دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  عەبدوڵاى كوڕی حوذافە(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی حوذافەى كوڕی قەیسى قورەیشی سەهمیە، لە كۆچەرانە، كونیەكەى ئەبووحوذافەیە، یەكێكە لە یەكەم دەستەی موسڵمانبوان، هەروەها یەكێكە لە كۆچەرانى حەبەشە.[1]

دایكی ناوى تەمیمەی كچی حەرثانە، برایەكی هەبوو بەناوى خونەیس كە یەكێك بوو لە بەشداربوانى غەزاى بەدر.[2]

عەبدوڵا هاودەم بە قەیسی براى كۆچی كرد بۆ حەبەشە و لە كۆچی دووەمى حەبەشەدا بەشدار بوو.[3]

پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) عەبدوڵاى وەك نێردراوى خۆی نارد بۆ لاى كیسراى فارسەكان و كیسراش نامەكەى دڕاند.[4]

ئەبووسەعیدی خودری دەڵێت جارێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سریەیەكی نارد بە سەركردایەتى عەلقەمەى كوڕی موجەززیز و منیش لە سریەكەدا بووم، لە نیوەی رێدا دەستەیەك لە سوپاكە داواى مۆڵەتیان لە عەلقەمە كرد و ئەویش مۆڵەتى دا پێیان و عەبدوڵاى كوڕی حوذافەى كرد بە ئەمیریان، لە نیوەی رێدا بوون كە ئاگرێكیان كردەوە تا خۆیان گەرم بكەنەوە یان خواردنێك ئامادە بكەن، عەبدوڵا گاڵتەو سوعبەتێكى هەبوو، وتى مەگەر گوێڕایەڵی من لەسەرتان واجب نیە؟ وتیان با، وتى دەی فەرمانێكتان پێ بكەم چی دەڵێن؟ وتیان چی بڵێیت دەیكەین، وتی دەمەوێت خۆتان تل دەنە ناو ئەو ئاگرەوە، دەستەیەك هەستان ئەوە بكەن، خێرا عەبدوڵا وتى دەست راگرن، گاڵتەم لەگەڵ كردن، دواتر كە چووینەوە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەسەرهاتەكەمان بۆ باسكرد، فەرمووى (من أمركم منهم بمعصية الله، فلا تطيعوه[5] (هەركەس لەوان (سەركردەكان) فەرمانى پێكردن بە سەركەشی لە خوا ئەوە گوێڕایەڵی مەكەن).

عەبدوڵا دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى پێكردم لە رۆژانى تەشریقدا هاوار بكەم ئەم رۆژانە رۆژانى خواردن و خواردنەوەن.[6]

ئەمەش لە حەجى ماڵئاواییدا بوو و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چەند كەسێكی راسپارد تا بەناو خەڵكدا ئەو هاوارە بكەن.

عەبدوڵا پاش وەفاتى پێغەمبەرى خواش (صلى الله عليه وسلم) ژیا و بەشدارى غەزا و فتووحاتەكانى كرد.

لە سەردەمى خیلافەتى عومەرى كوڕی خەتتابدا عەبدوڵا بەشدارى هێرشێك بوو بۆ سەر رۆمەكان، بەڵام لە جەنگەكەدا بەدیل گیرا، ئینجا برا بۆ لاى پاشاكەیان، وتیان ئەمە لە هاوەڵانى موحەممەدە، ئەویش وتى دەبیت بە مەسیحی و نیوەی سامانى خۆم بدەم بە تۆ؟ عەبدوڵا وتى ئەگەر چیت هەیە و چی موڵكی هەموو پاشایانى عەرەبە بیدەیت بە من، هێندەى چاوترووكانێ وازناهێنم لە ئایینەكەى موحەممەد، پاشاكە وتى دەی دەتكوژم، ئەویش وتى چی دەكەیت بیكە، ئەوەبوو فەرمانى كرد و لەخاچ درا، پاشان بە تیرهاوێژەكانى وت تیرەكە بدەن لە نزیكی جەستەی و مەیكوژن، زوو زوو پێی دەوت دەبیت بە مەسیحی؟ ئەویش رازى نەدەبوو، ئینجا لەسەر خاچەكە دایانگرت و مەنجەڵێكی گەورە ئاوى كولآویان هێنا، دوو دیلی موسڵمانانى بانگ كرد و هێنران، فەرمانى كردو یەكێكیان خرایە ناو مەنجەڵەكەوە، ئینجا بە عەبدوڵاى وت دەبیت بە مەسیحی؟ ئەویش وتى نابم، هاوكات دەگریا، بە پاشا وترا ئەو گریا، بۆیە وایزانى ترساوە، وتى بۆچی دەگریت، عەبدوڵا وتى من یەك گیانم هەیە دەرچێ، خۆزگە هێندەى تاڵەكانى سەرم گیانم هەبوایەو هەموویان لەپێناو خوادا دەخرانە ناو ئاگر، پاشا وتى ئامادەیت سەرم ماچ بكەیت و ئازادت بكەم؟ عەبدوڵا وتى ئەگەر هەموو دیلەكان ئازاد بكەیت بەڵێ، پاشا وتى بەڵێ، ئەویش سەری ماچ كرد و دیلەكانى لەگەڵ خۆی هێنایەوە بۆ لاى عومەر و بەسەرهاتەكەى بۆ باسكرد، خەلیفەش وتى ئەركى سەرشانى هەر موسڵمانێكە سەری عەبدوڵا ماچ بكات و وا منیش خۆم دەست پێدەكەم، ئەوەبوو سەری عەبدوڵاى ماچ كرد.[7]

هەر لەو ماوەى سزادانەیشدا جارێك برایە ژوورێك و مەى و گۆشتى بەرازى بۆ دانرا، سێ رۆژ بەس ئەوەی بۆ دانرا، ئەویش هیچی لێ نەخوارد، پاشا پێی وت بۆچی دەستت بۆ هیچیكامیان نەبردووە؟ ئەویش وتى لەبەر ناچاری بۆم حەلآڵ بوو بیخۆم، بەڵام حەزم نەكرد تۆ دڵخۆش بكەم، ئینجا داواى كرد سەری ماچ بكات و لە بەرامبەردا دیلەكانى بۆ ئازاد بكات، ئەویش سەری ماچكرد، ئەوەبوو پاشاكە سێ سەد دیلی لەگەڵ ئازاد كرد و سی هەزار دینارو چەندین خەلآتى تریشی پێدا.[8]

عەبدوڵا دواتر چوویە میصر و لە سەردەمى خیلافەتى عوثمانى كوڕی عەففاندا لەوێ كۆچی دوایی كرد.[9]



[1] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 11.

[2] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 189.

[3] - أسد الغابة، ج3، ص 213.

[4] - أسد الغابة، ج3، ص 214.

[5] - سنن ابن ماجة، الرقم 2860، صحيح ابن جبان، الرقم 4628، مسند احمد بن حنبل، الرقم 11414، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 1318، جسنه شعيب الأرناؤوط، حسنه الألباني في صحيح و ضعيف سن ابن ماجة، الرقم 2863.

[6] - السنن الكبرى للنسائي، الرقم 2816، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 15431، صححه الألباني في سلسلة الاحاديث الصحيحة، الرقم 3573.

[7] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 14.

[8] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 15.

[9] - أسد الغابة، ج3، ص 215.

 1294
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.