دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  سەعدى كوڕی موعاذ(رضي الله عنه) - بەشی یەكەم

ناوى سەعدى كوڕی موعاذى كوڕی نوعمانە، لە پشتیوانانە لە ئەوسیەكان و گەورەى ئەوسیەكانە، كونیەكەى ئەبووعەمرە.[1]

دایكی ناوى كەبشەی كچی رافیعەو هاوەڵی پێغەمبەرى خوایە(صلى الله عليه وسلم) و بەیعەتى داوە بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).[2]

سەعد ژنێكی هەبوو بە ناوى هیندی كچی سەمماك، ئەم ژنەشی هاوەڵی پێغەمبەرى خوایە(صلى الله عليه وسلم)، لەم ژنەى دوو كوڕی هەبوو بە ناوەكانى عەمر و عەبدوڵا، ئم ژنەى سەرەتا ژنی ئەوسی براى بوو، واتە براژنی بوو، كە ئەوسی براى مرد سەعد بەهاوسەری گرتەوە.[3]

موسڵمانبوونى سەعد

جارێك ئەسعەد موصعەبی برد بۆ لاى بەنى عەبدولئەشهەل تا لەسەر ئیسلام قسەیان بۆ بكات، گەیشتنە ناو باخێكی بنى ظفر و لاى بیرێ دانیشتن، بڕێ لە خەڵكى هۆزى ئەسلەم لە دەوریان كۆبوونەوە، هێشتا سەعدى كوڕی موعاذ و ئوسەیدى كوڕی حوضهیر كە گەورەى هۆزەكانیان بوون موسڵمان نەبووبوون، كاتێ قسەكانى ئەسعەدو موصعەبیان بیست سەعد بە ئوسەیدی وت هەى بێباوك بڕۆ بۆیان، سەیركە چۆن هاتوونەتە خاكمان تا هەرزەكارەكانمان لەخشتەبەرن، بڕۆ بەریان پێ بگرە و مەهێڵە بێنە ناوچەی ئێمە، ئوسەیدیش بە خەنجەرێكەوە هات، ئەسعەد بە موصعەبی وت ئەمە گەورەى هۆزەكەیەتى، دێت بۆ لات، راست پەیامى خواى پێ بڵێ، موصعەب وتى ئەگەر دابنیشێ قسەى لەگەڵ ئەكەم، ئوسەید بە قسەوتنەوە هاتەبەردەمیان، وتى بۆچی هاتون بۆ لامان تا هەرزەكارەكانمان لەخشتەبەرن، ئەگەر گیانى خۆتانتان لا خۆشەویستە دووربگرن لێمان، موصعەب پێی وت بۆچی دانانیشیت تا گوێمان لێ بگریت، ئەگەر بەدڵت نەبوو وازدێنین، ئەویش وتى قسەكەت جوانە، خەنجەرەكەى دەستى داچەقاند بەناو زەویدا و لەبەردەمیاندا دانیشت، موصعەب باسی ئیسلامى بۆ كرد و قورئانى بۆ خوێندەوە، خێرا ئومێدى موسڵمانبوونیان لە روخساریدا بەدیكرد، ئوسەید وتى چەند جوان و چاك ئەڵێن، باشە ئەگەر بتانەوێ بچنە ناوئەم ئاینە چی دەكەن؟ ئەوانیش پێیان وت خۆت بشۆ و جلەكانت بشۆ و دواتر شایەتومانى حەق بهێنە و دواتر نوێژ بكە، ئەویش وایكرد، دواتر ئوسەید وتى من كەسێكم لەدواى خۆم جێهێشتووە ئەگەر ئەویش شوێنتان بكەوێ چی كەسی ناو هۆزەكەى هەیە شوێنتان ئەكەون، ئێستا ئەینێرم بۆ لاتان، ئەویش سەعدى كوڕی موعاذە، ئینجا ئوسەید خەنجەرەكەى هەڵگرت و چوو بۆ لاى سەعد و هۆزەكەشی چاوەڕوان بوون، سەعد پێی وت چیت كرد؟ ئوسەید وتى من قسەم لەگەڵ كردن بەخوا واى نابینم خراپ بن،  رێم لێگرتن، ئەوانیش وتیان چیت پێ خۆشە وادەكەین، بەنى حارثه ویستیان بچن ئەسعەدى كوڕی زورارە بكوژن، ئەشزانن پوورزاى تۆیە، وادەكەن وەك سووكایەتى بە تۆ، سەعد بە توورەیی و خێرایی هەستا و چوو بۆ لایان، كە چوو بینی هەردووكیان بێخەم دانیشتون زانى ئوسەید ویستوویەتى گوێیان لێ بگرێ، بە قسەوتنەوە (جنێودانەوە) لەبەردەمیاندا راوەستا، بە ئەسعەدى كوڕی زرارەى وت بەخوا لەبەر خزمایەتى نێوانمان نەبوایە ئەمەت بەسەردا تێنەئەپەڕی، موصعەب پێی وت بۆچی دانانیشیت گوێمان لێ بگریت، ئەگەر بەدڵت بوو باشە، ئەگەر بەدڵت نەبوو لێت دووردەكەوینەوە، سەعد وتى قسەكەت جوانە، دانیشت و خەنجەرەكەى داچەقاند بە زەویداو گوێی لێگرتن، هەمان شتیش بۆ ئەم روویدا، كە سەعد گەڕایەوە، هۆزەكەى وتیان بەوخوایە سەعد بەدەموچاوێكى ترەوە هاتوەتەوە، كاتێ سەعد گەیشتە لایان وتى ئەی بەنى عەبدولئەشهەل منتان لا چۆنە؟ وتیان گەورەو شارەاز و بەڕێزترینى ئێمەیت، ئەویش وتى دەى دەنگم لە ژن و پیاوتان هەڵدەگرم تا كاتێ باوەر دێنن بە خوا و پێغەمبەرەكەى، بەوە هەرهەموو بەنى عەبدولئەشهەل موسڵمان بوون جگە لە چەند كەسێ، پاشان ئەسعەد موصعەبى بردەوە بۆ ماڵی خۆیان.[4]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) برایەتى خستە نێوان كۆچەران و پشتیوانانەوە، برایەتى خستە نێوان سەعدى كوڕی ئەبی وەقاص و سەعدى كوڕی موعاذەوە.[5]

سەعد لەگەڵ ئومەییەی كوڕی خەلەف پەیوەندى و دۆستایەتى هەبوو، كاتێك ئومەییە دەچوو بۆ شام، لە مەدینەوە دەچوو و لەوێ لاى سەعد لایدەدا، سەعدیش جار جار كە دەچوو بۆ مەككە لاى ئومەییە لایدەدا، جارێك سەعد چوو بۆ مەككە بۆ عومرەكردن، چوو بۆ لاى ئومەییەى كوڕی خەلەف، ئومەییە پێی وت چاوەڕێ كە تا نیوەڕۆ دادێت و خەڵكی دەچنەوە ماڵ و چۆڵ دەبێت ئینجا بڕۆ تەوافەكەت بكە، سەعدیش وایكرد، كاتێك لە تەوافدا بوو ئەبووجەه هات و وتى ئەوە كێیە وا سەلامەت تەواف دەكات؟ سەعد وتى منم سەعد، ئەویش وتى وا سەلامەت تەواف دەكەیت لەكاتێكدا پەناى موحەممەد و هاوەڵانیتان داوە؟ وتى بەڵێ، ئیتر كەوتنە دەمەقاڵێ، ئومەییە بە سەعدى وت دەنگت بەرز مەكەرەوە بەسەر ئەبولحەكەمدا چونكە ئەو گەورەى ناوچەكەیە، سەعد وتى بەخوا ئەگەر رێم لێ بگریت رێی كاروانى بازرگانیت بەرەو شام دەبڕم، ئومەییە هەر دەیوت دەنگت بەرزمەكەرەوە، سەعد توورە بوو و پێی وت بیستوومە لە موحەممەد كە دەیوت تۆ دەكوژێت، ئومەییە وتى من؟ وتى بەڵێ، ئومەییە وتى موحەممەد ئەهلى درۆ نیە، ئیتر گەڕایەوە بۆ ماڵەوەو بە ژنەكەى وت دەزانیت برا یەسریبیەكەم پێی وتم بیستوویەتى لە موحەممەد وتوویەتى من دەكوژێت؟! ژنەكەشی وتى بەخوا موحەممەد درۆ ناكات، ئەوەبوو كە دواتر ئومەییە چوو بۆ جەنگى بەدر، ژنەكەى پێی وت بیرت نایەت كابراى یەسریبی چی پێ وتیت؟ ئومەییە كە بیری كەوتەوە ویستى نەچێت بۆ جەنگەكە، ئەبووجەهل پێی وت تۆ سەرگەورەى خەڵكەكەیت، رۆژێ دووان وەرە لەگەڵمان، ئومەییەش چوو و لە بەدر كوژرا.[6]

سەعد لە غەزاى بەدردا

سەعدى كوڕی موعاذ یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى بەدر، لەو غەزایەدا ئالآى ئەوسیەكان بەدەست ئەوەوە بوو.[7]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەرچوو بۆ بەدر، پێش غەزاكە راى خەڵكی وەرگرت و فەرمووى راتان چیە؟ ئەبووبەكرى صدیق وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بیستوومانە ئەوان-قوڕەیش- لە فلآنە شوێنن، هەمدى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە خەڵكەكەى فەرموو راتان چیە؟ ئەمجار عومەرى كوڕی خەططاب هەمان قسەی ئەبووبەكری كرد، هەمدى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)راى هاوەڵانى وەردەگرت و فەرمووى راتان چیە؟ ئینجا سەعدى كوڕی موعاذ قسەی كرد و وتى: (مەبەسەتت ئێمەیە، سوێند بەوەى رێزدارى كردویت و قورئانى بۆ دابەزاندویت، من رێی وام هەرگیز نەگرتوەتەبەر و شارەزاییم لێی نیە، بەڵام ئەگەر بڕۆی تا بیركولغیماد لە یەمەن هاودەم بە تۆ دێین، ئێمە وەك ئەو بەنوئیسرائیلیانە نین كە بە مووسایان وت (اذهب أنت و ربك فقاتلا إنا هاهنا قاعدون) (خۆت و خواكەت بڕۆن بجەنگن، ئێمە لێرە دانیشتوین)، بەڵكو دەڵێین بڕۆ خۆت و پەروەردگارت بجەنگن و ئێمەش لەگەڵتاندا شوێنت دەكەوین، لەوانەیە تۆ بۆ شتێك دەرچووبیت و خواش شتێكی تری هێنابێتە ڕێت، بزانە ئەوەى خوا بۆی داناویت كامەیە ئەوە بگرەبەر، چ پەتێكت دەوێت بیگەیەنەو چ پەتێكت دەوێت بیپچڕێنە، لەگەڵ كێ دەتەوێت ئاشتی بكەو دژایەتى كێت دەوێت بیكە، چەندەت دەوێت لە سامانمان بیبە)، ئەوەبوو خواى گەورە سەبارەت بەو هەڵوێستەى سەعد ئایەتى دابەزاندە خوارەوە:

(كَمَا أَخْرَجَكَ رَبُّكَ مِنْ بَيْتِكَ بِالْحَقِّ وَإِنَّ فَرِيقًا مِنَ الْمُؤْمِنِينَ لَكَارِهُونَ (5) يُجَادِلُونَكَ فِي الْحَقِّ بَعْدَمَا تَبَيَّنَ كَأَنَّمَا يُسَاقُونَ إِلَى الْمَوْتِ وَهُمْ يَنْظُرُونَ (6) وَإِذْ يَعِدُكُمُ اللَّهُ إِحْدَى الطَّائِفَتَيْنِ أَنَّهَا لَكُمْ وَتَوَدُّونَ أَنَّ غَيْرَ ذَاتِ الشَّوْكَةِ تَكُونُ لَكُمْ وَيُرِيدُ اللَّهُ أَنْ يُحِقَّ الْحَقَّ بِكَلِمَاتِهِ وَيَقْطَعَ دَابِرَ الْكَافِرِينَ)[8]

(هەرچۆنێك كە پەروەردگارت لە ماڵەكەت دەرهێنایت بەهەق و ڕاستی لە كاتێكدا بێگومان دەستەیەك لە بڕواداران بێزار بوون و پێ یان ناخۆش بوو، دەمەقاڵێت لەگەڵ دا دەكەن لە(شتی) هەق و ڕاست دا دوای ئەوەش كە بۆیان ڕوون بۆتەوە(كە ڕاستە هێشتا جەنگیان لا گرانە) وەك ئەوەی بە توندی بەرەو مردن ببرێن و بەچاوی خۆیان (مردن) ببینن، بیری ئەو كاتە بكەنەوە كە خوا بەڵێنی بە ئێوەدا دەست كەوتی یەكێك لەو دوو كۆمەڵە(كاروانە بازرگانی یەكە یان سەركەوتن بە سەریاندا) بەڕاستی دەبێتە هی ئێوە وە ئێوە پێتان خۆشە كە ئەو دەستكەوتە بێ چەكە،(كاروانە بازرگانی یە) بۆ ئێوە بێت بەڵام خوا دەیەوێت وتەكانی خۆی بەڕاست دەرچی (حەق سەركەوێ) و ڕەگ و ڕیشەی بێ باوەڕان لە بن بێنێ).

لە گێڕانەوەیەكى تردا هاتووە سەعد وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) سوێند بەخوا ئەگەر فەرمان بكەیت تاو بدەینە ناو ئەو دەریایە ئەوە لەگەڵت دێین، دەى لێنەوە ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم).[9]

لە گێڕانەوەیەكى تردا هاتووە سەعد كە بینی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەردەوام راى هاوەڵانى وەردەگرت، وا گومانى برد كە مەبەستى راى پشتیوانان بێت و وتى لەوانەیە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) مەبەستی بێت بزانێت پشتیوانان هاودەمى دەبن؟ بۆیە وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لەوانەیە ترست هەبێت پشتیوانان لەپشتت نەبن و ئەوە بە ئەركی خۆیان نەزانن مەگەر دوژمن بێتە ماڵی خۆیان ئینجا وەڵام بدەنەوە؟! دەى من لە بری هەموو پشتیوانان قسە دەكەم، رووەو كوێ دەتەوێت هەنگاو بنێ و پەتی كێت دەوێت بیپچڕێنەو چەندەت لە سامانمان دەوێت بیبە، ئەوەى دەیبەیت ئەوەمان پێ خۆشترە تا ئەوەى دەمێنێتەوە، سوێند بەخوا ئەگەر تا بیرەك لە غەمەد لە یەمەن بڕۆیت هاودەمت دێین.[10]

پاشان سەعد وتى ئەی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) بۆ شوێن حەوانەیەكت لە دواوە بۆ دروست نەكەین تا تیایدا بیت و ئێمەش جەنگى دوژمن بكەین؟ ئەگەر خوا سەری خستین ئەوە باشتر، ئەگەرنا تۆ بگەڕێرەوە مەدینە، چونكە خەڵكێك بۆیان نەكراوە بێن، هێندەى ئێمە تۆیان لا خۆشەویستە و بیانزانیبا جەنگ دەكەیت هەرگیز دوانەدەكەوتن و دەهاتن لەگەڵت و سەریان دەخستیت، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سوپاسی كرد و نزاى خێری بۆ كرد، ئەوەبوو عەریشێكی بۆ دروست كرا (چادرێكی حەوانەوە).[11]

دواتریش كە غەزاكە تەواو بوو و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) گەڕایەوە ناو چادرەكەى، سەعد هاودەم بە ژمارەیەك لە پشتیوانان لەبەردەرگاى چادرەكە بە شمشێرەوە وەستا و پاسەوانى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) دەكرد نەبادا دوژمن كتوپڕ هێرشی هەڵگەڕاوە بهێنێت.[12]

كابرایەكى شاعیر هەبوو ناوى كەعبی كوڕی ئەشرەف بوو كە هێرشی زۆری دەكردە سەر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) بە فەرمانى پەروەردگار زۆر تەحەممولى كرد، بەڵام كەعب وازى نەدەهێنا، دواجار پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى كرد بە سەعدى كوڕی موعاذ دەستەیەك بنێرێت بۆ كوشتنى كەعب، سەعدیش فەرمانەكەى بەجێگەیاند.[13]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 84.

[2] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 420.

[3] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 420.

[4] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص152-153.

[5] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 139.

[6] - صحيح البخاري، الرقم 3453، مسند احمد بن حنبل، الرقم 3662،المعجم الكبير للطبراني، الرقم 5209،  سير أعلام النبلاء، ج1، ص 281.

[7] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 421.

[8] - مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 35978.

[9] - تاريخ الإسلام للذهبي، ج2، ص 52.

[10] - تأريخ الإسلام، ج2، ص 107.

[11] - تاريخ الإسلام للذهبي، ج2، ص 80-81.

[12] - تأريخ الإسلام للذهبي، ج2، ص 58.

[13] - سنن أبي د اود، الرقم 2622، صححه الألباني في صحيح و ضعيف سنن أبي داود، الرقم 3000.

 1638
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.