دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  عەلى كوڕی ئەبووطالیب(رضي الله عنه) - بەشی هەشتەم

لە ماوەى خیلافەتى عوثماندا

پاش ئەوەى بەیعەت درا بە عوثمان، عەلى كەسی نزیكی عوثمان بوو و لە زۆر كاتدا هاودەمى بوو و عوثمانيش راى ئەوى زۆر لا پەسەند بوو و لە مەسەلەكاندا راى وەردەگرت، بۆ نموونە كاتێك حەببانى كوڕی مونقيذ ژنەكەى تەلآق دا، ئەوكات ژنەكەى شیری دەدا، ماوەى حەڤدە مانگ تێپەڕ بوو و ئەو ژنە لەبەر شیردانەكە نەدەكەوتە حەیزەوە، دواى چەند مانگێك لەو تەلآقدانە حەببان نەخۆش كەوت، پێی وترا ئەگەر بمریت ژنەكەت میراتى بەردەكەوێت، ئەویش وتى بمبەن بۆ لاى عوثمان، برا بۆ لاى عوثمان و هەریەك لە عەلى كوڕی ئەبوو تالیب و زەیدی كوڕی ثابت لاى عوثمان بوون،  كاتێك مەسەلەكەى باسكرد، عوثمان بەو دوو هاوەڵەى لاى خۆی وت راتان چیە؟ ئەوانیش وتیان رامان وایە ئەگەر بمرێت ژنەكەى میراتى بەردەكەوێت، ئەگەریش ژنەكە بمرێت ئەوا حەببان میراتى بەردەكەوێت، چونكە لەو ئافرەتانە نیە كە ئیتر قەت تووشی حەیز نەبن، لەو ئافرەتانەش نیە كە هەرگیز تووشی حەیز نابن، ئەوەبوو حەببان گەڕایەوە بۆ ماڵەوەو كچە شیرەخۆرەكەى لاى ژنەكەى بردەوە، ئیتر ژنەكە كە شیردانى نەما كەوتە حەیزەوە، بەڵام دوو جار كەوتە حەیزەوە تا ئەوەى حەببان مرد هێشتا ژنەكەى حەیزى نەبوو، بۆیە ژنە تەلآقدراوەكەى حەببان میراتى بەركەوت،[1] حەببان دوو ژنى هەبوو، یەكێكیان قورەیشی بوو و ئەوی تریان پشتیوانى بوو، ئەوەى كە حەببان تەلآقی دابوو ژنە پشتیوانیەكە بوو.[2]

لە ساڵی سی و چوارى كۆچیەوە سەرەتاكانى فیتنە دەركەوتن كاتێك دەستەیەك كەوتنە رەخنەگرتن لە عوثمانى كوڕی عەففان، سەرەتاى رەخنەكەیان ئەوەبوو وتیان ئەو هاوەڵانێكی زۆری لە پۆستەكاندا لابردووەو كەسانى ئومەوى لە شوێنیاندا داناوە، ئەویش ئەو قسەی زۆر لا سەخت بوو و ناردى بە شوێن والی ناوچەكاندا و هەموو هاتن بۆ لاى، لەوانە موعاویەی كوڕی ئەبووسوفیان و عەمری كوڕی عاص و عەبدوڵاى كوڕی سەعد و سەعیدی كوڕی عاص و عەبدوڵاى كوڕی عامیر، لەو بارەوە راى ئەوانى وەرگرت، هەریەكەو رایەكى دەربڕی، عوثمانيش والیەكانى هێشتەوەو هەوڵیدا كەسە ناڕەزاكانیش بە جیهادەوە سەرقاڵ بكات، هۆكارى سەرەكى ئەم بەزمانەش كابرایەكی جوولەكە بوو بە ناوى عەبدوڵاى كوڕی سەبە ْ كە واى نیشان دابوو موسڵمان بووە، ئینجا چوویە میصر و لەوێ فیتنەیەكی نایەوەو گومانى بۆ خەڵكەكە دروست دەكرد، كورتەى وتەكەى ئەوەبوو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەسیەتى كردووە بۆ عەلى كوڕی ئەبوو طالیب، بۆیە عەلى لە عوثمان شیاوترە بە دەسەلآت،[3] وەك ئەوەى ئەو هەموو هاوەڵەی دەورى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئاگایان لە شتی وانەبووبێت و ئێستا كابرایەكى جوولەكەى تازە موسڵمان بوو كە ساتێكیش لە خزمەت پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم) نەبووە ئەم مەسەلە گرنگەى زانیبێت، ئیتر تەنها ئەم لەسەر حەق و هەموو هاوەڵان یان نەزان یان فێڵباز بووبن.

ئیبن سەبەئی جوولەكە كەوتە تانەدان لە عوثمان و خۆی بە دڵسۆزی ئیسلام نیشان دا، خەڵكێكی زۆر بە قسەكانى هەڵخەڵەتان و كەوتنە شوێن راكانى و ئەو هەوڵەی خۆیان بە فەرمان بە چاكەو رێگری لەخراپە دەزانى، رۆژ بە رۆژ ئەو بیرەى سەبەئی بلآو دەبوویەوە، تا دواى ساڵێك خەڵكەكە داوایان كرد لە عەلى كوڕی ئەبووطاليب بروات لەگەڵ عوثمان قسە بكات، عەلیش چوو و پێی وت: خەڵكێك لە دەرەوە سەبارەت بە تۆ منیان دواندووەو نازانم چی بڵێم، چی هەیە تۆ نەیزانیت و ئەوەی ئێمە دەیزانین تۆیش دەیزانیت، پێش تۆ نەكەوتوین تا شتێكت پێ بڵێین تۆ نەیزانیت، بە تەنیا لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نەبوین تا شتیكی تایبەت بزانین و پێت بڵێین، شتێكی تایبەتمان بۆ نەبووە كە لە تۆشاراوە بێت، تۆ هاوەڵ و زاواى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بوویت و فەرموودەت لێوە بیستووەو بینیوتە، كوڕی ئەبووقوحافە و كوڕی خەططابیش لە تۆ لەپێشتر نەبون بە شتێك،تۆ لە خزمایەتیدا نزیكترینیت بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەوەى تۆ هەتبوو لە زاوایەتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەو دوانە نەیانبوو، لە هیچدا پێش تۆ نەكەوتن، دەى بۆ خاترى خوا وریاى خۆت بە، نابینات پێ بینا ناكرێت و نەفامت پێ زانا ناكرێت، رێگەكە روونەو پایەكانى دین وەستاون، تۆ دەزانیت ئەی عوثمان چاكترین بەندەى خوا لاى خوا پێشەوایەكی دادپەروەرە رێنموونى كرابێت و سوننەتێكی روون پەیڕەو بكات و دوور لە بیدعەى دیار بگرێت، بەخوا هەردووكیان رونن و سوننەتەكان وەستاو و بەرچاون و بیدعەكانیش هەروا، خراپترین كەس لاى خوا پێشەوایەكى ستەمكارى گومڕایە كە خەڵكی بەهۆیەوە گومڕا ببن، ئیتر سوننەتى روون لەناوبەرێت و بیدعەى كەنارخراو زیندوو بكاتەوە، ...عوثمانيش وەڵامى دایەوەو وتى بەخوا دەمزانى ئەوە دەڵێیت، بەخوا ئەگەر تۆ لە شوێنی من بوویتایە، نە لێت تووڕە دەبووم و نە تانەم لێدەدایت و نە خراپەیەكم دەكرد، من خزمایەتیم گەیاندووەو درزەكانم گرتووەو پەناى فەوتاوم داوەو لەسەر هەمان شێوەی عومەر كەسەكانم داناوە، ئەی عەلى سوێندت دەدەم بە خوا ئایا دەزانیت موغیرەى كوری شوعبە لێرە نەبوو؟ وتى بەڵێ، وتى دەشزانیت عومەر داینا؟ وتى بەڵێ، عوثمان وتى دەی ئیدی بۆ سەركۆنەى من دەكەن ئەگەر ئیبن عامیرم لەبەر خزمایەتی دانابێت؟ عەلى پێی وت عومەر كە كەسێكی دادەنا دواتر لاریەكی لێ بەدی بكردایە ئەوپەڕی سزاى دەدا، بەڵام تۆ ئەوە ناكەیت، نەرمى و لاوازیت نواندووە بەرامبەر بە خزمانت، عوثمان وتى ئەوانە خزمانى تۆیشن، پاش بڕێك قسەكردن پێكەوە عەلى لاى عوثمان چوویە دەرەوەو عوثمانيش بە دوایدا چوویە دەرەوەو چوویە سەر مینبەر و وتارێكی پێشكەش كرد.[4]

لە ساڵی سی و پێنجى كۆچیدا میصر شڵەژانێكی بەخۆوە دی، موحەممەدى كوڕی ئەبووبەكری صدیق و موحەممەدى كوڕی ئەبووحوذەیفەو ژمارەیەكی تر لە نەیارانى عوثمان نزیكەی شەش سەد سواریان لە میصرەوە ئامادە كرد و بەڕێكەوتن بەرەو مەدینە و بوون بە چوار بەشەوە بە  سەركردایەتى عەمرى كوڕی بودەیلی كوڕی وەرقائى خوزاعى و عەبدوڕەحمانى بەلوى و كینانەی كوڕی بیشر و سوودانى كوڕی حمران، موحەمەدى كوڕی ئەبووبەكریش لەگەڵیاندا هات، بەڵام موحەممەدى كوڕی ئەبووحوذەیفە لە میصر مایەوە تا خەڵكى تر هان بدات و بەرگری لەوانە بكات كە رۆیشتوون، والى میصریش نامەیەكی نووسی بۆ خەلیفەو ئاگادارى كردەوە لەو رووداوە و وتى وەك عومرەكار دێن و وا خۆیان نیشان دەدەن، كە لە مەدینە نزیك بوونەوە، خەلیفە فەرمانى كرد بە عەلى كوڕی ئەبووطاليب تا پێشهاتنیان بۆ مەدینە بیانگێڕێتەوە بۆ شوێنی خۆیان، عەلیش داواى لە عەممارى كوڕی یاسر كرد هاودەمى بكات، بەڵام عەممار رازى نەبوو، چونكە ئەویش تووڕە بوو لە عوثمان لەبەرئەوەى پێشتر عوثمانى كوڕی عەففان سزاى دابوو، عەلى خۆی چوو بۆ لایان و لە ناوچەی جوحفە بوون، ئەوانە بە چاوى گەورەییەوە تەماشاى عەلى كوڕی ئەبووطالیبیان دەكرد، عەلى لێیان تووڕە بوو و تەنانەت كەوتە قسە پێ وتنیان، ئەوانیش كەوتنە سەركۆنەى خۆیان و وتیان لەسەر ئەمە جەنگى خەلیفە دەكەن؟ عەلى وتى بۆچی نەیارى عوثمانن؟ ئەوانیش چەند رەخنەیەكیان ژمارد، عەلیش یەك یەك وەڵامى رەخنەكانى ئەوانى دایەوە، دەستەیەكیشیان چوون گوێیان لە وتەكانى عوثمان گرت، كە هیچ رەخنەیەكیان نەما، دەستەیەك لە خەڵكی مەدینە داوایان لە عوثمان كرد سزاى ئەوانە بدات، عوثمان لێبوردەیی نیشان دا، ئەوانیش گەڕانەوە و عەلیش گەڕایەوە بۆ لاى عوثمان و بەسەرهاتەكەى بۆ باسكرد و داوایشی لێكرد وتارێك پێشكەش بكات و پۆزش بهێنێتەوە بۆ ئەوەى خزمانى خۆی پێشخستووەو تەوبە نیشان بدات، عوثمانىش راكەى وەرگرت و لە وتارى هەینیدا ئەوەى كرد و نزایەكی تەوبەی كرد و چاوەكانى پڕ بوون لە فرمێسك و هەموو موسڵمانان گریان، ئینجا مەڕوانى كوڕی حەكەم وتەیەكی زبری پێشكەش كرد و دڵی عەلى رەنجاند، دواتر عوثمان بە راوێژی ژنەكەى ناردى بە شوێن عەلیدا تا بێت بۆ لاى و ویستی دڵی بداتەوە، بەڵام عەلى رازى نەبوو، كە خەڵكی میصر بەم رووداوەیان زانى لەگەڵ خەڵكی كووفەو بەصرە كەوتنە نامە گۆڕینەوەو رێككەوتن لەسەر ئەوەى جەنگى عوثمان بكەن، لەو نێوەندەدا بڕێك نامە بەدەم هاوەڵانەوە ساختە كران، ئەوەبوو هەمدى شەش سەد سوار لە میصرەوە بە چوار بەش هاتن وئیبن سەبەئیشیان لەگەڵ بوو، لەو لاشەوە خەڵكی كووفە بە چوار بەش هاتن، خەڵكی بەصرەش بە چوار بەش هاتن، هەریەكەو نیازێكیان هەبوو، میصریەكان دەیانوت دەبێت عەلى ببێت بە خەلیفە، كووفیەكان دەیانوت با زوبەیر ببێت بە خەلیفە، بەصریەكان دەیانوت با طهلحە ببێت بە خەلیفە، هەموو لە مانگى شەووالدا لە دەورى مەدینە خڕ بوونەوە، میصریەكان چوون بۆ لاى عەلى، ئەویش حەسەنى كوڕی ناردبوو بۆ لاى عوثمان و خۆیشی كەنارى گرتبوو، كە هاتن بۆ لاى عەلى تووڕە بوو لێیان و دەری كردن، زوبەیر و طهلحەش بە هەمان شێوەی عەلى بانگەشەكەرانى خۆیانیان دەركرد ونەفرەتیان لێكردن،  ئینجا هەموویان نیازى خۆیان راگەیاند و وتیان داواى ئێمە ئەوەیە عوثمان واز لە خیلافەت بهێنێت، جا میصریەكان دەیانوت جاری پێشوو كە چووینەتەوە نێردراوى عوثمانمان بەدیل گرتووە كە نامەى پێ بووەو نامەكە مۆری عوثمانى لەسەر بووەو تیایدا فەرمانى كردووە هەموومان بكوژن و دەست و پێمان ببڕن، ئەو نامەشیان لەگەڵ خۆیان هێنابوو، كە عوثمان ئەوەی بیست سوێندى خوارد شتی واى نەوتووەو نەنووسیوە، ئەمەش نامەیەكى ساختە بوو ئامادە كرابوو، هەروەك نامە بە دەم عەلى و زوبەیر و طهلحەوە نووسرابوو كە بێن بۆ لەناوبردنى عوثمان، وەزعەكە بەو جۆرە بوو تا رۆژی هەینی هات و عوثمان وەك جاران وتارى خۆی پێشكەش كرد، هێندێ دواى ئەوە گەمارۆ درا.[5]

لە مانگى ذیلقەعدەى ساڵی سی و پێنجدا هاتنە ناو مەدینە، عوثمان چاوى كەوت پێیان، ئەوانیش وتیان قورئانێك داوا بكە، ئەویش داواى كرد قورئانێك بهێنن، -كە قورئانەكەى بۆ هێنرا-پێیان وت –سورەتى- نۆیەم بكەرەوە، واتە سورەتى (یونس)، ئینجا وتیان بیخوێنەرەوە تا گەیشتە ئەم ئایەتە(ءآالله أذن لكم أم على الله تفترون)، ئینجا پێیان وت بوەستە، أرأیت ما حمیت من الحمى، ئایا خوا مۆڵەتى ئەوەى پێداویت یان بەدەم خواوە هەڵت بەستووە؟ عوثمان وتى تێیپەڕێنە، ئەو ئایەتە لەسەر فلآنە مەسەلە دابەزیوە، عومەریش ئەوەى منى كرد و لە وشترەكانى زیادكرد و منیش وام كردووە.

بەردەوام رەخنەیان لێدەگرت و ئەویش وەڵامى دەدانەوە تا دواتر عوثمان بەوانى وت چیتان دەوێت؟ ئەوانیش بەڵێننامەكەیان هێنا و شەش یان پێنج مەرجیان بۆ نووسی كە هەركەس دوورخراوەتەوە بگەڕێنرێتەوەو ئەوەى –مووچەی لێ بڕاوە- بۆی بگێردرێتەوە و فەیئیش هەبێت و لە دابەشكردندا دادپەروەر بێت و كەسانى بەهێز و جێمتمانە بكاتە بەرپرس، ئەوەیان لە نامەیەكدا نووسی، ئەویش بەڵێنى لەوان وەرگرت یەكڕیزی تێكنەدەن، ئینجا بە رەزامەندى گەڕانەوە.

دەوترێت بەڵكو عەلى ناردووە بۆ لایان و لەسەر ئەو پێنج شتە باسكراوە رێككەوتن و بە رەزامەندى گەڕانەوە، لەو وەزعەدا بوون كە سوارێك هات و رێی گرت پێیان و چەند جارێك بلآوەى بە كۆبوونەوەیان دەكرد و دەهاتەوە بەنێویاندا، وتیان ئەوە تۆ چیتە؟-بۆ وادەكەیت؟- ئەویش وتى من نێردراوى ئەمیری باوەڕدارانم بۆ لاى كاربەدەستى خۆی لە میصر، ئەوانیش پشكنیان، سەیریان كرد نامەیەكى پێیە كە لەسەر زمانى عوثمان نووسراوەو مۆری ئەوی لێدراوەو ناردوویەتى بۆ كاربەدەستى میصر و فەرمانى پێكردووە-ئەو كۆمەڵە كە گەڕانەوە- لە خاچیان بدات و دەست و پێیان ببڕێت.

ئەوانیش گەڕانەوە بەرەو مەدینەو چوون بۆ لاى عەلى و پێیان وت سەیركە دوژمنى خوا چی كردووە؟!! چی لە بارەمانەوە نووسیوە خوا خوێنی ئەوى حەلآڵ كردووە، ئینجا بە عەلییان وت لەگەڵ ئێمە وەرە بچین بۆ لاى –عوثمان، ئەویش وتى بەخوا نایەم لەگەڵتان، وتیان ئەى بۆچی –پێشتر- بەڵێننامەت بۆ نووسین؟ ئەویش وتى بەخوا من بۆم نەنووسیون، ئەوانیش لەنێو خۆیاندا سەیری یەكتریان دەكرد، ئینجا عەلى لە مەدینە چوویەدەرەوە.

ئەوانیش چوون بۆ لاى عوثمان و پێیان وت: تۆ شتی وات لە بارەى ئێمەوە نووسیوە، ئەویش وتى یان دەبێت دوو موسڵمان بهێنن-كە شایەتیم لەدژ بدەن- یان من سوێند دەخۆم-شتى وام نەنووسیوە-، بەڵام ئەوان بەوە رازى نەبوون و بەڵێنەكەیان هەڵوەشاندەوەو گەمارۆیان دا،

چەند قسەو راگۆڕینەوەیەك لەنێوان عوثمان و یاخیبواندا روویدا، دەوترێت ئەشتەر هێنراوە بۆ لاى عوثمان، ئەشتەریش بە عوثمانى وت ئەو خەڵكە دەیانەوێت یان واز لە دەسەلآت بهێنیت،  یان قیصاصیان بدەیتەوە، یان بتكوژن، ئەویش وتى: سەبارەت بە وازهێنانم ئەوا من ئوممەتى موحەممەد بە پەرتى و ناكۆكی جێناهێڵم، سەبارەت بە قیصاصیش ئەوا دوو هاوەڵەكەى پێش من قیصاصیان لەخۆیان وەرنەگرتووەو جەستەى منیش بەرگەى ئەوە ناگرێت.[6]

عوثمان پاش كۆتا وتارى لە هەینیدا، تووشی ژانەسەرێك بوو و لە هۆش خۆی چوو، خێرا بردیانەوە بۆ ماڵەوە، خێرا نەیارەكانى كە لەو شوێنە جیاوازنەوە هاتبوون، هاتن و گەمارۆی ماڵەكەیان دا، بەرامبەر بەوە خێرا دەستەیەك لە مندالآنى هاوەڵان بە فەرمانى باوكیان چوون بۆ ماڵی عوثمان تا بەرگری لە خەلیفە بكەن، لەوانە حەسەن و حوسەینی كوڕانى عەلى كوڕی ئەبوو طالیب، عەبدوڵاى كوڕی زوبەیر و عەبدوڵاى كوڕی عەمر.[7]

   كاتێك هەواڵی شەهیدبوونى عوثمان گەیشت بە عەلى كوڕی ئەبووطالیب، عەلى تەواو شڵەژا و هاودەم بە طهلحەو زوبەیر و سەعد چوون بۆ لاى عوثمان و بینییان كوژراوە، عەلى تووڕە بوو لە حەسەن و حوسەین و وتى ئێوە لەبەر دەرگا بوون و هێشتتان ئەمیری باوەڕداران بكوژرێت؟! ئەوانیش وتیان ئێمە ئاگادار نەبوین بە كوژرانى، عەلى دەستى بەرزكردەوەو بۆگزێكی دا لە حەسەن و داى بەسەر سنگى حوسەینیشدا، قسەشی وت بە موحەممەدى كوڕی طهلحەو عەبدوڵاى كوڕی زوبەیر.[8]

عەلى كوڕی ئەبووطاليب بەشدارى ئەسپەردەكردنى تەرمى عوثمانى كوڕی عەففان بوو، ئەسپەردەكردنەكەش لەنێوان نوێژی ئێوارەو عیشادا بوو هاودەم بە ژمارەیەكی كەمى هاوەڵان كە حەكیمی كوڕی حیزام و زەیدی كوڕی ثابت و عەلى كوڕی ئەبووطاليب و زوبەیری كوڕی عەوام و كەعبی كوڕی مالیك و طهلحەى كوڕی عوبەیدوڵا و ژنەكانى عوثمانى تێدا بوو، شۆردرا و كفن كرا و نوێژی لەسەر كرا، هەندێ لە خەواریجەكان رێیان پێ دەگرتن ودەیانویست تەرمەكەى بەردباران بكەن و دواتر لە گۆڕستانى جوولەكەكان ئەسپەردە بكرێت، عەلى كەسێكی نارد بۆ لایان و رێگری كرد لێیان، چەند جار هەوڵ درا رێ نەدەن لە گۆڕستانى بەقیعیش ئەسپەردە بكرێت، بۆیە لە دەرەوەى بەقیع ئەسپەردە كرا تا كاتێك موعاویە بوو بە خەلیفە ئەو دیوارەى نێوانى لابرد، دواتر تەرمى دوو خزمەتكارەكەى عوثمانيشيان هێنا كە كوژرابوون و لەپاڵ عوثماندا ئەسپەردە كران.[9]



[1] - السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 14363، مصنف عبدالرزاق الصنعاني، الرقم 10754، مسند الشافعي، الرقم 1325.

[2] - مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 15430.

[3] - البداية و النهاية لابن كثير، ج7، ص 167-168.

[4] - البداية و النهاية لابن كثير، ج7، ص 168-169.

[5] - البداية والنهاية لابن كثير، ج7، ص 175.

[6] - العواصم من القواصم.

[7] - البداية و النهاية لابن كثير، ج7، ص 176.

[8] 0 الثقات لابن حبان، ج2، ص 265.

[9] - البداية والنهاية لابن كثير، ج7، ص 190-191.

 1391
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.