوژین، تۆ دووروویت و سەبارەت بە دووروان مشتومڕ دەكەیت، هەردوو دەستەى ئەوس و خەزرەج هەستان و خەریك بوو بكەونە وێزەى یەك، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەسەر مینبەر دابەزى و هێورى كردنەوە..).[18]

جارێك دایكی باوەڕداران عائیشە گەردن بەندێكى لە ئەسماء بە ئیستیعارە وەرگرت، كەچی گەردن بەندەكەى لێ ون بوو، ئەوەبوو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چەند هاوەڵێكى خۆی نارد تا بیدۆزنەوە، ئوسەیدیش یەكێ بوو لەو هاوەڵانە، لەو كاتەدا كاتى نوێژ بوو، ئاویان پێ نەبوو، بۆیە بێ دەستنوێژگرتن نوێژیان كرد، كاتێ گەڕانەوە باسەكەیان گێڕایەوە بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئەوەبوو ئایەتى تەیەمموم دابەزى، ئوسەید بە دایكی باوەڕداران عائیشەى وت: خوا پاداشتى خێرت بداتەوە، سوێند بەخوا تووشی هەر حاڵێ دەبیت خواى گەورە دەروو لە تۆ دەكاتەوەو دەشیكاتە بەرەكەتێ بۆ موسڵمانان.[19]

لە غەزاى طائيفدا كاتێ یەكێك لە  كۆیلەكان بە ناوى ئیبراهیمی كوڕی جابر موسڵمان بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سپاردیە دەست ئوسەید و ئوسەیدى راسپارد تا هاوكاری ماددى بكات و پێویستیەكانى بۆ دابین بكات و زانست و زانیاریشی فێر بكات.[20] 

ئەنەسى كوڕی مالیك دەڵێت: لە شەوێكى تاریكدا دوو كەس لە خزمەت پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) چوونە دەرو لە بەردەمى ئەو دوو كەسەوە رووناكیەك هەبوو تا ئەو شوێنەى لەیەك جیابوونەوە، كە جیابوونەوە رووناكیەكەش لە نێوانیاندا دابەش بوو و هەر بەشێكى لەگەڵ یەكێكیاندا بوو، هەر لە فەرموودەكەدا هاتووە ئەو دوو كەسە بریتی بوون لە ئوسەیدى كوڕی حوضهیرو عەببادى كوڕی بیشر.[21]

ئیبن عەبدولبەر باس لەوە دەكات عامرى كوڕی طوفەیل و زەید چوون بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تا بڕێك دارخورمایان پێ ببەخشێ، بەڵام ئوسەید رمێكى هەڵگرت و چوو بۆیان و وتى بڕۆن هەى دوو رێویەكە، عامر وتى تۆ كێیت؟ وتى من ئوسەیدى كوڕى حوضهیرم، وتى حوضهیری كاتب؟ وتى بەڵێ، عامر وتى باوكت لە خۆت باشتر بوو، ئوسەید وتى من لە تۆیش و لە باوكیشم باشترم، باوكم بە بێباوەڕی مرد.[22]

ئەنەسی كوڕی مالیك دەڵێت جوولەكەكان كاتێ ئافرەتیان دەكەوتە حەیزەوە نانیان لەگەڵ نەدەخواردن و لە ماڵدا لەگەڵیان دانەدەنیشتن، هاوەڵانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەو بارەوە پرسیاریان كرد لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئەوەبوو خوا ئەم ئایەتەى دابەزاند(ويسألونك عن المحيض قل هو أذى فاعتزلوا النساء في المحيض...)، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى ( اصنعوا كل شيء إلا النكاح)،(هەموو شتێك بكەن جگە لە جووتبوون)، جوولەكەكان ئەمەیان بیست، وتیان ئەم كابرایە چیەتى، هەرچی ئێمە بیكەین پێچەوانەى ئێمە دەكات، ئوسەیدى كوڕی حوضهیر و عەببادى كوڕی بیشر هاتن و وتیان ئەی پێغەمبەرى خوا جوولەكە ئاواو ئاوا دەڵێن بۆیە ئێمە لەگەڵ ئافرەتان كۆنابینەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) رەنگى گۆڕا تا ئاستێ وتمان رقی لەو دوانە هەڵگرتووەو لێیان تووڕە دەبێت، ئەو دوانە چوونە دەرەوەو لەو كاتەدا بڕێ شیر بە دیارى هات بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ناردى بە شوێنیاندا و ئەوانیش گەڕانەوەو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە شیرەكەى پێدان تا بیخۆنەوە، ئیتر بەوەدا زانیان رقی لێ هەڵنەگرتون.[23]

جارێك ئوسەید هات بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و باسی هەژارى ماڵێكى پشتیوانانى بۆ كرد، ئەوكات پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چی خواردنى لابوو دابەشی كردبوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرموو (تركتنا حتى ذهب ما في أيدينا، فإذا سمعت بشيء قد جاءنا فاذكر لي أهل البيت)، (پێت نەوتین تا چی لە دەستماندا هەبوو نەما، ئەمجار بیستت شتێكمان بۆ هاتووە وەرە و ئەو ماڵەم بیربخەرەوە)، دواى ماوەیەك بڕێ خواردن هات بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە گەنم و خورما بوو لە خەیبەرەوە بۆی هاتبوو، زۆربەى كەسەكانى ئەو ماڵە هەژارەش ئافرەت بوون، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خواردنەكەى بەسەر خەڵكدا دابەش كرد و بەشی زۆر باشی بۆ ئەو ماڵە دانا، ئوسەید سوپاسی پێغەمبەرى (صلى الله عليه وسلم) كرد و وتى (ئەى پێغەمبەرى خوا خواى گەورە لەبری ئێمە چاكترین-یان پاكترین- پاداشتت بداتەوە)، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (وأنتم معشر الأنصار فجزاكم الله أطيب الجزاء - أو قال : خيرا - ما علمتكم أعفة صبر، وسترون بعدي أثرة في الأمر والعيش، فاصبروا حتى تلقوني على الحوض)، (ئێوەش ئەى كۆمەڵی پشتیوانان خواى گەورە چاكترین-یان پاكترین- پاداشتتان بداتەوە،  هێندەى من لەسەر ئێوەى بزانم زۆر پاك و خۆڕاگرن، جا دواى من لە دەسەلآت  و ژیاندا خۆكارى و بێبەشكردن دەبینن، دەى خۆڕاگر بن تا لەسەر حەوز- حەوزى كەوثهر- پێم دەگەنەوە) .[24]

دایكی باوەڕداران عائیشە دەڵێت: جارێك لە گەشتێكەوە دەگەڕاینەوە، كە گەیشتینە زیلحولەیفە، لەوێ مندالآنى پشتیوانان بەخێرهاتنەوەى خەڵكەكەیان دەكرد، كاتێ ئوسەیدیان بینی هەواڵى مەرگى ژنەكەیان پێدا، ئەویش بەكوڵ گریا، منیش پێم وت: سوبحانەلآ، تۆ لە هاوەڵانى پێغەمبەرى خوایت و لەوانەیت زوو موسڵمان بوویت، بۆچی بۆ ژنێك دەگریت؟ ئەویش سەرى خۆی رووتكرد و وتى راست دەكەیت، سوێند بەخوا حەقە دواى مەرگى سەعدى كوڕی موعاذ بۆ مەرگى كەس نەگریم، كاتێ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سەبارەت بە سەعد ئەوەى فەرموو كە فەرمووى، عائیشە وتى بۆ چی فەرموو؟ وتى فەرموى (لقد اهتز العرش لوفاة سعد بن معاذ)،(بەراستى بۆ مەرگى سەعدى كوڕی موعاذ عەرش لەریەوە)، عائیشە وتى جار هەبوو سەعد لەنێوان من و پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) رێی دەكرد.[25]

ئوسەید زۆرجار لە خزمەتى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) بوو و گوێبیستى فەرموودەكانى بوو و فەرموودەشی لە پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە، زۆرجار لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەبوو و هاوەڵانى تر دەهاتنە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)و پرسیاریان لێدەكرد، ئەوەتا لە گێڕانەوەیەكیدا باس دەكات كاتێ لە خزمەت پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) بوو یەكێك لە هاوەڵە پشتیوانیەكان هاتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و وتى ئەى پێغەمبەرى خوا بۆچی كارێكم پێ ناسپێریت وەك چۆن ئەرك و پلەیەكت سپاردووە بە فلآنە كەس؟ پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى ( ستلقون بعدي أثرة، فاصبروا حتى تلقونى على الحوض)، (دواى من خۆكارى و بێبەشكردن دەبینن، دەى خۆڕابگرن تا لەسەر حەوز پێم دەگەنەوە).[26]

شەوێك ئوسەید لە ماڵەوە بوو قورئانى دەخوێند، سەرقاڵ بوو بە خوێندنى سوورەتى بەقەرەوە، ئەسپەكەشی لەنزیكیەوە بەسترابوویەوە، كاتێ قورئانى دەخوێند ئەسپەكەى حیلاندى و بەرز بوویەوە، ئوسەید دەڵێت منیش لە قورئان خوێندنەكە وەستام، ئەویش بێدەنگ بوو، دووبارە ئوسەید دەستى كردەوە بە قورئان خوێندنەكەى و ئەسپەكەش هەمدى حیلاندى و بەرز بوویەوە، هەمدى ئوسەید بێدەنگ بوو و ئەسپەكەش دامركایەوەو بێدەنگ بوو، بۆ جارى سێیەم كە قورئانى خوێند ئەسپەكە هەمدى حیلاندى و بەرز بوویەوەو بڕێ جوولآ، یەحیاى كوڕی ئوسەیدیش لە نزیك ئەسپەكەوە بوو، ئوسەید ترسا ئەسپەكە یەحیا بشێلێ، كاتێ ئەسپەكەى هیوركردەوە سەری بەرەو ئاسمان بەرزكردەوە و شتێكی بینی، بۆ بەیانى ئوسەید چوو بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و باس وخواسەكەى بۆ گێڕایەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرموو (اقرأ یا ابن حضير، اقرأ يا ابن حضير)، (بتخوێندایە ئەی ئیبن حوضهیر،  بتخوێندایە ئەی ئیبن حوضهیر)، ئوسەید وتى ئەى پێغەمبەرى خوا ترسام یەحیا بشێلێ، چونكە یەحیا نزیك بوو لە ئەسپەكەوە، كاتێ سەرم بەرز كردەوەو چووم بۆ لاى، سەرم بەرەو ئاسمان بەرزكردەوە دەبینم وەك بڵێی سێبەرێ هەبێ شتانێ وەك چراخان دیاربوون، منیش چوومەدەر تا نەیبینم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (دەشتزانى ئەوە چیە؟)، ئوسەید وتى نا، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (تلك الملائكة دنت لصوتك، ولو قرأت لأصبحت ينظر الناس إليها لا تتوارى منهم)، (ئەوانە فریشتەكان بوون نزیك بووبوونەوە بۆ بیستنى دەنگى تۆ، ئەگەر لە قورئان خوێندنەكەت بەردەوام بوویتایە بەیانیت دەكردەوەو خەڵكى سەیری فریشتەكەیان دەكردو لەبەرچاویان ون نەدەبوون).[27]

ئیبن حوضهیر پیاوچاكێكی رووخۆش و خوێن گەرم و ئێسك سووك بوو، زۆرجار هاوەڵانى بە قسەخۆشەكانى دڵخۆش دەكرد، جارێك ئوسەید لە خزمەت پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم) بوو كە قسەى خۆشی بۆ دەكردن، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) داى بە كەلەكەیدا، ئەویش وتى ئازارت دام، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى تۆڵەى خۆت وەرگرەوە، ئوسەید وتى ئەى پێغەمبەرى خوا جا تۆ كراسێكت لەبەرە، بەڵام تۆ كە دات لە من بەسەر كراسەوە لێت نەدام، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) كراسەكەى هەڵكرد، ئوسەیدیش باوەشی كرد بە پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) و ورگى ماچ دەكرد و دەیوت بە دایك و باوكمەوە بەقوربانت بم ئەی پێغەمبەرى خوا، ئا ئەمەم ویست.[28]

جارێك ئوسەید نەخۆش بوو، ئەو خۆی بەرنوێژی دەكرد بۆ موسڵمانانى ناوچەكەیان، ماوەیەك نەخۆش كەوت و لەو ماوەى نەخۆشیەیدا بە دانیشتنەوە بەرنوێژی دەكرد بۆ هاوەڵانى، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆ سەردانى نەخۆشیەكەى چوو بۆ لاى، هاوەڵان وتیان ئەی پێغەمبەرى خوا ئوسەید پێشەوامانەو نەخۆشیشەو بە دانیشتنەوە بەرنوێژیمان بۆ دەكات، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (فصلوا وراءه قعودا، فإن الإمام ليؤتم به، فإذا صلى قاعدا فصلوا خلفه قعودا)، (دەى ئێوەش بە دانیشتنەوە لە دوایەوە نوێژ بكەن، چونكە پێش نوێژ پێشەنگى پێوە دەكرێت، ئەگەر بە دانیشتنەوە نوێژی كرد ئێوەش بە دانیشتنەوە لە دوایەوە نوێژ بكەن).[29]

كاتێ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كرد و لە كەپری بەنى ساعیدەدا قسە دەكرا لەسەر دیاریكردنى خەلیفەیەك، ئوسەید رۆڵێكى دیارى هەبوو لە دەستنیشان كردنى ئەبووبەكرى صدیقدا.[30]

ئوسەید لە سەردەمى خیلافەتى عومەرى كوڕی خەططابدا بەشدار بوو لە فەتحى بەیتولموقەددەسدا.[31]

ئوسەید لە سەردەمى خەلیفە عومەرى كوڕی خەططابدا وەفاتى كرد،[32] ئەوەش لە ساڵی بیستى كۆچیدا بوو، دەشوترێ بەڵكو لە ساڵی بیست و یەكى كۆچیدا وەفاتى كردووە،[33] عومەرى كوڕی خەتتاب خۆى نوێژی لەسەر كرد و لە گۆڕستانى بەقیع ئەسپەردە كرا،[34] ئوسەید پێش مردنى وەسیەتى كرد بۆ خەلیفە عومەرى كوڕی خەططاب سەرپەرشتی ئیش و كارى بكات، خەلیفەش دارخورماكانى ئوسەیدى بە چوار ساڵ فرۆشت بە چوار هەزار دینار و قەرزەكانى پێ دایەوە.[35]

دایكى باوەڕداران عائیشە دەڵێت: ئوسەیدى كوڕی حوضهیر یەكێك بوو لە كەسە چاك و هەڵكەوتەكان، ئوسەید دەیوت: ئەگەر من هەمیشە وەك ئەو سێ حاڵەتە دەبووم كە جارجارە هەمە، بە دڵنیاییەوە لە ئەهلى بەهەشت دەبووم، گومانیشم لەوە نەدەبوو، كاتێ قورئان دەخوێنم و كاتێ گوێی لێدەگرم، كاتێ گوێ لە وتارى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەگرم، كاتێ لەگەڵ تەرمێكدا دەچم، چی جار لەگەڵ تەرمێكدا چووبم بە دەروونى خۆمم وتووە ئەرێ ئەمە چی پێ دەكرێ و چی بەسەر دێ.[36]



[1] - أسد الغابة، ج1، ص143.

[2] - معجم الصحابة لابن قانع، ج1، ص38

[3] - أسد الغابة، ج1، ص142- 143.

[4] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص94.

[5] - صحيح البخاري، الرقم 4733.

[6] - الإصابة في معرفة الصحابة، ج6، ص 643.

[7] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص 92.

[8] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص 93.

[9] - الإصابة في معرفة الصحابة، ، ج1، ص83، الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص 93.

[10] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص152-153.

[11] - الإصابة في معرفة الصحابة، ج1، ص 83.

[12] - أسد الغابة، ج1، ص143.

[13] - سنن الترمذي، الرقم 3812، مسند أحمد بن حنبل، الرقم، 9227، صحيح ابن حبان، الرقم7107، السنن الكبرى للنسائي، الرقم7970، المستدرك على الصحيحن، الرقم 5128، الأدب المفرد للبخاري، الرقم 347، قال شعيب الارناؤوط اسناده قوي، صححه الألبانى في السلسلة الصحيحة، الرقم 875.

[14] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص93.

[15] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 5224.

[16] - الإصابة في معرفة الصحابة، ج1، ص 83.

[17] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 5224.

[18] - صحيح البخاري، الرقم 2539 و 3925 و 4480 و 6956، صحيح مسلم، الرقم 5080، صحيح  ابن جبان، الرقم 7208، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 8656 و 10914، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 25051، مسند أبي يعلى الموصلى، الرقم 4800، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 19044.

[19] -  صحيح البخاري، الرقم  333 و 3585 و 4340، صحيح مسلم، الرقم 577، صحيح ابن خزيمة، الرقم 262، صحيح  ابن جبان، الرقم 1333، موطأ مالك، الرقم119، سنن أبي داود، الرقم 274، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 25765، سنن الدارمي، الرقم 779، سنن ابن ماجة، الرقم 565، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 303، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 930، مسند الشافعى، الرقم 719، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 19034.

[20] - الإصابة في معرفة الصحابة، ج1، ص19.

[21] - صحيح البخاري، الرقم 3617، صحيح  ابن جبان، الرقم 2055، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 7972، مسند أحمد بن حنبل، الرقم، 12161، مسند أبي يعلى الموصلى، الرقم 2928، مسند الطيالسي، الرقم 2133، مسند الروياني، الرقم 1363.

[22] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص94.

[23] -  صحيح مسلم، الرقم 481، سنن الترمذي، الرقم 2986، صحيح  ابن جبان، الرقم 1378، مسند أحمد بن حنبل، الرقم، 12110، سنن أبي داود228، الرقم 274، سنن الدارمي، الرقم 1087، سنن ابن ماجة، الرقم 641، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 272، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 1393، مسند أبي يعلى الموصلى، الرقم 3437، مسند الطيالسي، الرقم 2151.

[24] - صحيح ابن حبان، الرقم 7384، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 7080، المستدرك على الصحيحين، الرقم 7038، صححه الذهبي في التلخيص، حسنه شعيب الأرناؤوط، صححه الألبانى في السلسلة الصحيحة، الرقم 3096.

[25] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 4879، مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 36123، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 18686، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 5191، صححه الذهبي في التلخيص.

[26] - صحيح البخاري، الرقم 3604 و 6666، صحيح مسلم، الرقم 3521، سنن الترمذي، الرقم 2166، صحيح  ابن جبان، الرقم 7386، مسند أحمد بن حنبل، الرقم، 18683، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 5758، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 15461، مسند أبي يعلى الموصلى، الرقم 909، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 552.

[27] - صحيح البخاري، الرقم 4733 واللفظ له، صحيح مسلم، الرقم 1368، صحيح  ابن جبان، الرقم 779، مسند أحمد بن حنبل، الرقم، 11543، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 7748، شعب الإيمان للبيهقي، الرقم 1916.

[28] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 5228، سنن أبي داود، الرقم 4568، السنن الكبرى للبيهقي12703، الرقم ، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 558، صححه الألبانى في صحيح و ضعيف سنن أبي داود، الرقم 5224.

[29] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 5230، صححه الذهبي في التلخيص.

[30] - أسد الغابة، ج1، ص143.

[31] - أسد الغابة، ج1، ص143.

[32] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 83.

[33] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص 94.

[34] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 5223‏.

[35] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص94.

[36] - شعب الإيمان للبيهقي، الرقم 8940، معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 834، المستدرك على الصحيحين، 5226.

 2151
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.