دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئەبیەضى كوڕی حەممال(رضي الله عنه)

ئەبیەضى كوڕی حەممال(رضي الله عنه):

ناوى ئەبیەضى كوڕی حەممالى كوڕی مەرثهدى كوڕی ذی لوحیانى عامرى كوڕی ذیلعەنبەرى كوڕی موعاذی كوڕی شەرحەبیلى كوڕی مەعدانى كوڕی مالیكی كوڕی زەیدە،[1]ئەوەى پێی وتراوە مەئرەبی لەبەر مەئرەبی یەمەنە.[2]

چووەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و خواست و داواى خۆی لای پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) باسكردووە، هەروەها ئەبیەض فەرموودەى لە پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە.

ئەبیەض لەسەردەمى جاهیلیدا سێ كۆیلەى هەبوو كە هەرسێكیان برا بوون، دواى موسڵمانبوونى ئەو سێ برایە ئینجا ئەبیەض موسڵمان بووە،[3] زانیارى نیە لەسەر ئەوەى ئایا ئەبیەض خۆی ئەو سێ برایەى ئازاد كردووە یان نا.

ئەبیەض باس لەوە دەكات چووەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و لەوێ لە خزمەتیدا داواى ئەو خوێیەى لێكردووە كە لە مەئرەب هەیە تا بیكات بە موڵكى، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) داواكەى بەجێگەیاندو كردى بە موڵكى، كاتێ ئەبیەض خەریكبوو دەچوو، پیاوێك وتى ئەى پێغەمبەرى خوا ئایا دەزانیت چیت بۆ بڕیەوە؟ ئەوەى بۆت بڕیەوە ئاوى لەبەر رۆیشتووە، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ئەبیەضى گێڕایەوەو ئەو موڵكیەتەى لێ سەندەوە.[4]

هەروەها ئەبیەض دەڵێت پرسیارم كرد لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سەبارەت بەوەى چ بەشێكى دارى ئەراك بپارێزرێ؟ فەرمووى (ما لم تنله أخفاف الإبل)،[5] (ئەوەى سمى وشتری پێ نەگەیشتبێ).

ئەبیەض باس لەوە دەكات دەموچاوى وشكهەلآتووییەكى پێوەبوو كە لووتیشی دیارى كردبوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بانگى كرد و دەستى هێنا بەسەر دەموچاویدا ئیتر لەو رۆژەوە ئەوەى تووش نەبوویەوە، جێدەستی پێغەمبەریشى (صلى الله عليه وسلم)  پێوە دیار بوو.[6]

سەبارەت بەوەى ئایا ئەمە ئەو ئەسوەدە بوو كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناوى گۆڕی بە ئەبیەض، ئیبن عەبدولبەر دەڵێت نازانم ئایا ئەمە ئەو كەسەیە یان نا،[7] بەڵام ئیبن ئەثير دەڵێت راستەكەى ئەوەیە ئەو كەسە ئەم ئەبیەضه نیە، چونكە ئەو كەسەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناوى گۆڕی و كردى بە ئەبیەض چوو بۆ میصر، بەڵام ئەم ئەبیەضه گەڕاوەتەوە بۆ مەئرەب لە یەمەن.[8]



[1] -  أسد الغابة، ج1ص72،

[2] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1ص138، أسد الغابة، ج1ص73.

[3] - الطبقات الكبرى لإبن سعد، ج5، ص523.

[4] - سنن الترمذي، الرقم 1364 و حسنه،  سنن أبى داود، الرقم 2711،  الطبقات الكبرى لابن سعد، الرقم 6722،المعجم الكبير للطبرانى، الرقم 808، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 11071، حسنه الألباني.

[5] -  سنن أبى داود، الرقم 2711، سنن الترمذي، الرقم 1364 و حسنه، الطبقات الكبرى لابن سعد، الرقم 6722، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 4655،المعجم الكبير للطبرانى، الرقم 808، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 11071، حسنه الألباني.

[6] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الاصبهانى، الرقم 972، الإصابة في تمييز الصحابة، ج1ص23، الطبقات الكبرى لابن سعد، الرقم 6724، المعجم الكبير للطبرانى، الرقم 810، دلائل النبوة للبيهقي، الرقم 2426.

[7] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1ص138.

[8] - أسد الغابة، ج1ص 73.

 1974
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.