دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  عەبباسی كوڕی عوبادە(رضي الله عنه)

ناوى عەبباسی كوڕی عوبادەى كوڕی نەضلهیە، لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان، یەكێكە لە بەشداربوانى بەیعەتى عەقەبە.[1]

ژنەكەى عەبباس ناوى ئەنیسەی كچی عەبدوڵا بوو كە ئەویش هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو و بەیعەتى پێدا.[2]

كەعبى كوڕی مالیك دەڵێت لەگەڵ بڕێك لە حاجیانى هۆزەكەمان چووین بۆ مەككە...لەوێ هەواڵی پێغەمبەرى خوامان (صلى الله عليه وسلم) پرسی و هێشتا نەماندیبوو، هەواڵمان لە كەسێك پرسی، وتی دەیناسن؟ وتمان نەخێر، وتى ئەی عەبباسی مامى دەناسن؟ وتمان بەڵێ، چونكە عەبباسی مامى پێغەمبەرمان (صلى الله عليه وسلم) دەناسی، ئەو لە كارى بازرگانیدا دەهات بۆ سەردانمان، كابرا وتى كە چوونە ژوورەوە، موحەممەد ئەو كەسەیە كە لەگەڵ عەبباس دانیشتووە، ئێمەش چووین و پێغەمبەرمان (صلى الله عليه وسلم) بینی لەگەڵ عەبباس دانیشتبوو، وادەمان دانا و لە عەقەبەدا بینیمان تا بەیعەتى پێبدەین و عەبباسی مامیشی ئامادە بوو، لە كۆتایی وتەكاندا عەبباسی كوڕی عوبادە بە پێغەمبەرى خواى(صلى الله عليه وسلم) وت: سوێند بەوەى تۆی بە حەق ناردووە، ئەگەر بتەوێت سبەینێ بە شمشێرەكانمانەوە دەدەین بەسەر خەڵكی مینادا، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى فەرمانى ئەوەم پێنەكراوە.[3]

دواتر عەبباس بە پشتیوانانى وت ئەی گرۆی خەزرەج دەزانن لەسەر چی بەیعەت دەدەن بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)؟ ئێوە وا بەیعەتى پێدەدەن كە جەنگى هەموو كەسی لەسەر بكەن، ئەگەر پێتان وایە ئەگەر سامانتان ببرێت و كەسە خانەدان و پیاوماقووڵەكانتان بكوژرێن، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەدەن بە دەستەوە، ئەوە هەر لە ئێستاوە پێتان بڵێم سەرشۆڕی دنیا و قیامەتتان تووش دەبێت، ئەگەریش دەزانن دەتوانن وەفادار بن بەرامبەر بەڵێنەكەتان و خۆدەگرن لەبەرامبەر فەوتانى سامان و كوژرانى پیاوماقوولآنتان، ئەوە خێری دنیاو قیامەتتان دەست دەكەوێت،[4] ئەوانیش وتیان بەخوا لەسەر نارەحەتى فەوتانى سامان و كوژرانى پیاوماقوولآنیشمان بەیعەتى پێدەدەین، بەڵام ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئەگەر ئێمە وەفادار بووین چیمان بۆ هەیە؟ فەرمووى بەهەشت، ئەوانیش وتیان دەى دەستت بكەرەوە با بەیعەتت پێ بدەین، ئەوەبوو بەیعەتیان پێدا.[5]

عەبباس دواتر چوو لە مەككە مایەوە تا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كۆچی كرد بۆ مەدینە، دواى ماوەیەك كۆچی كرد بۆ مەدینە، بۆیە هەم لە كۆچەران و هەم لە پشتیوانانیش ئەژمار دەكرا.[6]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) برایەتى خستە نێوان كۆچەران و پشتیوانانەوە، برایەتى خستە نێوان عەبباسی كوڕی عوبادەو عوثمانى كوڕی مەظعوونەوە.[7]

عەبباس لە غەزاى بەدردا بەشدارى نەكرد، زۆرێك لە هاوەڵانى تریش بەشدار نەبوون لە بەدردا، چونكە سەرەتاى چوونەكە بە مەبەستی جەنگ نەبوو و دواتر بارەكە بە ئاقارى جەنگدا چوو، بەڵام دواتر عەبباس لە غەزاى ئوحوددا بەشدارى كرد و تیایدا شەهید بوو.[8]



[1] -الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 630.

[2] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8، ص 388.

[3] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 15493، قال شعيب الأرناؤوط حديث قوي و هذا إسناد حسن.

[4] - دلائل النبوة للبيهقي، الرقم 704.

[5] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 4769.

[6] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 630.

[7] - أسد الغابة، ج3، ص 162.

[8] - أسد الغابة، ج3،ص 162.

 1313
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.