دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  هاوەڵانێك كە ناویان (خالید) بووە -1-

خالیدی خوزاعى (رضي الله عنه)

ناوى خالیدەو بە خالیدی خوزاعى ناسراوە،[1] كوڕێكی هەبوو بە ناوى نافع كە فەرموودەى لە باوكیەوە گێڕاوەتەوە.[2]

خالید بەشداربوویەكی بەیعەتى ريضوان بوو.[3]

خالید دەڵێت: رۆژێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەرنوێژی بۆ كردین و نوێژەكەى درێژ نەكردەوە، بەڵام لە دانیشتندا زۆری پێچوو (واتە لە كاتى تەحیاتدا) ئینجا كە لە نوێژ بوویەوە وتمان ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دانیشتنەكەت لە نوێژەكەتدا زۆر درێژ كردەوە، ئەویش فەرمووى: (إنها صلاة رغبة ورهبة سألت الله فيها ثلاث خصال فأعطاني اثنتين ومنعني واحدة، سألته أن لا يسحتكم بعذاب أصاب من كان قبلكم فأعطانيها، وسألته أن لا يسلط على بيضتكم عدوا فيجتاحها فأعطانيها، وسألته أن لا يلبسكم شيعا ويذيق بعضكم بأس بعض فمنعنيها[4] (ئەوە نوێژی ترس و هیوا بوو، تیایدا داواى سێ شتم لە خواى گەورە كرد و ئەویش دوانى پێ بەخشیم و یەكێكیانى پێنەبەخشیم، داوام لێكرد بە سزاى چەشنى گەلانى پێش خۆتان لەناوتان نەبات، ئەوەى پێ بەخشیم، داوام لێكرد دوژمنێك بەسەر زۆرینەتاندا زاڵ نەكات كە بەسەرتاندا تێپەڕێت-دەستى بەرووتاندا بكاتەوە-، ئەوەشی پێ بەخشیم، داواشم لێكرد پەرتبوونتان تووش نەبێت و نەكەونە وێزەى یەكتر، بەڵام ئەوەى پێ نەبەخشیم).

 

خالیدی كوڕی بوكەیر (رضي الله عنه)

ناوى خالیدی كوڕی بوكەیری كوڕی عەبدیالیلە، چەند برایەكى هەبوو بە ناوەكانى ئیاس و عامیر و غافیل كە ئەوانیش هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوون، خالید یەكێك بوو لەوانەى زۆر زوو موسڵمان بوو، لە غەزاى بەدردا بەشدارى كرد، لە رۆژی رەجیع و لە تەمەنى سی و چوار ساڵیدا شەهید كرا.[5]

 

خالیدی كوڕی ثابتى فەهمى (رضي الله عنه)

ناوى خالیدی كوڕی ثابتى فەهمیە، لە فەتحى میصردا بەشدار بوو و بەرپرسی بەشێكی سوپاى فتوحاتەكە بوو، ئەمەش بەڵگەی هاوەڵبوونیەتى كە عومەرى كوڕی خەططاب تەنها هاوەڵەكانى دەكردە ئەمیری سوپا.[6]

 

خالیدی كوڕی ثابتى ئەنصارى (رضي الله عنه)

ناوى خالیدى كوڕی ثابتى كوڕی نوعمانە، لە پشتیوانانە، لە جەنگى بیئر مەعوونەدا بەشدارى كرد و تیایدا شەهید بوو.[7]

 

خالیدی كوڕی جەبەل(رضي الله عنه)

ناوى خالیدی كوڕی جەبەلە، كوڕێكی هەبوو بە ناوى عەبدورەحمان كە فەرموودەى لە باوكیەوە گێڕاوەتەوە،[8] ئەم هاوەڵە دانیشتووى طائیف بووە، یەكێك بوو لە بەشداربوانى بەیعەتى ريضوان، فەرموودەیەكى لە پێغەمبەرى خواوە(صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە.[9]

 

خالیدی كوڕی حەوارى (رضي الله عنه)

ناوى خالیدی كوڕی حەوارى حەبەشیە، هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو،[10] ئەم هاوەڵە جارێك لەگەڵ ژنەكەى سەرجێیی كرد، دواتر گەیشتە سەرەمەرگ، وەسیەتى كرد وتى دوو جار بمشۆن، شۆردنێك بۆ لابردنى لەشگرانیم، شۆردنێكیش شۆردنى مەرگم.[11]

خالیدی كوڕی حیزام (رضي الله عنه)

ناوى خالیدی كوڕی حیزامى كوڕی خوەیلیدى قورەیشیە،[12] برازاى خەدیجەى كچی خوەیلیدی دایكی باوەڕدارانە.

دایكی كە بە ئوممو حەكیم ناسراوە ناوى فاخیتەى كچی زوهەیر بوو.[13]

خالید برایەكى هەبوو بە ناوى حەكیم كە یەكێكە لە هاوەڵە ناسراوەكانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).

خالید زۆر زوو موسڵمان بوو، لە  كۆچى دووەمى حەبەشەدا بەشداربوو، لە رێی كۆچەكەیدا مارێك گەستى و بەو هۆیەوە مرد،[14] بەڵام گومانێك هەیە لەسەر ئەو چوونەى بۆ حەبەشە كە ئایا بەشدار بووە یان نا.[15]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 257.

[2] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 4002.

[3] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 257.

[4] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 4002.

[5] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 227.

[6] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 228.

[7] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 228.

[8] - معرفة الصحابة لابن مندة، ص 463.

[9] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 228.

[10] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 231.

[11] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 4013، معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 2217.

[12] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 229.

[13] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 119.

[14] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 119.

[15] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2،ص 229.

 
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.