دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  جابیرى كوڕى سەمورە (رضي الله عنه)

ناوى جابیرى كوڕی سەمورەى كوڕی جونادەى كوڕی جوندەبی كوڕی جوحەیرى عامریە، كونیەكەى ئەبووخالید یان ئەبووعەبدوڵایە.

سەمورەى باوكیشی یەكێكە لە هاوەڵانى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)و فەرموودەیشی لە پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە.[1]

دایكی جابیر ناوى خالیدەى كچی ئەبی وەققاصە كە خوشكی سەعدى كوڕی ئەبی وەققاصە.[2]

جابیر هێندە لە خزمەت پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) بووە كە خۆی دەڵێت زیاد لە جار و دووجاریش لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نوێژی هەردوو جەژنەكەم كردووە كە بانگ و قامەتیان نەبوو،[3] ئەمە ئاماژەیە بەوەى جابیرى كوڕی سەمورە ماوەیەكى زۆر لە نزیكى پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) بووە، چونكە وەك دەزانین لە ساڵێكدا دوو جەژن هەیە، ئەویش دەڵێت زیاتر لە دووجار لەگەڵ پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم) نوێژى دوو جەژنەكەم كردووە.

جابیری كوڕی سەمورە دواتر پاش سەردەمى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چوو بۆ كووفەو لەوێ نیشتەجێ بوو و لەوێ خانوویەكى دروست كرد و مایەوە تا لە سەردەمى والیەتى بیشری كوڕی مەروان لەسەر كووفە لە ساڵی حەفتاو چوارى كۆچی لە كووفە مرد،[4] عەمرى كوڕی حريثيش نوێژی مردووى لەسەر كرد، رایەكیش دەڵێت بەڵكو لە ساڵی شەست و شەشى كۆچیدا وەفاتى كرد،[5] ذەهەبی دەڵێت راستتر ئەوەیە لە سەردەمى بیشری كوڕی مەڕواندا مردووە.[6]

لە جەنگى مەدائیندا جابیر بەشدارى كرد و خواى گەورە فەتحى مەدائینی بەخشی بە موسڵمانان،[7] كە جەنگەكە تەواو بوو سەعدى كوڕی ئەبی وەقاص دوو كۆیلەى لە نەوەى كیسراكان بەخشی بە جابیرى كوڕی سەمورە، جابیریش ئەوانى ئازاد كرد.[8]

جابیر دواى خۆی چوار كوڕی جێهێشت كە بریتی بوون لە خالید و موسلیم و ئەبووجەعفەر و جوبەیر،[9] بەڵام ذەهەبی دەڵێت ئەم كوڕانەى لەدواى خۆی جێهێشت (خالید، طهلحە، سالم).[10]

جابیر سەردانى ماڵی پێغەمبەرى (صلى الله عليه وسلم) دەكرد وەك خۆی دەڵێت جارێك چووم بۆ ماڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بینیم پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) شانى دادابوو بەسەر پشتیەكەوە.[11]

سەماكى كوڕی حەرب دەڵێت بە جابیری كوڕی سەمورەم وت ئایا تۆ لە كۆڕی پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) دادەنیشتیت؟ وتى بەڵێ، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زۆر بێدەنگ دەبوو، هاوەڵانى شیعریان دەوت و باسی شتانێكی سەردەمى نەفامییان دەكرد و پێدەكەنین، كە ئەوان پێبكەنینایە پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) بزە دەیگرت،[12] لە گێڕانەوەیەكى تردا هاتووە وتى بەڵێ زۆر جار پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دواى نوێژی بەیانى لە شوێنی نوێژەكەى هەڵنەدەسا تا خۆر هەڵدەهات، هاوەڵانیشى شیعریان دەوت و باسی شتانێكی سەردەمى نەفامییان دەكرد و پێدەكەنین، كە ئەوان پێبكەنینایە پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) بزە دەیگرت.[13]

جابیرى كوڕی سەمورە چەندین فەرموودەى لە پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە.



[1] - البداية والنهاية لابن كثير، ج8، ص 312.

[2] - أسد الغابة، ج1، ص 374.

[3] - صحيح مسلم، الرقم 1517، سنن الترمذي، الرقم 518، سنن أبي داوود، الرقم 982، صحيح ابن حبان، الرقم 2866، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 5764، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 20334.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 431.

[5] - أسد الغابة، ج1، ص 373.

[6] - سير أعلام النبلاء للذهبي، ج3، ص 187.

[7] - سير أعلام النبلاء للذهبي، ج3، ص 187.

[8] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج7، ص 481.

[9] - أسد الغابة، ج1، ص 374.

[10] - سير أعلام النبلاء للذهبي، ج3، ص 187.

[11] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج1، ص 465.

[12] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج1، ص 372.

[13] - البداية والنهاية لابن كثير، ج6، ص 42.

 2590
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.