دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  حەسەنى كوڕی عەلى (رضي الله عنه) - بەشی یەكەم -

حەسەنى كوڕی عەلى (رضي الله عنه)

ئەم هاوەڵەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) كە باسی دەكەین یەكێكە لە خۆشەویستترین و نزیكترین و لێكچووترین و پایەدارترینی هاوەڵانى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)، ئەمە حەسەنى كوڕی عەلیە، كوڕی فاطيمهى كچی پێغەمبەرى خوایە (صلى الله عليه وسلم)، كوڕی ئامۆزاى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)، باوكى موژدەپێدراوى بەهەشت و چوارەم خەلیفەى موسڵمانانە، دایكی كچی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و گەورەى ژنانى بەهەشتە، باپیرەشى موحەممەدى پێغەمبەرى خوایە، براكەى حوسەینى كوڕی عەلیە، حەسەن لێكچووترین كەسە بە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)، رەیحانە خۆشەویستەكەى پێغەمبەرى خوایە (صلى الله عليه وسلم)، ئەو منداڵە چاوگەشەیە كە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ماچی دەكرد، دەیگرتە كۆش، یاری بۆ دەكرد، خۆشی دەویست و دەیفەرموو من خۆشم دەوێت، خوایە تۆش خۆشت بوێت، ئەو لاوە خوێن گەرمە بوو كە لە دەوری هاوەڵاندا بوو، نزیك و خۆشەویستى خەلیفەكانى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بوو، ئەو كەڵەپیاوەیە كە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) موژدەى دا دەبێتە هۆی چاككردنى نێوانى دوو دەستەى موسڵمانان، لە ئالوبەیتى پێغەمبەرە (صلى الله عليه وسلم)، بۆیە زۆر گرنگە بە وردى توێژینەوە لە ژیانى ئەم هاوەڵە بكەین، چونكە هەم خۆشەویستى پێغەمبەرى خوایە (صلى الله عليه وسلم)، هەم خەلیفەى پێنجەمى باوەڕدارانە، گومانگەلێكی زۆریش لەسەر ژیانى دروستكراوە.

ناوو رەچەڵەكى:

ناوى حەسەنى كوڕی عەلى كوڕی ئەبوو طالیبى كوڕی عەبدولموطهلیبى كوڕی هاشمى قوڕەیشی هاشیمیە، كونیەكەى ئەبوو موحەممەدە.[1]

باوكى ناوى عەلى كوڕی ئەبوو طالیبە كە ئامۆزاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)[2] و یەكەم منداڵی موسڵمان بووو زاواى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و مێردى فاطيمهى كچی موحەممەدە،[3]  یەكێكە لە دە موژدەپێدراوەكەى بەهەشت[4] و كەسی نزیكی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و مەولا و خۆشەویستى بوو، خەلیفەى چوارەمى باوەڕداران بوو، بە شەهیدى گەڕایەوە بۆ لاى خوا.[5]

دایكى حەسەن ناوى فاطيمهى كچی موحەممەدى كوڕی عەبدوڵایە، كچی پێغەمبەرى خوایە (صلى الله عليه وسلم)،[6] گەورەى ژنانى بەهەشت[7] و دایكی دوو رەیحانە و خۆشەویستەكەى پێغەمبەرى خوایە (صلى الله عليه وسلم)،[8] یەكەم كەسی ناو بنەماڵەی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بوو كە دواى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كرد.[9]

زڕدایكێكی (باوەژن) هەبوو بە ناوى ئومامەى كچی ئەبیلعاص كە عەلى كوڕی ئەبوو طالیب لە سەردەمى خیلافەتى عومەرى كوڕی خەططابدا بەهاوسەری گرت.[10]

زڕدایكێكی ترى (باوەژن) هەبوو بە ناوى خەولەى كچی ئیاس كە دایكى موحەممەدى براى بوو.[11]

باپیرەى لە سەرى باوكیەوە ئەبوو تالیب بوو كە پشت و هاوكارێكی گەورەى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بوو، تا دوا ساتى ژیانى پشتگیری پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) كرد، بەڵام بە بێباوەڕی كۆچی دوایی كرد.[12]

داپیرەى لە سەرى باوكیەوە ناوى فاطيمهى كچی ئەسەد بوو كە ژنى ئەبوو طاليب بوو،[13] ئەم ئافرەتە لە كۆچەران بوو و كاتێكیش وەفاتى كرد پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) كراسەكەى خۆی كرد بە كفن و لە ناو گۆڕەكەشیدا راكشا تا خۆڵەكە رێك بوو و فەرمووى بۆیە وامكرد تا جلى بەهەشت بكاتە بەری ولە گۆڕەكەشیدا راكشام تا گۆڕەوشارى لەسەر سووك بێت، دواى ئەبووطالیب ئەم ئافرەتە لە هەموو كەس چاكتر بوو لەگەڵم.[14]

داپیرەى لە سەرى دایكیەوە خەدیجەى كچی خوەیلیدە، دایكى باوەڕداران و ژنی پێغەمبەرى خوایە (صلى الله عليه وسلم)، یەكەم كەس بوو كە باوەڕی هێنا بە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)، ئافرەتێكی دەوڵەمەند بوو و سامانەكەى بۆ خزمەتى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بەكارهێنا، دایكى هەموو منداڵەكانى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بوو جگە لە ئیبراهیم كە لە ماریە لەدایك بوو،[15] چاكترینی ئافرەتانى بەهەشتە،[16] سێ ساڵ پێش كۆچی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بۆ مەدینە كۆچی دوایی كرد.[17]

براو خوشكەكانى:

برایەكى هەبوو بە ناوى حوسەین كە خۆشەویستى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و برابچووكى حەسەن و گەورەى گەنجانى بەهەشتە،[18] لە ساڵی شەست و یەكى كۆچی لە كەربەلا بە دەستى سەربازانى دەوڵەتەكەى یەزید شەهید كرا.[19]

برایەكى تری هەبوو بە ناوى موحسین كە برابچووكی بوو، كاتێك لەدایك بوو پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) فەرمووى بە عەلى كوڕەكەمم نیشان بدەن بزانم ناوتان ناوە چی؟ وتى ناومان ناوە حەرب، فەرمووى (بەڵكو موحسینە).[20]

لە ژنەكانى تری باوكى چەند برایەكى تری هەبوو كە لە كەربەلائدا لەگەڵ حوسەیندا شەهید بوون (جەعفەر، عەبباس، عوثمان، ئەبووبەكر)،[21] هەروەها موحەممەد كە لە مێژوودا بە ئیبنولحەنەفیە ناسراوە، دایكى ناوى خەولەى كچى ئیاسە.[22]

خوشكێكى هەبوو بە ناوى ئومموكلثوم كە لە ساڵی شەشی كۆچی لەدایك بوو.[23]

خوشكێكی تری هەبوو بە ناوى زەینەب كە ئەمیش خوشكی حەق و داى بوو، لە سەردەمى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) لەدایك بوو، زەینەب لەگەڵ حوسەینى برایدا چوو بۆ كەربەلا، كاتێك حوسەینی براى شەهید كرا، زەینەب-هاودەم بەو ژن و مندالآنەى كە مابوون- برا بۆ دیمەشق.[24]

مامەكانى:

مامێكی ناوى جەعفەر بوو كە خۆشەویستى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و بەرپرسی كۆچەرانى حەبەشە بوو، لە غەزاى موئتەدا شەهید بوو و پێغەمبەرى خوایش (صلى الله عليه وسلم) موژدەى دا جەعفەر لە بەهەشتە.[25]

مامێكی تری ناوى عەقیل بوو كە براگەورەى هەموویان بوو، خۆشەویستى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بوو، لە ساڵی هەشتى كۆچیدا كۆچی كرد بۆ مەدینە و بەشدارى چەند غەزایەك بوو، عەقیل لە دواى عەلى براى و لە سەردەمى موعاویەى كوڕی ئەبووسوفیاندا كۆچی دوایی كرد.[26]

مامێكی تری هەبوو بە ناوى طالیبى كوڕی ئەبوو طالیب كە ئەمیان بە بێباوەڕی  مرد، هەرچەندە لەگەڵ بێباوەڕان هات بۆ غەزاى بەدر، بەڵام پێش جەنگەكە گەڕایەوە بۆ مەككەو بەشدارى نەكرد،[27] ئەو بە نابەدڵی هاتبوو بۆیە گەڕایەوە، بەڵام دواتر نە لەناو كوژراواندا بینرا و نەگەیشتەوە مەككە.[28]

پوورەكانى:

لە سەرى دایكیەوە كچەكانى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بوون (زەینەب، روقییە، ئومموكلثوم).

زەینەب پووری گەورەى حەسەن و كچە گەورەى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بوو، بەڵام لە ساڵی هەشتەمى كۆچیدا وەفاتى كرد.[29]

روقییەش ژنى عوثمانى كوڕی عەففان بوو، كاتێك غەزاى بەدر روویدا روقییە نەخۆش بوو، بۆیە بە ویستى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) عوثمان لاى روقییە مایەوە، بەڵام پێش ئەوەى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بگاتەوە ناو مەدینە روقییە كۆچی دوایی كرد.[30]

ئومموكلثوم لە روقییە بچووكتر بوو و دواى مردنى روقییەى خوشكى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەوى مارە كرد لە عوثمانى كوڕی عەففان، بەڵام ئەمیش لە ساڵی نۆى كۆچیدا وەفاتى كرد و باوكى (پێغەمبەرى ئازیز(صلى الله عليه وسلم)) نوێژی لەسەر كرد.[31]

پوورەكانى لە سەری باوكیەوە بریتی بوون لە:

ئوممو هانیئى كچی ئەبوو طالیب كە لە فەتحى مەككەدا موسڵمان بوو، كاتێك موسڵمان بوو پەناى هوبەیرەى مێردى دا و پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) پەناكەى قبووڵ كرد.[32]

جومانەى كچى ئەبوو طالیب كە ئەم زووتر موسڵمان بووبوو، ئەوەبوو پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) لە دەستكەوتەكانى خەیبەر سی كۆڵ خورماى پێدا.[33]

خاڵۆكانى:

خاڵۆكانى بریتی بوون لە كوڕەكانى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) كە هەموویان هەر بە منداڵی كۆچی دواییان كرد.

لەدایكبوونى:

حەسەنى كوڕی عەلى لە ساڵی سێیەمى كۆچی و لە ناوەڕاستى مانگى رەمەزاندا لەدایك بوو، رایەكیش دەڵێت بەڵكو لە ناوەڕاستى مانگى شەعباندا لەدایك بووە، رایەكیش دەڵێت ساڵێك پاش ئوحود لەدایك بوو، رایەك دەڵێت دوو ساڵ پاش ئوحود لەدایك بووە. [34]

بەڵام ئیبن حەجەر دەڵێت راى دروستتر ئەوەیە لە ناوەڕاستى رەمەزانى ساڵی سێیەمى كۆچیدا لەدایك بووە.[35]

پێش لەدایك بوونى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەیزانى كە فاطيمهى كچی منداڵی دەبێت، ئەوەتا ئوممولفەضل دەڵێت شەوێك خەوم دی بەشێك لە جەستەى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لە ماڵی مندایە، منیش ترسام و راچڵەكیم، ئینجا هاتم بۆ لاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و خەوەكەم بۆ گێڕایەوە، ئەویش فەرمووى (خيرا رأيت، تلد فاطمة غلاما، فتكفلينه بلبن ابنك قثم)، (خەوی خێرت دیوە، فاطيمه منداڵێكی دەبێت و تۆیش دەیگریتە خۆ و دایەنى دەكەیت و لە شیری قوثهمى كوڕت دەدەیت پێی)، ئوممولفەضل دەڵێت ئەوەبوو حەسەن لەدایك بوو، هێنرا بۆم و شیرم پێدەدا تا كەوتە گاگۆڵكێ، ئینجا هێنام بۆ لاى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و لە ژوورەكەیدا دامنیشاند، حەسەن میزی كرد، منیش دام لەنێوان هەردوو شانى، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) پێی ناخۆش بوو و فەرمووى (لەگەڵ كوڕەكەم نەرمونیان بە رەحمەتى خوات لێ بێت، كوڕەكەمت ئازار دا)، منيش وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) جلەكەت لابەرە و جلێكی تر بپۆشە تا ئەوەت بۆ بشۆم، ئەویش فەرمووى (إنما يغسل بول الجارية و ينضح بول الغلام[36] (میزی كچ بێت جل دەشۆردرێت، ئەگەر میزی كوڕ بوو ئاوپرژێن دەكرێت).

هەرچەندە ئەم گێڕانەوەیە لە هەندێ ریوایەتدا بۆ حوسەین[37] هاتووەو لە هەندێكی تردا هاتووە (حەسەن یان حوسەین)،[38] بەڵام راستتر وایە كە حەسەن بووە، چونكە ئەوەیان كە دەڵێت حوسەین بووە ذەهەبی بە لاوازى داناوە، ئەوەشیان دەڵێت حوسەین یان حەسەن بووە ئەلبانى بە لاوازى داناوە، بەڵام ئەو گێڕانەوەى دەڵێت حەسەن لەدایكبوو شوعەیب ئەرنائووط بە صەحیحی داناوە.

 

ناونانى

كاتێك پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) هەواڵی بیست فاطيمهى كچی منداڵی بووە خێرا چوو بۆ ماڵیان، فەرمووى (أروني ابني ما سميتموه)،(ئادەى كوڕەكەمم نیشان بدەن، ناوى چیتان لێ ناوە؟) عەلى كوڕی ئەبوو طالیبیش وتى ناوم ناوە حەرب، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (بل هو حسن[39] (بەڵكو با ناوى حەسەن بێت)، بەوە ناوى نرا حەسەن.

وەستانێك:

پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) لە فەرموودەیەكى صەحیحدا دەفەرموێت (إن أحب أسمائكم إلى الله عبد الله و عبد الرحمن)،[40] (خۆشترین ناوەكانتان لاى خوا بریتین لە عەبدوڵا و عەبدوڕەحمان)، بەڵام دەبینین پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ناوى كچەزاكانى خۆی بەو ناوەوە نەناوە، ئایا ئەمە بەڵگەیە لەسەر ناڕاستى ئەو فەرموودەیە یان ئەو گومانە دروست دەكات پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) جوانترین ناوەكانى هەڵنەبژاردبێت؟!!

لە وەڵامدا دەڵێین:

ئەو فەرموودەیە صەحیحەو گومانى تێدا نیەو لە صەحیحی موسلیمیشدا هاتووە، گومانیش نیە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) هەمیشە جوانترینی هەڵبژاردووە، بەڵام:

یەكەم: پێدەچێت ئەو فەرموودەى دواى ئەوە فەرمووبێت كە كچەزاكانى لەدایك بون و دواى ئەوە ئەو فەرموودەى فەرمووبێت.

دووەم: پێدەچێت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ئەوەى نەكردبێت تا ئوممەتەكەى وانەزانن ئەمە واجبە یان سوننەتێكی موئەككەدەیە و بەوە ناوى هەموو ئوممەتى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) لە چەند ناوێكدا بەرتەسك بێتەوە، هەر بۆیە ئەوەشی فەرمووەو بە هاوەڵان و موسڵمانانیشی نیشانداوە دەكرێت ناوى تری جوانیش بنێیت لە منداڵی تازە لەدایك بوو، بەڵام ناوێك بێت كە ئاماژەی خێری تێدا بەدی بكرێت، بۆیە دەبینین دواى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) هاوەڵان بە سەدان ناوى جیاوازیان ناوە لە تازە لەدایكبوان و ناوى موسڵمانانیان لە چەند ناوێكدا بەرتەسك نەكردووەتەوەو جوان لە پەیام و مەبەستى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) تێگەیشتون.

سێیەم: پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) رێگەیەكى تری نیشانى موسڵمانان داوە كە گرتنەبەری سوننەتى پێغەمبەرانى پێشووە لە ناوناندا، ئەوەتا دەفەرموێت لەسەر سەنگى منداڵەكانى هاروون ناوى ئەم مندالآنەم ناوە.

كاتێك حەسەن لەدایك بوو پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بانگى نوێژی فەرموو بە گوێی حەسەندا.[41]

وەك پێشتر ئاماژەمان پێدا پاش لەدایكبوونى، لەلایەن ئوممولفەضلهوە شیری پێدەدرا.

ئینجا پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) گوێزەبانەى بۆ حەسەن كرد و دوو بەرانى بۆ سەربڕی.[42]

ئەبی رافع دەڵێت: كاتێك حەسەن لەدایك بوو، فاطيمه چوو بۆ لاى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و وتى گوێزەبانەیەك نەكەم بۆ كوڕەكەم؟ ئەویش فەرمووى (لا ولكن احلقي رأسه ثم تصدقي بوزن شعره من فضة على المساكين أو الأوفاض)، (نا، بەڵام سەری بتاشەو بە كێشی مووە تاشراوەكانى لە زیو بكە بە خێر و بیدە بە هەژاران و ئەو هاوەڵانەى لە مزگەوتن و دەستكورتن یان ئەهلى صوففە)، فاطيمهش چوو ئەوەى كرد.[43]

جابیر دەڵێت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) لە رۆژی حەوتەمى لەدایكبوونی حەسەن و حوسەینیشدا خەتەنەى كردون.[44]

حەسەنى كوڕی عەلى لە سەردەمى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم)

ئوسامەى كوڕی زەید دەڵێت من و حەسەن پێكەوە بووین، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ئێمەى دەگرتە كۆش و دەیفەرموو (اللهم إني أحبهما فأحبهما[45] (خوایە من ئەم دوانەم خۆش دەوێن، دەى تۆش خۆشت بوێن).

هەروەها دەڵێت: شەوێك دام لە دەرگاى ماڵی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەرم (صلى الله عليه وسلم) بە جۆرێك شتێكی لە خۆی گرمۆڵە كردبوو كە نەمدەزانى چیە، جا كە ئیشەكەم تەواو بوو وتم بە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ئەوە چیت پێیە وا بەرگت بۆ گرمۆڵە كردووە؟ پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) كە بەرگەكەى لابرد بینیم حەسەن و حوسەینی لە باوەش ناوەو فەرمووى (هذان ابناي و ابنا ابنتي اللهم أحبهما فأحبهما و أحب من يحبهما[46] (ئەوە دوو كوڕەكەمن، كوڕانى كچەكەمن، خوایە من ئەم دوانەم خۆش دەوێن دەی تۆیش خۆشت بوێن و ئەوەشت خۆش بوێت كە ئەم دوانەى خۆش دەوێن).

بەڕائی كوڕی عازب دەڵێت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)لە حەسەن و حوسەین رادەما و دەیفەرموو (اللهم إني أحبهما فأحبهما[47] (خوایە من ئەم دوانەم خۆش دەوێن، دەى تۆیش خۆشت بوێن).

بەرائى كوڕی عازب دەڵێت پێغەمبەرى خوام (صلى الله عليه وسلم) بینی حەسەنى كوڕی عەلى لە قەلادۆشكان نابوو و دەیفەرموو (اللهم إني أحبه فأحبه[48] (خوایە من خۆشم دەوێت دەى تۆیش خۆشت بوێت).

ئەبوو هورەیرە دەڵێت پێغەمبەرى خوام (صلى الله عليه وسلم) بینی حەسەنى كوڕی عەلى لە قەلادۆشكان نابوو و لیكەكانى حەسەنیش دەڕژان بەسەر پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم).[49]

ئەبوو هورەیرە دەڵێت جارێك لەگەڵ پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) لە بازاڕی مەدینە بووم، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) چوو و منیش بە دوایدا چووم، پێی فەرمووم (أین لكع)(كوا لوكەع)-وشەى لوكەع بۆ خۆشی بۆ منداڵ بەكاردەهێنرا-، سێ جار ئەوەى فەرموو، ئینجا فەرمووى (حەسەنى كوڕی عەلى بانگ بكە)، منیش چووم بینیم حەسەن دەڕوات بە رێدا و ملیوانێك لە ملیدایە، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بە دەست ئاماژەی بۆ كرد و ئەویش ئاماژەى بۆ كرد-واتە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) باوەشی بۆ كردەوەو بە ئاماژەی دەست بانگى كرد-، كە حەسەن هات پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) گرتیە كۆش و فەرمووى (خوایە من خۆشم دەوێت دەى تۆیش خۆشت بوێت و ئەوەشت خۆش بوێت كە ئەوی خۆش دەوێت)، ئەبووهورەیرە دەڵێت ئیتر دواى ئەو فەرمایشتەى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) كەس نەبوو هێندەى حەسەنى كوڕی عەلى لام خۆشەویست بێت.[50]

ئەبوو هورەیرە دەڵێت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (من أحب الحسن و الحسين فقد أحبني، ومن أبغضهما فقد أبغضني[51] (هەركەس حەسەن و حوسەینی خۆش بوێت ئەوە منى خۆش ویستووە، هەركەسیش رقی بێت لێیان ئەوە رقی لە منە).

ئەبووهورەیرە دەڵێت جارێك ئەقرەعى كوڕی حابیسی تەمیمی لای پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) دانیشتبوو، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) حەسەنى كوڕی عەلى ماچ كرد، ئەقرەع وتى من دە كوڕم هەیە تا ئێستا هیچكامیانم ماچ نەكردووە، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) سەیرێكی كرد و پاشان فەرمووى (من لا یرحم لا یرحم)،[52] (ئەوەى میهرو سۆزى نەبێت میهر و سۆزى بۆ نیە).

هەروەها ئەبوو هورەیرە دەڵێت رۆژێك پێغەمبەرم (صلى الله عليه وسلم) بینی چوو بۆ بەر دەرگاى ماڵی فاطيمهو فەرمووى ئەی حەسەن، حەسەن هاتە دەرەوە بۆ لاى، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) دەمى ماچ كرد و زمانى مژی و گرتیە كۆش، ئەبووهورەیرە دەڵێت سوێند بە خوا تا ئێستاش هەر حەسەنم خۆش دەوێت.[53]

ئەبووهورەیرە دەڵێت حەسەنى كوڕی عەلیم بینی لە ژوورەكەى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بوو و پەنجەكانى دەكرد بە ناو ریشی پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) و پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) زمانى دەكرد بە دەمیدا، واتە زمانى حەسەنى دەكرد بە دەمى خۆیدا، ئینجا فەرمووى (خوایە من خۆشم دەوێت، دەى تۆیش خۆشت بوێت و ئەوەشت خۆش بوێت كە حەسەنى خۆش دەوێت).[54]

جارێك حەسەنى كوڕی عەلى لە خزمەتى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) بوو، بڕێك خواردنى صەدەقە دانرابوو، ئەویش دانەیەكى خستە دەمیەوە، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (كخ كخ) بۆ ئەوەى فڕێی بدات، ئینجا پێی فەرمو (أما شعرت أنا لا نأكل الصدقة[55] (مەگەر نازانیت ئێمە لە صەدەقە ناخۆین).

ئەنەسی كوڕی مالیك دەڵێت هیچ كەس نەبوو هێندەى حەسەنى كوڕی عەلى لە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بچێت.[56]

عائیشەى دایكى باوەڕداران دەڵێت: بەیانیەك پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) چوویە دەرەوەو جلێكی خورى لەبەر بوو كە لە مووى رەش دروستكرابوو، ئینجا حەسەنى كوڕی عەلى هات و پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) هێنایە ژوورەوە، دواى ماوەیەكى تر حوسەین هات و لەگەڵی هاتە ژوورەوە، دواتر فاطيمه هات و پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ئەویشی هێنایەژوورەوە، ئینجا عەلیش هات و پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ئەویشی هێنایە ژوورەوە، ئینجا پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ئەم ئایەتەى خوێندەوە (إنما يريد الله ليذهب عنكم الرجس أهل البيت و يطهركم تطهيرا).[57]

پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) نزاى پەناى بۆ حەسەن و حوسەین دەكرد و دەیفەرموو: (باوكتان بەوە داواى پەناى ئیسماعیل و ئیسحاقی دەكرد: أعوذ بكلمات الله التامة من كل شيطان و هامة و من كل عين لامة).[58]

ئەگەر سەیر بكەین ژیانى حەسەن لە خزمەت پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) یەكپارچە بریتی بووە لە وەرگرتنى ناز و خۆشەویستى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)، دەیگرتە كۆش، ماچی دەكرد، خۆشەویستى خۆی بۆ نیشان دەدا، نزاى بۆ دەكرد، دەیخستە قەلادۆشكانى، زمانى دەمژی، لەگەڵ خۆیدا دەیبرد بۆ سەر مینبەر، لە نوێژدا كە دەچوویە سەر پشتى بە نەرمى سەری بەرز دەكردەوە،هتد...، چەندین بەسەرهات كە لە هەموویاندا خۆشەویستى خۆی بۆ حەسەن نیشان داوەو داواى كردووە خوا خۆشی بوێت و ئەوەشی خۆش بوێت كە حەسەنى خۆش دەوێت.

ئەبی بەكرە دەڵێت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) لە مزگەوت بەرنوێژی بۆ دەكردین و حەسەنیش بچووك بوو دەهات، كە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) سوجدەى دەبرد حەسەن دەچوویە سەر كۆڵی، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) زۆر بە نەرمى و هێواشی سەری بەرز دەكردەوە، هاوەڵان وتیان ئەی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) تۆ لەگەڵ ئەم منداڵە جۆرێك سۆز دەنوێنیت كە نەماندیوە لەگەڵ كەسی تر وابكەیت، ئەویش فەرمووى (إنه ريحانتي من الدنيا، إن ابني هذا سيد و عسى الله أن يصلح به بين فئتين من المسلمين[59] (ئەم كوڕەم رەیحانەى منە لە دنیادا، ئەم كوڕەم سەییدەو هیوام وایە خوا بیكاتە هۆی چاككردنى نێوانى دوو دەستەى موسڵمانان).

ئەبی بەكرە دەڵێت رۆژێك پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) حەسەنى هێنا و لەگەڵ خۆی بردیە سەر مینبەر و فەرمووى (ابني هذا سيد و لعل الله أن يصلح به بين فئتين من المسلمين[60] (ئەم كوڕەم سەییدەو هیوام وایە خوای گەورە بەهۆیەوە نێوانى دوو دەستەى موسڵمانان رێكبخات).

ئەبی سەعیدى خودرى دەڵێت: پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (الحسن و الحسین سیدا شباب أهل الجنە)،[61] (حەسەن و حوسەین گەورەى گەنجانى بەهەشتن).

حەسەن كە لە خزمەتى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) بوو فەرموودەى لێوە دەبیست و ئەو فەرموودانەشی دەگێڕایەوە،[62] لەوانە حەسەن دەڵێت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) نزایەكى فێر كردم تا لە قنووتى نوێژی ویتردا بیخوێنم (اللهم اهدني فيمن هديت ، وعافني فيمن عافيت ، وتولني فيمن توليت ، وبارك لي فيما أعطيت ، وقني شر ما قضيت ، فإنك تقضي ولا يقضى عليك ، وإنه لا يذل من واليت ، تباركت ربنا وتعاليت).[63]

كاتێك قوڕەیشیەكان پەیمانیان شكاند و پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بڕیاریدا هێرش بباتە سەر مەككە و فەتحى بكات، ئەبووسوفیان هات تا رێككەوتنەكە درێژ بكاتەوە، كە چووە خزمەت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) وەڵامى نەدایەوە، بۆیە چوو تكاى لە ئەبووبەكر و عومەر و عەلى كرد تا لاى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) سكالآى بۆ بكەن، كە چوو بۆ لاى عەلى حەسەنى كوڕی عەلى منداڵێك بوو لەبەردەمیدا یارى ئەكرد، عەلیش وەك ئەوانى تر ئەبووسوفیانى بێهیوا كرد و وتى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بڕیارێكی داوە كە كەسمان بۆی نیە قسەی تێدا بكات.[64]



[1] - أسد الغابة، ج2، ص 15.

[2] - أسد الغابة، ج4، ص 100.

[3] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 564.

[4] - سنن أبي داود، الرقم 4052، سنن ابن ماجة، الرقم 132، سنن الترمذي، الرقم 3767، صحيح ابن حبان، الرقم 7103، المستدرك على الصحيحين، الرقم 5355، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 7921، مسند احمد بن حنبل، الرقم 1567، مسند الطيالسي، الرقم 230، صححه الألباني في صحيح و ضعيف الجامع الصغير و زيادته، الرقم 50، كما صححه شعيب الارناؤوط.

[5] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج6، ص 12.

[6] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 19.

[7] - صحيح البخاري، الرقم 3446.

[8] - صحيح البخاري، الرقم 3564، صحيح ابن حبان، الرقم 7079، سنن الترمذي، الرقم 3788، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 8258،  مسند أحمد بن حنبل، الرقم 5753، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 5606، مسند الطيالسي، الرقم 2025، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 2815.

[9] - صحيح البخاري، الرقم 4179،  صحيح مسلم، الرقم 4590.

[10] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 335.

[11] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 617.

[12] - صحيح البخاري، الرقم 6205، صحيح مسلم، الرقم 336.

[13] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج6، ص 12.

[14] - المعجم الأوسط للطبراني، الرقم 7057، قال الهيثمي: في سنده سعدان بن الوليد و لم أعرفه و بقية رجاله ثقات.

[15] - أسد الغابة، ج7، ص 88-92.

[16] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 2571، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 2659، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 18826، صحيح ابن حبان، الرقم 7120، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 8080، المستدرك على الصحيحين، الرقم 3771، صححه الذهبي في التلخيص، كما صححه شعيب الأرناؤوط، كما صححه الألباني في سلسلة الأحاديث الصحيحة، الرقم 1508.

[17] - أسد الغابة، ج7، ص 95.

[18] - سنن الترمذي، الرقم 3786، صحيح ابن حبان، الرقم 7069، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 8254، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 11365، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 2549، صححه الألباني في صحيح و ضعيف الجامع الصغير و زيادته، الرقم 79، صححه الذهبي في التلخيص.

[19] - أسد الغابة، ج2، ص 28.

[20] - صحيح ابن حبان، الرقم 7068، المستدرك على الصحيحين، الرقم 4722، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 11141، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 746، ضعفه الألباني في سلسلة الاحاديث الصحيحة، الرقم 3706، لكن حسنه شعيب الأرناؤوط، و صححه الذهبي في التلخيص.

[21] - البداية والنهاية لابن كثير، ج8، ص 189.

[22] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 617.

[23] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 500.

[24] - أسد الغابة، ج7، ص 146.

[25] - سير أعلام النبلاء للذهبي، ج1، ص 206-211.

[26] - أسد الغابة،ج 4، ص 70-73.

[27] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص 266.

[28] - تاريخ الطبرى، ج2، ص 29.

[29] - أسد الغابة، ج7، ص 144.

[30] - أسد الغابة، ج7، ص 126.

[31] - أسد الغابة، ج7، ص 421.

[32] - أسد الغابة، ج7، ص 442.

[33] - أسد الغابة، ج7، ص 56.

[34] - أسد الغابة، ج2، ص 16.

[35] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 68.

[36] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 26276 و اللفط له، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 2477، صححه شعيب الأرناؤوط.

[37] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 4770، قال الذهبي في التلخيص منقطع ضعيف.

[38] - سنن ابن ماجة، الرقم 3920، ضعفه الألباني في صحيح و ضعيف سنن ابن ماجة، الرقم 3923.

[39] - صحيح ابن حبان، الرقم 7068، المستدرك على الصحيحين، الرقم 4722، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 11141، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 746، ضعفه الألباني في سلسلة الاحاديث الصحيحة، الرقم 3706، لكن حسنه شعيب الأرناؤوط، و صححه الذهبي في التلخيص.

[40] - صحيح مسلم، الرقم 4068 و اللفظ له، سنن الترمذي، الرقم 2833، سنن ابن ماجة، الرقم 3725، سنن الدارمي، الرقم 2646، سنن أبي داود، الرقم 4319، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 17952، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 13143.

[41] - سنن أبي داود الرقم 4462، سنن الترمذي، الرقم 1474 و قال حديث حسن صحيح، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 17949، مسند احمد بن حنبل، الرقم 26569، مسند الطيالسي، الرقم 1001، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 927، مسند الروياني، الرقم 664،  حسنه الألباني في صحيح و ضعيف سنن أبي داود، الرقم 5105، ضعفه شعيب الأرناؤوط.

[42] - السنن الكبرى للنسائي، الرقم 4415، صححه الألباني في صحيح و ضعيف سنن النسائي، الرقم 4219.

[43] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 26566، مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 23722، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 913، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 17945، ضعفه شعيب الأرناؤوط، و قال الألباني: وهذا إسناد حسن لولا أن شريكا وهو ابن عبد الله القاضى سىء الحفظ لكنه لم يتفرد به.

[44] - السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 16322، المعجم الأوسط للطبراني، الرقم 6826.

[45] - صحيح البخاري، الرقم 3558، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 7901، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 19600، مسند احمد بن حنبل، الرقم 21261، مسند ابن أبي شيبة، الرقم 31544، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 2576.

[46] - سنن الترمذي، الرقم 3787، حسنه الألباني في صحيح و ضعيف سنن الترمذي، الرقم 3769، صحيح ابن حبان، الرقم 7077، مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 31543، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 8252، المعجم الصغير للطبراني، الرقم 552.

[47] - سنن الترمذي، الرقم  و قال حديث حسن صحيح، صححه الألباني في صحيح و ضعيف سنن الترمذي، الرقم 3782.

[48] - صحيح البخاري، الرقم 3560، صحيح مسلم، الرقم 4552، صحيح ابن حبان، الرقم 7072، سنن الترمذي، الرقم 3801، مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 31553، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 18209، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 2518.

[49] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 9568، سنن ابن ماجة، الرقم 656، صححه الألباني في صحيح و ضعيف سنن ابن ماجة، الرقم 658، كما صححه شعيب الأرناؤوط على شرط مسلم.

[50] - صحيح البخاري، الرقم 5552 و اللفظ له، صحيح مسلم، الرقم 4550، صحيح ابن حبان، الرقم 7073، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 8174، مسند الحميدي، الرقم 1004.

[51] - سنن ابن ماجة، الرقم 142، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 7672، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 6084، المعجم الأوسط للطبراني، الرقم 4895، حسنه الألباني في صحيح و ضعيف سنن ابن ماجة، الرقم 143.

[52] - صحيح البخاري، الرقم 5657، صحيح مسلم، الرقم 4383، صحيح ابن حبان، الرقم 458، سنن أبي داود، الرقم 4562، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 7105.

[53] - المعجم الأوسط للطبراني، الرقم 6586.

[54] - معجم ابن الأعرابي، الرقم 1326، معجم ابن المقرىء، الرقم 631.

[55] - صحيح البخاري، الرقم 1431، صحيح مسلم، الرقم 1843، مستخرج أبي عوانة، الرقم 2106، صحيح ابن حبان، الرقم 3353، سنن أبي داود، الرقم 3933، سنن الدارمي، الرقم 1645، مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 35844، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 8371، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 12359، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 9954، مسند الطيالسي، الرقم 2593.

[56] - صحيح البخاري، الرقم 3563، سنن الترمذي، الرقم 3794، صحيح ابن حبان، الرقم 7083.

[57] - صحيح مسلم، الرقم 4554، مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 31462، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 2662،

[58] - صحيح البخاري، الرقم 3207 و اللفظ له، سنن ابن ماجة، الرقم 3522، صحيح ابن حبان، الرقم 1017، سنن أبي داود، الرقم 4133، سنن الترمذي، الرقم 2037، مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 23072، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 10416، مسند احمد بن حنبل، الرقم 2339، المعجم الأوسط للطبراني، الرقم 2315.

[59] - صحيح ابن حبان، الرقم 7074، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 20005، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 2527، مسند الطيالسي، الرقم 904، صححه شعيب الأرناؤوط.

[60] - صحيح البخاري، الرقم 3450 و اللفظ له، سنن أبي داود، الرقم 4064، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 1699، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 11140، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 19891.

[61] - السنن الكبرى للنسائي، الرقم 8253، سنن الترمذي، الرقم 3786، مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 31537، مسند احمد بن حنبل، الرقم 10762، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 1134، المعجم الكبير للطبراني، الرقم  2545، قال الألباني في سلسلة الأحاديث الصحيحة، الرقم 796، حديث حسن صحيح.

[62] - المطالب العالية لابن حجر، الرقم 626، صحيح ابن خزيمة، الرقم 1023.

[63] - صحيح ابن خزيمة، الرقم 1024، صحيح ابن حبان، الرقم 949، سنن الدارمي، سنن ابي داود، الرقم 1227، سنن ابن ماجة، الرقم 1174، سنن الترمذي، الرقم 446، الرقم 1603، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 1419، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 2921، مسند احمد بن حنبل، الرقم 1654،  صححه الألباني في صحيح و ضعيف سنن ابن ماجة، الرقم 1178، كما صححه شعيب الأرناؤوط.

[64] - تاريخ الطبري، ج2، ص 154.

 2105
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.